٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ئاڵای کوردستان خۆیان لە گورزی فڕۆکەکان دەپارێزن.. لە ڕەبیعە زیاتر لە سەد تەرمی داعش جێ ماون و دیلیشیان هەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ھێزی پێشمەرگە لە تەواوی میحوەرەکان لە ئامادەباشی تەواودایە و، چەند گورزێکی کوشندەیشیان لە داعش وەشاندووە و زیانیشیان پێ گەیاندوون و گەشبینیی خۆیشیان پێشان دا کە لە ماوەیەکی نزیکدا مژدەی سەرکەوتن دەدەنە خەڵکی کوردستان.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال(قاسم سمێر) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە ئێستادا ئەوان لە چیای شنگال لە ئامادەباشی تەواودان و، چەک و خواردنیان لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە بە دەست گەیشتووە، کە چەکی قورسیشیان تێدایە"، دەشڵێت "لە ماوەیەکی نزیکدا شنگال رزگار دەکرێت."
(قاسم سمێر) ئاماژەیشی دا، "لە ئێستادا لەناو شنگال و دەوروبەری، ژمارەی چەکدارە تیرۆریستەکان زۆر نین، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچانە کە عەرەبن لەگەڵ داعشدان و لە ترسی بۆردوومانکردنی فڕۆکەیش ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان ھەڵ دەکەن."
گوتیشی، لەئێستادا ھیچ شەڕێک نییە و جارجار یەکتری بۆردوومان دەکەن، بەڵام هێشتا ھێرشیان نەکردووە.

میحوەری ڕەبیعە.. زیاتر لە سەد تەرمیان لێ جێ ماوە.. دیلیشیان هەن

لای خۆیەوە بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار کە ئێستا لە میحوەری ڕەبیعەیە (حەسەن خەلۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە ئێستادا رەبیعە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کراوە و، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشی تەواودان و لە ماوەیەکی کەمدا، تەواوی ناوچەکە بە زومماریشەوە کۆنترۆڵ دەکرێنەوە و، مژدەی سەرکەوتنێکی گەورەیش دەدەینە خەڵکی ھەرێمی کوردستان."
(حەسەن خەلۆ)گوتیشی، ئەمڕۆ لە نزیک ناوچەی عوێنات، ھێزی پێشمەرگە بەبێ زیان دوو گوندی دیکەیان کۆنترۆڵ کردوون و چەکدارانی داعش نەیاتوانیوە بەرگری بکەن و ھەڵاتوون، چونکە توانای بەرگریکردنیان نەماوە و زۆر بێھێز بوون."
(خەلۆ) زیاتر گوتی، "لە ئەکامی ئەو ھێرشە ژمارەیەکی زۆری چەکدار کوژراون و زۆرێک لە تەرمەکانیان جێ ھێشتوون."
رونیشی کردەوە، جگە لەمە، ژمارەیەکی زۆری تەرمی داعش لە ناوچەی ڕەبیعە جێ ماوەن کە ژمارەیان زیاتر لە سەد تیرۆریستە و لە شەڕی چەند رۆژی رابردوودا لەسەر دەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کوژراون، ھاوکات دوو دیلی ئەوانیش لە دەست ھێزی پێشمەرگەدایە."

میحوەری ناوەران
بەرپرسی لقی نۆی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە میحوەری ناوەران(سەربەست تروانشی) بۆ kdp.infoگوتی، "لە میحوەری ئێمە جووڵەی چەکداران زیاد ببوو، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی ئێمە بە توندی بۆردوومان کراون و زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام قەبارەی زیانەکان نەزانراون."
گوتیشی، ئەوان بە ھیچ جۆرێک ناتوانن ھێرش بکەن و ئەگەر ھێرش بکەن، ناتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە پێگەی پێشوویان."

میحوەری مەخموور

لای خۆیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور(سەلیم سورچی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ناوچەی مەخموور زۆر ئارامە و چەکدارانی داعش جووڵەیان نەماوە و ھەر جووڵەیەکیش بکەن، لەلایەن ھێزەکانی پشمەرگەەوە بۆردوومان دەکرێن و، لەئێستایشدا ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشی
تەواودان."

داقووق
لەبارەی بارودۆخی داقوق لە سنووری کەرکوک، بەرێوبەری ئاساییشی داقووق موققەدەم (پۆڵا ئەحمەد) بە kdp.infoی راگەیاند، "لەئێستادا دۆخی ناوچەکە ئارامە و، تەنیا ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی داعش نیازی ھێرشکردنی ھەبوو، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە تەقەی لێ کرا، دواتر ئەوانیش بە ھاوەن ھێزەکانی پێشمەرگەیان بۆردوومان کرد، بەڵام ھیچ زیانێکی نەبووە و ناوچەکە لەئێستادا ئارامە."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار