٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش لە کۆبانێ نزیکتر بووەتەوە و گەنجانی "ئەلپارتی"یش بۆ شەڕی ناو کۆڵان خۆیان ساز داوە

سەرچاوە: KDP.info

کۆبانی-KDP.info-  سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان -سووریا دەڵێت، داعش لە کۆبانی نزیکتر بوونەتەوە، بەڵام هێشتا نەچوونەتە ناو شارەوە و گەنجانی کوردیش ئامادەکاری بۆ شەڕی ناو کۆبانی دەکەن و، دەڵێن تا دواھەناسە بەرگری دەکەن.

سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان سووریا(سعوود مەلا) بە kdp.infoی راگەیاند: "ھێرشکردن بۆ سەر کۆبانی لە سێ قۆڵەوە بەردەوامە و بە چڕی ناو کۆبانی بۆردوومان دەکرێت، بەڵام چەکدارە کوردەکان هێشتا بەرگری دەکەن و، ئەم بەیانیەیش فڕۆکە جەنگییەکانی ھێزە ھاوپەیمانەکان مۆڵەگەکانی داعشیان لە دەوروبەری شار بۆردوومان کردوون، سەرەڕای ئەوەش شەڕ ھێشتا بەردەوامە."
سکرتێری ئەلپارتی گوتیشی، "لە رۆژ ھەڵات و قۆڵی قیبلەوە زۆر نزیک بوونەتەوە بەڵام لە قۆڵی رۆژئاواوە دوورن، هەڵبەت بە هۆی بەرگریی ئازایانەی کوردان هێشتا نەیانتوانیوە بچنە ناو شارەوە."
(سعوود مەلا) جەختی کردەوە، "چەکدارە کوردەکان بە ورەیەکی بەرزەوە بەرگری دەکەن و لەئێستادا گەنجانمان ئامادەکاری بۆ شەڕی ناوشار دەکەن و، بە ھیچ جۆرێک ئامادە نین ئەو شارە رادەستی داعش بکەن و پەیمانیان داوە، تا دواھەناسە بەرگری دەکەن."
گوتیشی: "لە ئێستادا ھێزی ئێمە لەلایەن ئەنجوومەنی ناوخۆیی کۆبانیوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و تەنیا ماوە دەستبەکار بن و بەرگری لە کۆبانی بکەن"، دەشڵێت "ژمارەی هێزە ئامادەکراوەکەمان تا رادەیەک زۆرە و کاریگەری خۆی دەبێت."

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار