کردەیەکی چەکدارە شیعەکان پاشگەزی کردوونەتەوە.. داعش بە نیاز بووە لە جەلەولا بکشێتەوە

جەلەولا-KDP.info- سەرچاوەیەک لە خانەقین ئاشکرای دەکات، داعش نیازیان وا بووە لەم جەژنەدا لە شارۆچکەی جەلەولا بکشێنەوە، بەڵام بە ھۆی رووداوەکەی چیای حەمرینەوە بەرنامەکەیان گۆڕیووە و لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە. گوتیشی لە ئێستادا ناوچەی جەلەولا ئارامە.
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە kdp.infoی راگەیاند: "ھەفتەی پێشوو چەکدارانی شیعە، 16کەسی سوننەیان لە جەلەولا رفاندبوون و دواتر کوشتبوویانن، دواتر چەکدارانی داعش لە ناوچەی سدوری نزیک چیای حەمرین، جلی خۆیان گۆڕیبوو بۆ جلی سوپای عێراق و، چووبوونە ناو سریەیەکی سوپای عێراقەوە و بە تەواوەتی دەستیان بەسەردا گرتبوو."
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) گوتیشی، "بەپێی زانیارییەکان، لەو دەستبەسەرداگرتنی سریەیەی هێزەکانی عێراقدا، 36 سەربازی سەربڕیبوو و ئەوانی دیکەیشیان بە دیل بردوون، جگە لەمەش داعش بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنی لەو شوێنە دەست دەست کەوتووە."
بەرپرسی لقی 15-ی پارتی، زیاتر گوتی، "داعش و بە تایبەت ھۆزەکانی عەرەب نیازیان بووە لە جەژنی قورباندا لە جەلەولا بکشێنەوە، بەڵام بە ھۆی ئەو رووداوەوە نەکشاونەتەوە و تاوەکو ئێستا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە."
ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، چونکە کێشەکە لە ئێستادا بووەتە کێشەی سوننە و شیعە، جارێ ئەستەمە داعش لە جەلەولا بکشێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




