٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەسەر کۆبانیدا دەڕوانێ.. داعش بەشێکی تەپەی مشتەنووری داگیر کرد

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، بەشێکی ئەو تەپە ستراتیژییەیان داگیر کردووە کە بەسەر شاری کۆبانیدا دەڕوانێ، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە، پێگەکانی داعش لە ناوچەکە بۆردوومان دەکات، کە بوونەتە هۆی بەرگرتنی تیرۆریستان لە چوونە نێو شارەکە، ئەمە گوتەی ڕوانگای سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانە.
ئەم سەرلەبەیانییەیش یەکشەممە، بۆردوومانی کۆبانی دەستی پێ کردووەتەوە ئەمەیش پاش کەمێک هێوربوونەوەیەکی کەمی وەستاندنی تۆپباران لە لایەن داعشەوە.
بەرپرسی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا(ڕامی عەبدوڕحمان) بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، لە ماوەی شەوی ڕابردوودا توانیویەتی دەست بەسەر بەشی باشووری تەپەی (مشتەنوور)-دا بگرێت کە بەسەر بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانیدا دەڕوانێ."
زیاتر گوتی، "بۆردوومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان توانیویانە بەر بەو هێرشەی داعش بگرن بۆ چوونە نێو شار"، ئاماژەیشی دا، "شەو هاوپەیمانان هەڵمەتێکی نوێیان بەرپا کرد و حەوت مۆڵگەی داعشیان کردوونەتە ئامانجی مووشەکەکانیان لە (مشتەنوور) و دەوروبەری، کە بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی گیانی بە چەکدارانی داعش."
چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی هاوکات لەگەڵ بۆردوومانی چڕ و شەڕی سەخت لە شەوی ڕابردوودا لە هەردوو بەرەی شەڕی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی، هێرشیان بە مەبەستی چوونە نێو کۆبانی بەرپا کرد، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو ئامانجەیان بهێننە دی.

(مستەفا عەبدی)-ی چالاکوانیش بۆ فڕانس پرێس جەختی کردووەتەوە، "ئەگەر گورزی ئاسمانیی هاوپەیمانان نەبوایە لە ئەمشەودا، ئەوا ئێستا داعش لە نێوەڕاستی کۆبانی بوون"، ئاماژەیشی داوە، "بۆردوومانی پچڕپچڕ بۆ سەر شار هەیە، لە هەر 20 خولەکێک تۆپێک بە کۆبانیوە دەنرێت."
بە گوتەی (ڕامی عەبدوڕەحمان)-یش، "دەوڵەتی دەیەوێ دەست بەسەر تەواوی تەپەی مشتە نووردا بگرێت، ئەگەر لەم هەوڵەیشیان سەر بکەون، ئەوا کۆبانی بە تەواوی دەکەوێتە گۆڵی بۆردوومانی چەکدارانی داعش، چونکە ئەو تەپەیە بەرزە و بەسەر کۆبانیدا دەڕوانێ، دواتر بەکردەنی ئاگربارانی دەکەن و، ئەوکات چوونە نێویەوە کارێکی ئاسان دەبێ."
زیاتر گوتی، "پاش بۆردوومان و هەر هێرشێک، هەردوو لا، هێزەکانیان کۆ دەکەنەوە."
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ، بە هۆی بۆردوومان و هەڵمەتی فڕۆکە جەنگییەکان و شەڕی سەختی نێوانیانەوە، دوێنێ شەممە، 23 شەرڤان شەهید بوون و هاوکات لانی کەم 33تیرۆریستی داعشیش کوژراون.
(عەبدوڕەحمان) دەڵێ، لەوەتەی شەڕ لە کۆبانی بەرپا بووە، ئەگەرچی ئامارێکی دروست بەردەست نییە، بەڵام "سەدان شەرڤان شەهید و شەدان چەکداری تیرۆریستانی داعشیش کوژراون"، هەر بە هۆی ئەو شەڕەوە، زیاتر لە 300هەزار هاووڵاتی کۆبانی ئاوارە بوون.

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار