ئێمینکی: گۆڕان خاوەن بڕیارە چونکە مەرجەعی هەیە.. بەڵێنەکان نەبرێنە سەر، دەبێ کورد جیا ببێتەوە.. ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ سوننەدا هەیە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(جەعفەر ئێمینکی)، دەڵێ، پێوەندییەکانیان لەسەر بنەمای تێگەییشتنی هاوبەشی جەنابی(سەرۆک مەسعوود بارزانی) و (کاک نەوشیروان مستەفا) بینا کراون، کە بێگومان متمانەی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە هۆکاری سەرەکین لە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکان و پتەوتربوونیان.
لە بەشی دووەم و کۆتاییی گفتوگۆی تایبەتیKDP.info–دا، (ئێمینکی) هاوکات گوتی، ئەزموونی تاڵیان لەگەڵ سوننەدا هەیە، هەم هێزە سیاسییەکانیان هەمیش هۆزەکانیان، لە سەردەمی ئەنفالەوە تا ئیستایش ئەم ئەزموونە تاڵە ڕوو لە زیادبوونە، ئەو دەڵێ، بە داخەوە زۆر دەگمەن دۆستت لە نێو هێزە سیاسییەکانی سوننە، کەسایەتی و هۆزەکانیاندا دەست دەکەوێ.
گۆڕان مەرجەعی هەیە بۆیە پێوەندیمان لەگەڵیاندا پتەوە
دەربارەی تۆکمەیی پێوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی دا، "پێوەندییەکانمان لەسەر بنەمای تێگەییشتنی هاوبەشی جەنابی(سەرۆک مەسعوود بارزانی) و (کاک نەوشیروان مستەفا) بینا کراون، بێگومان متمانەی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە هۆکاری سەرەکین لە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکان و پتەوتربوونیان، هاوکات تێگەییشتنێکی هاوبەش بۆ پرسە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەکان و هەروەها دەربارەی ئەو گرفتانەیش کە لگەڵ بەغدا هەمانن، ئەمەیش هەمووی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی، گۆڕان مەرجەعی خۆی هەیە و خاوەنی بڕیارە، دیارە لە نێو پارتییش (کاک مەسعوود) مەرجەعە و خاوەنی بڕیارە، ئەمەیش هۆکاری بنەڕەتین کە تۆ بتوانی پێوەندییەکان ئاسایی و بەرەو پێش ببەی.."
ئەو نەیشاردەوە کە لە نێو گۆڕان و پارتییش هەندێ جار گرفت دروست دەبن و لێدوان و بیروڕای سەیر بە دی دەکرێن کە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکان ناکات، بەڵام هەردوو سەرکردایەتی بە یەک ڕسپاردە ئاسایی دەکەنەوە و چاکی دەکەنەوە، ناهێڵن ئەو جیاوازیانە کەڵەکە ببن، زیاتر گوتی "من داهاتوویەکی باش لەو پێوەندییانە دەبینم.. بە دڵنیاییشەوە ئەو پێوەندیانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانی دروست بوون، هەڵبەت ئەوە نییە کە خەڵکانێک دەیانەوێ لێکدانەوەی جیاوازتری بۆ بکەن، بەڵکە پێوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانین و، دروستکردنی میحوەرێک بەرانبەر بە میحوەرێکی دی نییە. هەردوو لایش، پارتی و گۆڕان لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن پێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتییش ئاسیی بکەنەوە."
گوتیشی، "ناڵێم حیزبی تر ڕۆڵیان نییە یان لاوازە، بەڵام سێکوچکەیەک هەیە، سێکوچکەی عەلمانی یاخوود مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە پارتی، یەکێتی و گۆڕانن، بناخەن بۆ ئەوەی هەرێم لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی تر ببەن، چونکە هێزی سەرەکین و لە ڕووی قەبارە و ڕابردوو و توانای جەماوەریشەوە، گرینگە تەبایییان لە نێواندا هەبێ، بەڵام گۆڕان تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە یەکگرتوویی و بڕیار وەرگرتن لە لایەن مەرجەعەکەیەوە."
(ئێمینکی) ڕاشکاوانەیش دەڵێ، "باوەڕم وایە هەروەک چۆن یەکێتیی نیشتیمانی لە سەرەتای دامەزرانییەوە بە نەفەسێکی دژکارانە مامەڵەی لەگەل پارتیدا دەکرد، کە دەیەویست ببێ بە بریتی پارتی کە نەیتوانی ببێ، دواتر پاشگەز بووەوە و بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان هاتەوە مەیدان، گۆڕانیش سەرەتا نەفەسێکی دژکارانەی هەبوو، بەڵام بە خۆیدا چووەوە و زانی کە ناتوانێ ببێ بە بریتی پارتی و هەتا یەکێتییش، گەییشتە ئەو باوەڕی کە واقیعبین بێ و بە پێوەندییەکانیدا چووەوە و ئەوەی لێ وەبەر هات کە دەیبینین، دیارە هەر کەس بەرنامەی خۆی هەیە و دەیەوێ بەدیلی ئەوەی دی بێ، بەڵام پارتی و هەموو حیزبەکانی دیکە ئەم بەرنامەیەیان هەیە."
بەڵێنەکان نەبرێنە سەر، دەبێ کورد جیا ببێتەوە
دەربارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراق و، دەنگۆی پاشگەزبوونەوە لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان، لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ بە ئارامی هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان کوردستان بە هۆی هەڕەشە و هێرشەکانی داعشەوە، (جەعفەر ئێمینکی) ڕایگەیاند: "هاوکێشەیەک هەیە و بەپێی ئەو هاوکیشیەیش هێزە سیاسییەکان ڕێککەوتنێکیان هەیە، کە ئەگەر لە بەغدا پرۆسەی سیاسیی بەڕێوە ببرێت، ئەو کۆسپانەی پێشتر لە بەردەمی بوون، نەمێنن، ئەوا کورد پەلە لە پرسی سەربەخۆیی ناکات، هەڵبەت مافی خۆیەتی، بەڵام پەلەی لێ ناکات.. تۆ کە هیچ گەرەنتیێکت نییە حوکمێکی دیموکراتی لە بەغدا بەڕێوە ببرێت، ئەگەر بە ڕێگەی دیموکراسی نەبێ و ببێتە زۆرینەی عەرەبی و کەمینەی کوردی، ئەمە بە واتای دیکتاتۆریەتێکی دیکەیە، لەبەر ئەوە کورد ئەمەی قبووڵ نەکردووە و ئێستایش قبووڵی ناکات، قبووڵنەکردنیش بە واتای هاتنە پێشەوەی حاڵەتی لێکترازانە، ئەم لێکترازانەیش دوو، سێ، پێنج ساڵ دەخایەنێ، تۆ ناچار دەبی لە بەغدا جیا ببیتەوە.. چونکە کارێکت لەوێ نامێنێ، لە بەغدا گوێ لە دەنگت ناگیرێ و لە بڕیارداندا بەشدار نابی و شەریکێکی ڕاستینە نیت و لە پەرلەمانیش هەر شتێک بە زۆرینە تێدەپەڕێندرێ و بە زۆرینە خۆیان دەسەپێنن و بودجە نانێرن و مامەڵەیەکی میزاجیت لەگەڵدا دەکەن و ماددەی 140 جێبەجێ ناکەن و پێشێلی دەستوور دەکەن، بودجەی پێشمەرگە نادەن، کەواتە چیت دەمێنێ لەگەڵ بەغدا، حاڵەتی جیابوونەوە دەبێ بە ئەمری واقیع و ناچاری ئەنجامی بدەی.."
زیاتر گوتی "بەڵام ئەگەر بڕیار بێ، حوکمی عێراق دیموکراتیانە بەڕێوە ببرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان خۆی بە بەشێک لێی دەزانێ و ئەو کاتیش لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمدا دەبێ، بە مەرجێک شەریکێکی ڕاستینەی حوکمڕانەتیی بین لە عێراقدا و مەبدەئی تەوافوق بەرجەستە ببێ، ئەوکات بۆ پەلە لە سەربەخۆیی دەکرێ، پەلەی لێ ناکرێ.. باوەڕ ناکەم کەس بڵێ با پەلەی لێ بکەین، بەڵام ئێمە لە بەشداریکردنمان لە حکوومەتی نوێی فیدڕاڵ، سێ مانگمان لە پێش هەن وەک دەرفەت بۆ (عەبادی)، ئەگەر لەو سێ مانگەدا گرێکوێرەکان نەکرانەوە و چارەی کێشەکان نەکرا و بەڵێنەکان نەبرانە سەر، کورد چیی بکات؟، لە وەڵامدا دەڵێم دەبێ کورد جیا ببێتەوە."
ئەو جەختیشی کردەوە کە "هێزە سیاسییە کوردستانییەکانیش کۆکن لەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێ، هەڵوێستی هەندێکی ئەو هێزانە لە هەڵوێستی پارتییش توندتر بووە"، زیاتر ڕوونی کردەوە، "پێشتر ئەگەرچی دەگوترا لە پرسی جیابوونەوەدا هەڵویستی پارتی توندە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ڕوونە هەڵوێستەکانمان نەتەوەیین، بەڵام کەسانێک لە نێو هێزە سیاسییە کوردستانییەکاندا هەن، هەڵوێستیان زۆر لە هیی پارتی توندترن، ئەوان لە بەغدا لە پارتییش توندتر ڕووبەڕووی ئەو کێشانە دەبنەوە، لەو چەند ڕۆژەی ڕابرد سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر بوو، بینیمان هەڵوێستی هێزە ئیسلامییەکان لە هیی پارتی، یەکێتی و گۆڕان توندتر بوو، بەوەی کە تا کەی لە بەغدا گەمە بە چارەنووس و قووتی خەڵکی کوردستان دەکرێ.. بۆیە من وای دەبینم کە بابەتی جیابوونەوە دەبێتە بابەتێکی بنەبڕی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و خەڵکی کوردستانیش پشتیوانیی لێ دەکەن و پەرلەمانیش هەڵوێستی ئەرێنی دەبێ، ئەو کاتەیش ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە بە ئەجێندایەکی تایبەت سیاسەت دەکەن، دوور لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق وڵات بەڕێوە دەبەن."
یوئێن و ئەورووپا و ئەمەریکا لە ئەگەری جیابوونەوەمان تێدەگەن، دڵنیام دواتر پشتیوان دەبن
دەربارەی هەڵویستی زلهێزان لە ئەگەری جیابوونەوە، هاوکات ئاگادارکردنەوەیان لەوەی، ئەگەر بەغدا لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا، داخوازییەکانی کوردی جێبەجێ نەکردن، ئێوەی کورد جیا دەبنەوە؟، گوتی، "ئەمە بابەتێکە و پێوەندی بە دیپلۆماسیەتی کوردەوە هەیە.. هەروەها باس لەوە نەکراوە کە کورد دوای ئەمە چیی دەکات. بەڵام کەس چاوەڕوانی ئەوە نییە کورد بەرانبەر بە سیاسەتی بەغدا خۆی بەدەستەوە بدات و کەسانێک لە بەغدا چۆنی بیانەوێ وەها ڕەوتار لەگەڵ کورددا بکەن، کەسیش ئەو چاوەڕوانییەی نییە کورد هێندە بە ئاسانی ئەمە قبووڵ بکات، کورد دەبێ هەڵوێستی و ئەمەریکا و ئەورووپایش ئەو چاوەڕوانیانەیان نییە ئێمە هەرچیی بەغدا گوتی قبووڵی بکەین، نەیارانی کوردیش پێیان وا نییە کورد خۆی تەسلیم بە ئیرادەی بەغدا بکات.. دەبێ بزانرێ کە ئەوەی لە 2003 بە دەستمان هێناون، کەمترین مافەکانی کوردن و ناشێت تۆ واز لەوە بێنێ کە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کە بەشێکی لەتکراوی کوردستانن، تۆ نەهێڵی ئەمانە بگەڕێنەوە سەر کوردستان، چ لۆژیکێک ئەمە قبووڵ دەکات.. چەندان ساڵە ئەو ناوچانە چاوەڕوانی ڕیفراندۆمن، ڕەوایە تۆ سەرباری ئەمانە ماددەی 140-ت قبووڵ بێ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بیانگێڕیەوە، هەر قبووڵیان نەبێ، ئەمانە هەموو لە کاتێکدان کە دیپلۆماسیەتی کوردی هەنگاوی باشی ناون و لە ئاستێکی بەهێزدان، بەڵگەیش بۆ ئەمە هاتنی وڵاتانی دنیایە بۆ هاوکاریکردنی کورد، ئەگەر لەپێناوی شەڕی دژی داعشیش بێ، بەڵام ئەوان دەزانن کە کورد پرۆسەیەکی دیموکراسی هەیە و، نەتەوەیەکی ستەمدیتەن، ئەگینا نەدەهاتن. بۆیە ئەوان گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە، لە ئەگەری چارەنەکردنی کێشەکان، کورد بڕیار بدات و لە بەغدا جیا ببێتەوە، ئەوا یوئێن و ئەورووپا و ئەمەریکا لە وەها بڕیارێک تێ دەگەن، ناڵیم کە ڕاستەوخۆ، بەڵام دڵنیام دواتر پشتیوان دەبن."
عەبادی شایستەی دەرفەتدانە
ئەو دەڵێ، (عەبادی) شیاوی ئەوەیە دەرفەتی بدرێتێ، "بێگومان پێم وایە کە ئەگەر بوێر بێ، لە توانایدا دەبێ هەرچیی کێشەی نێوانمان هەن لە ماوەی سێ مانگدا چارەیان بکات، بەڵام ئەمە وابەستەی بڕیاروەرگرتنی ئەوە، ئەوانەی لە دەوروپشتی ئەون چۆن کاریگەرییان بەسەرەو دەبێ. بۆچییش هێشتا هەنگاوی کردەنی پێوەست بەو پرسانە نەناوە، بۆ منیش جێی پرسیارە و وەک هەر هاووڵاتیێکی هەرێمی کوردستان لەو نهێنییە تێناگەم، لەو 20 ڕۆژەدا چیی کردووە و چیی دەکات و! کاری لەپێشینەی ئەو پیاوە چییە؟ ئەگەر داعشە ئەوا کورد بەر لە ئەوان شەڕی داعش دەکات و ئەو ترسەیشی کە پێشمەرگە هەیانە ئەوا لە لەشکری عێراق نییانە، ئەو پیاوە بۆ هەنگاوێک بۆ پشتیوانی هیزەکانی پێشمەرگە نانێ؟ ڕاستە هەندێ ئاسانکاری کردوون، بەڵام هەر فەرمانبەرێکی وەزارەتی گوازتنەوەیش دەتوانێ هەمان کار بکات کە (عەبادی) کردوونی و ئەرکی ئەو نین، لە ڕێدان بە هاتنی بە فڕۆکەی هاوپەیمانان لە گوازتنەوەی چەک بۆ پێـشمەرگە. بەڵام بە داخەوە ئەو کەسایەتییە، یان بەرچاوڕوونی نییە، یاخوود گوشاری بەسەرەوەیە کە شتێکی ئەوتۆی نەکردووە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ماوەیەکی بە نرخی لە دەست خۆی داوە."
(مالیکی) کە دۆستی دوێنێمان بوو، وەها گۆڕا بە تۆپ و تانک قسەی لەگەڵ کورد دەکرد؟
پرسی پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تورکیاوە، کە زۆر جار بە پێوەندی پارتی تورکیا ناو دەبرێ، هەروەها دەگوترێ کە ئەگەر لە جیاتی تورکیا نێوانمان لەگەڵ بەغدا خۆش بوایە، ئەوا بە مافەکانمان دەگەییشتین، (ئێمینکی) لەو ڕووەوە دەڵێ، "خوێندنەوەی میزاجییە و بابەتی و بێلایەنانە نییە، خۆ پێشترش عێراق لەوێ بوو و بۆریی نەوتی بۆ تورکیا کێشاوە، هەروەها بۆریی نەوتی بۆ سووریا بردووە، هەرێمی کوردستان کە بەپێی دەستوور مافی ئەوەی هەیە، بۆریێکی نەوتی ڕاکێشاوە، دنیا وێران نەبووە، بە پێچەوانەوە عێراق سوودی زیاتر لەو نەوتە دەبینێت، بەڵام سەرباری هەبوونی پێوەندیی پارتیی داد و گەشەپێدانی تورکیا بە کۆی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانەوە، بەڵام هەن دەیانەوێ لەسەر ئەم پرسە کار بکەن کە مەبەست لێی درزخستنە نێو ڕیزەکانی هێزە سیاسییەکانە، بۆ ئەوەی دابەش ببن و هەندێک لەسەر ئێران و هەندێکیش لەسەر تورکیا قسە بکەن، ئەمە خوێندنەوەیەکی ڕەوا نییە و بە دڵنیاییەوە میزاجییە. بۆیە دەڵێم، بەر لە 2003 لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و دواتریش لەگەڵ حکوومەت، هەرچی گرەوێکمان هەبوو لەگەڵ حکوومەت کردمان، هەموو هەوڵێکمان دا بەڵام چیمان بەدەست هێنا؟ دەڵێم هیچ. چونکە ئەوەی کردوومانە بە دەستی خۆمان کراون، سەرباری ئەوەیش، لە نائومێدی نییە، بەڵام تا ئەم ساتەیش چاومان لە بەغدایە، بەڵام چاومان لە ئانکارا و تاران نییە، ڕاستە بە چاوی دۆستایەتییەوە لە ئەوان و شوێنی تریش دەڕوانین، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بەغدا نەبینین، هیچ نەماوە لەگەڵ بەغدادا نەیکەین، تا بە کۆی لایەنەکانەوە کورد هەوڵی پاراستنی بەغدا و فەللوجەی داوە، کە خەڵکانێک لە بەغداوە نەیانتوانیوە شەو لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە تا پێشمەرگە نەچووە بەغدا، پێشمەرگە تا فەللوجەیش چوو و شەڕی تیرۆریستانی بۆ بەغدا کرد، بەلام بەغدا ئەمەی بە هەند نەگرت.. هاوکات لە هەندێ پرسی زۆر ئاسایی کەوتینە گومانەوە لە خەڵکانێک لە بەغدا لە ئەوانەی کە دەیانەویست بە تۆپ و تانک قسە لەگەڵ کورددا بکەن، هەموو ئەمانەمان لە زوممار و خانەقین بینی، لەو کاتەوە کەوتینە گومانەوە، کە دۆستەکانی دوێنێمان وەک جاران نەماون.. کەسێکی وەک (مالیکی) کە دۆستی دوێنێمان بوو چۆن وەها گۆڕا کە بیەوێ بە تانک لەگەڵ کورد قسە بکات؟"
زیاتر گوتی، "دەیڵێمەوە کە هێشتا چاومان لە بەغدایە بەپێی دەستوور مافەکانمان بدات، بەڵام کە نەیکات، ئێمەیش منەتمان بە بەغدا نییە. ئەو کاتە چاومان لەسەر هەولێر دەبێ و دونیایش چاوی لە ئێمە دەبێ."
ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ سوننەدا هەیە
بەڕەچاوگرتنی ئەوەی کە ڕەنگە پاش وەدەرنانی داعش لە ناوچەکە و ئەگەری دامەزراندنی هەرێمێکی هاوشێوەی کوردستان لە ناوچە سوننەکان، زۆرێکی کوردستانیان باوەڕیان وایە، لە پاڵ شەڕی داعشدا ئەوەی عەرەبی سوننەمەزهەب لە ڕێی هۆزەکانیانەوە بەرانبەر بە کورد کردیان بە هێندەی جینۆسایدێکی دیکەیە، بەڵام ڕەنگە دراوسێیەتی لەگەڵیاندا ببێ بە واقیع، ئایا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان پێوەست بە ئەو پرسە چ دەبێ؟، (جەعفەر ئێمینکی) دەڵێ، "باوەڕم وایە کە کورد دەستبەرداری باوەڕبوونی بە پرەنسیپەکانی بەڕێوەبردنی ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا نابێ، بە عێراقیشەوە.. ڕاستە ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ سوننەدا هەیە، هەم هێزە سیاسییەکانیان هەمیش هۆزەکانیان، لە سەردەمی ئەنفالەوە تا ئیستایش ئەم ئەزموونە تاڵە ڕوو لە زیادبوونە، بە داخەوە زۆر دەگمەن دۆستت لە نێو هێزە سیاسییەکانی سوننە، کەسایەتی و هۆزەکانیاندا دەست دەکەوێ."
زیاتر گوتی، بە داخەوە هۆزە عەرەب و ئەحزابەکانیان کە بە هەزاران چەکداریان هەن و هەمیشە گوتوویانە داکۆکی لە ناوچەکەمان دەکەین، لەو کاتەدا نەیانویست ئافرەتانی ئێمە لە چنگ داعش دەرباز بکەن، نەیانتوانی جوامێرانە لە ڕووی مرۆییەوە خزمەتێک بە کورد بکەن، باشە ئەگەر لە وەها تەنگانەیەکدا نەیەنە دەست ئەی کەی دێنە دەست، چۆن متمانەمان بە ئەو خەڵکانە هەبێ کە دەبنە دۆستی ئێمە. ئێمە دەزانین کە ئەو ئافرەتانە لە نێو هۆزەکاندا فرۆشراون، بە داخەوە کە نەیانتوانی لە کارەساتی شنگالدا هاوکارمان بن، ئەگەر یارمەتییان داباین دۆخەکە وەک ئێستا نەدەبوو. هەڵبەت لە نێو شیعەیشدا دۆستمان زۆر بوون، بە داخەوە زۆر هەبوون متمانەمان پێیان هەبوو، بەڵام وا دەرنەچوو کە چاوەڕوانیمان لێیان هەبوو."
هاوکات دەڵێ، "لەگەڵ ئەوانەدا کە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوور نەبووبێت، توانای پێکەوەژیانمان دەبێ، چونکە هەندێکیان هەن ڕۆڵیان بینیوە، بە نموونەی هۆزی شەممەر کە چۆن شانبەشانی پێشمەرگە لە هەندێ ناوچە شەڕیان دژ بە داعش کردووە، لە هەندێ ناوچەی دی، دیسان ئەگەر بۆ بەرژەوەندی یاخوود بە هۆی ئەمری واقیعەوە بووبێ، ڕۆڵی ئەرێنییان هەبووە. سەرباری ئەمانەیش چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە پاش هێوربوونەوەی دۆخەکە، هێزە سوننەکان لەگەڵ داعش لێک جیا بکرێنەوە، ئەوە دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ هەنگاوەکانی دواتری ئێمە."
پێوەست بە ئەو عەرەبانەیشی کە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانن و چوونە پاڵ داعش و تاوانیان ئەنجام داوە (جەعفەر ئێمینکی) گوتی، "هەڵبەت دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی کورد، کۆمەڵکوژی و دڕندانەترین تاوان کە هەندێکی هۆزە عەرەبەکان ئەنجامیان داون، سزای بەدواوەیە و، لێخۆشبوون و پێکەوەژیان لە ڕووی سیاسی و جڤاکیشەوە لەگەڵ ئەواندا نییە. دەبێ بەپێی یاسا سزا بدرێن."
ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەداییکبوونی دەوڵەتێکی نوێ بە پێویستیێکی هەنووکەیی بزانن
دەربارەی سەنگی هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا، دەڵێ، "هەرێم شەریکێکی کردەنیی نێودەوڵەتییە لە دژ بە داعش و کاریگەرن لە لەناوبردنی داعش. ئەمە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی مێژووییە لەوەی کە کورد توانی لەو هاوپەیمانەتییە نێودەڵەتییە ببێتە شەریکێکی زۆر کاریگەر، ئەو هێزەیشی کە لە گۆڕەپانەکەدا شەڕی لەنێوبردنی داعش دەکات، لەشکری عێراق نییە، لەشکری سووریا و هێزەکانی دیکە نین کە لە ناوچەکەدا هەن، بەڵکە ئەوە هێزی پێشمەرگەیە. پێشمەرگەیە کە لە مێدیای جیهانیشدا پێشمەرگەی کوردستانە باس دەکرێ نەک هێزی تر، ئەمە سەروەرییە بۆ کورد کە شەریکە، کەواتە لە ئایندەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ، ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاسایی و باشتر لە پێشوو مامەڵەی لەگەڵدا بکات و لەداییکبوونی دەوڵەتێکی نوێ بە ئاسایی وەر بگیرێ و بە پێویستیێکی هەنووکەییشی بزانێ."
پارتی گۆڕانکاری دەکات
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن(جەعفەر ئێمینکی)، لە باسی گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەیدا دەڵێ، داعش و پرۆسەی سیاسیی عێراق کەمێک دوایخستوون ئەگینا تا ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکارییان لە ئۆرگانەکان و بە تایبەت لە لقەکاندا دەکردن.
(ئێمینکی) هەروەها گوتی، "هەندێ گۆڕانکاری کە وەها بڕیار بوو بکرێن، بەڵام دواکەوتن.. هەڵبەت لەم ڕۆژانەیشدا هەندێ پرسیار هاتوون، نموونەی گۆڕانکاری لە لقەکاندا، پێشنیازی تر و ئاڵوگۆڕی تر دەکرێن دوای شەڕی داعش بەو پرسانەدا دەچینەوە."
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی هاوکات ئاشکرای کرد کە، گۆڕانکاری لە لقەکاندا، لقی 12، لقی 11، کە ماوەیەکە کەسێک بە وەکالەت کاروبارەکان بەڕیوە دەبات، لقی 21 و لقی 4، هاوکات بەرنامەمان بۆ هەولێر و سنووری گەرمیان و بادینانیش هەیە."
پێوەست بەو پرسیارەی کە هەمیشە دەگوترێ، ئەو گۆڕانکاریانەی پارتی دەیانکات، جێگۆڕکێی کەسەکانە، بە هێندەی ئەوەی لە ڕێکخستنەکانیدا بیانکات، گوتی، "ئێمە لە پارتی، دوای دیراسەیەکی زۆر، گەییشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێ گۆڕنکاری بنەڕەتی، لەنێو ڕێکخستنەکاندا بکرێن، ئەمەیش بەوە دەکرێ کە، هەڵبژاردنێکی نوێ ساز بدرێ و پەیکەرێکی نوێ بێتە کایەوە، هەڵبژاردنی سەرتاسەری ئەنجام درا و دواتر لە لایەن مەکتەبی ڕێکخستنەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و دەرکەوت کە، دەرهاوێشتەی نەرێنیی زۆری هەن، بۆیە بە پێویست بینرا کە دەبوایە دیراسەی وردتر بکرێ، ئەگینا دەبێ ئەنجامە نەرێنیەکانی زوو چارە بکرێن کە بەداخەوە نەکران."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "هەر گۆڕانکارییەک کە بکرێ دەبێ دیراساتی وردی بۆ ئەنجام بدرێ، ئەو دیراساتەیش دەبێ کولتوور و پێوەندییە جڤاکی و ئابوورییەکان و دۆخی سیاسییش لە بەرچاو بگیرێن، دەبێ پەنا بۆ کەڵکوەرگرتن لە توانستی هەندێکی زانکۆکان وەر بگیرێت"، گوتیشی، "پارتی کادیری بژاردەی باش و بە توانای هەن، لەم دۆخەیشدا گۆڕانکارییە پێویستەکان ئەنجام دەدەین و ئەوانی دیکەیش پێویستیان بە دیراسەی وردتر هەیە و بۆ ئەمە پلانمان هەیە، هاوکات ئێمە دەزانین کە چینی گەنجان لە نێو پارتیدا ئامادەییان هەیە و چیی بکەین تا ئەوان ڕۆڵی خۆیان ببینن."
(ئیمێنکی) ددانیشی ناوە بەوەی کە، "گەنجانمان کە دێنە نێو ڕێکخستنەکانمانەوە، یان شوێنی شیاو ناگرن یانیش پەراوێز خراون، ئەمانە دەبێ چارە بکرێن، ڕۆڵی ئافرەتان بە هەمان شێوە زۆر لاوازە، ئامانجیشمان ئەوەیە کە بوار بە گەنجان و ئافرەتان بدرێ تا چالاکییەکانیان لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پەرە پێ بدەن، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستن ڕاپۆرتمان بۆ دێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین و دەزانین کە چالاکییەکان لە سەر هەست و دەروونی خەڵک چ ڕۆڵ و کاریگەریێکی بووە، بێگومان ئەو کاریگەرییەی نییە کە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بن، بەڵکە زۆر فۆرمگرتوو و کلاسیک و سنووردارن، بەڵام ئەوەی پێی گەییشتووین ئەوەیە کە، پارەیەکی زۆر لەو بوارانەدا خەرج دەکرێ بێ ئەوەی ئەنجامەکەی لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بێ، ئەمەیش پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە و بە دەست گەنجیش دەکرێ، چونکە ئەو وەچەیەی کە خزەمەتێکی زۆری بە ڕێخستنەکانی پارتی کردووە، سەروەر و پێشەنگن لە خەباتی نێو پارتیدا بەڵام ناتوانن ئەو کارانە بکەن و لەسەر دەستی ئەوان بە ئامانج ناگات، هەڵبەت توانست و وزەی نوێ لە ناو پارتیدا هەن و من بڵێم کە ئێمە دەیکەین، ناتوانین، چونکە ئەو وەچە نوێیە کە ئامادەیی تەواوی خزمەتکردنی هەیە، باشیش دەزانێ کە لە ململانێكانی نێو کۆمەڵگەدا چ چالاکییەک ئەنجام دەدات و چۆن ئاوێتەی دەورووبەری دەبێ، بۆیە دەبێ ڕێ بۆ ئەو نەوە نوێیە بکەینەوە، هەڵبەت نەکردنەوەی ئەو ڕێگایەیش دوامان دەخات.. گۆڕانکارییش نەکەین گوناهێکی گەورە دەبێ."
گفتوگۆی KDP.info




