٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبانی بەرپەرچی توندترین هێرشی دایەوە.. بۆردوومانی شار بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

کۆبانی-KDP.info-  هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)، شەوی ڕابردوو بەریان بە هێرشێکی تیرۆریستانی داعش گرت، کە دەیانەویست بچنە نێو کۆبانیوە، لە ئاکامدا چەند شەڕوانێک شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە تیرۆریستان کوژران.

ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا، ڕایگەیاند، ئەم هێرشەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کۆبانی، توندترین هێرش بووە کە تێیدا 17 شەڕوان و هێزە کوردییەکانی دی کە هاوتای یەپەگە بەرگری دەکەن، شەهید بوون و زیاتر لە 27 تیرۆریستیش لە دەوڵەتی ئیسلامی کوژراون.
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، لە هەردوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە هێرشیان بۆ سەر کۆبانی بەرپا کرد و دوێنێیش کچەشەڕوانێکیش پاش تەواوبوونی ئەو تەقەمەنییەی کە پێی بووە، خۆی بە چەکدارانی داعشدا تەقاندەوە و ژمارەیەکی لێ کوشتن. بەڵام هێشتا نەزانراوە کە ژامرەیان چەندە.
(ڕامی عەبدوڕەحمان)-ی بەرپرسی ڕوانگای سووریا، ئاماژەی دا، لەو هێرشەی شەوی ڕابردوویاندا، داعش هەوڵی داوە لە دوو بەرەوە بچێتە نێو کۆبانیوە، بەڵام لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە. گوتیشی ئەم بەیانییە(دووشەممە) شەڕ کەمێک هێور بووەتەوە، بەڵام هێشتا بۆردوومانی پچڕپچڕ بۆ سەر شارەکە بەردەوامە.
سێ هەفتەیە، ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش لە هەوڵی چوونە نێو شاری کۆبانی نزیک سنووری تورکیا سەرکەوتوو نەبوون. لەو بەرگرییەدا کە یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) کە باڵی سەربازیی پارتیی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە)-یە، ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان، ڕۆژانە گورز لە مۆڵگەکانی داعش لە دەوروبەری کۆبانی دەوەشێنن، کە مەبەست لێی بەرگرتنە بە داعش لە چوونە نێو کۆبانیوە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.
بە هۆی ئەو شەڕە سەر ناوچەی کۆبانیوە، کە کۆی گوندەکانی دەوروبەری داگیر کراون، نزیکەی 300هەزار کەس ئاوارە بوون و لەو ژمارەیەیش 180هەزاریان چوونەتە باکووری کوردستان.

فڕانس پرێس- زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار