ڕۆیتەرز: ئاڵای داعش بەسەر باڵاخانەیەکی ڕۆژهەڵاتی کۆبانیوە هەڵ کراوە

کۆبانی-KDP.info- بە گوتەی تەلەڤزیۆنی ڕۆیتەرز و ئەفسەرێکی تورک، تیرۆریستانی داعش توانیویانە، دەست بەسەر باڵاخانەیەکی ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانیدا بگرن و ئاڵاکەیانی لەسەر بەرز بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، کە دەڵێ گرتەیەکی ڤیدیۆیی تەلەڤزیۆنەکەی کە لە بەری سنووری تورکیاوە گیراوە، ئاڵایەکی داعش بەسەر باڵاخانەیەکی چوار قاتەوە دەشەکێتەوە، نزیک ئەو شوێنەی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر توندترین شەڕی تێدا بەرپا ببوو.
ئەفسەرێکی تورک کە نەیویستووە ناوی ببرێت، جەختی کردووەتەوە کە، ئەوەی لەسەر ئەو باڵخانەیەوە دەبینرێ، ئاڵای داعشە.
لای خۆیەوە ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا، ڕەتی دەکاتەوە ڕێکخراوی داعش توانیبێتی دەست بەسەر هیچ گەڕەکێکی کۆبانیدا گرتبێت.
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، تیرۆریستانی داعش توانیویانە دەست بەسەر بەشێکی ستراتیژیی تەپەی مشتەنووری ستراتیژیدا بگرن کە بەسەر کۆبانیدا دەڕوانێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە فڕۆکەی هاوپەیمانان حەوت پێگەی چەکدارانی داعشی لەو دەوروبەرە کردوونەتە ئامانج و زیانی گیانی لێ داون.
شەوی ڕابردوویش(یەکشەممە لەسەر دووشەممە)، هێزەکانی یەپەگە، بە توندی بەرپەرچی هێرشێکی تیرۆریستانی داعشیان داوەتەوە، بە گوتەی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ، لە ئاکامدا 17 شەڕوان شەهید بوون و زیاتر لە 27 تیرۆریستیش کوژراون.
ڕۆیتەرز- زریان زیاد




