٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی، دڵتەنگیی هەرێمی کوردستان بە گەلی بەریتانیا ڕادەگەیەنێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان دڵتەنگیی هەرێمی کوردستانی بە سەربڕینی (ئالان هێنین)-ی بەریتانیایی دەربڕی و رایگەیاند، "لەگەڵ هاوبەشەكانیشمان ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین تا ئەو مرۆڤكوژانە بهێنینە بەردەم دادگا".

دوای سەربڕینی (ئالان هێنینگ)-ی بەریتانیایی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) لە پەیامێکدا، دڵتەنگیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو رووداوە دەربڕی و دەڵێت: "ئێمە لە هەرێمی كوردستان جارێكی دی خەمبار بووینەوە، هەروەك چۆن لە كاتی كوشتنی یەكەم هاونیشتیمانیی فریاگوزاریی بەریتانیایی (دەیڤد هاینز) لەلایەن ئەو هێزە نەگریسەی دەوروبەرمان خەمبار بووین. ئێمە بەنێو ئەم جۆرە خەم و ئازارەدا تێپەڕ بووین و دەزانین چەندە سەختە، بەوەی كردەی نامرۆڤانە بەرامبەر ئەو خەڵكە بێگوناهە دەكرێت تەنها لەبەرئەوەی ئەوانە كێن نەك لەبەرئەوەی چییان كردووە. ئێمە سەرەخۆشیی خۆمان دەگەیەنینە خێزانی قوربانییەكان و گەلی بەریتانیا".

هەروەها دەڵێت: "ئەو كارە دڵڕەقانە و بەربەرییانە جارێكی دی سرووشتی راستەقینەی ئەو تیرۆریستانە پیشان دەدات، دەری دەخات خاوەنی هەستی مرۆڤایەتی نین".


دەقی پەیامەکە:

كاتێك خۆبەخشێك كارەكەی، خێزانەكەى و خۆشەویستانی جێ دەهێڵێت و بەرەو وڵاتێكی دوور كۆچ دەكات، تاوەكو هاریكاریی خەڵكی ئاواره و بریندار بكات، ئێمە هەموان دەستخۆشی لێ دەكەین. هەر ئەمەش بوو هاونیشتیمانی بەریتانیایی (ئالان هینینگ) پێی هەستا.

ئەو پیشەكەی خۆی وەك شۆفێری تاكسی، (باربارا)-ی هاوسەری، دوو منداڵەكەی، كەسوكار و هاوڕێكانی و ئاسوودەیی ژیانی سالفۆردی جێ هێشت بۆ ئەوەی هاریكاریی خەڵكی دەربەدەر و ئاوارەی سووریا بكات. ئەوەبوو لە كۆتاییی 2013 رفێنرا و ئێستایش لەلایەن بەناو دەوڵەتی ئیسلامییەوە سەری لە لاشەی جیا كرایەوە. ئەو كارە دڵڕەقانە و بەربەرییانەیە جارێكی دی سرووشتی راستەقینەی ئەو تیرۆریستانە پیشان دەدات، دەری دەخات خاوەنی هەستی مرۆڤایەتی نین.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان جارێكی دی خەمبار بووینەوە، هەروەك چۆن لە كاتی كوشتنی یەكەم هاونیشتیمانی فریاگوزاری بەریتانیا (دەیڤد هاینز) لەلایەن ئەو هێزە نەگریسەی دەوروبەرمان خەمبار بووین. ئێمە بەنێو ئەم جۆرە خەم و ئازارەدا تێپەڕ بووین و دەزانین چەندە سەختە، بەوەی كردەی نامرۆڤانە بەرامبەر ئەو خەڵكە بێگوناهە دەكرێت تەنها لەبەرئەوەی ئەوانە كێن نەك لەبەرئەوەی چییان كردووە. ئێمە سەرەخۆشیی خۆمان دەگەیەنیە خێزانی قوربانییەكان و گەلی بەریتانیا.

ئێمە (ئالان هینینگ و دەیڤد خاینز و ستیڤن سۆتلۆف و جەیمز فۆلی) و هەموو قوربانییە بێگوناهەكانی دەستی بەناو دوڵەتی ئیسلامی و گرووپە تیرۆریستە زاڵمەكانمان لە بیر ناچێت.

لەگەڵ هاوبەشەكانیشمان ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین تا ئەو مرۆڤكوژانە بهێنینە بەردەم دادگا.
 

نێچیرڤان بارزانی 
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
4ی ئۆكتۆبه‌ری 2014

هەواڵی پەیوەندیدار