٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش لە چوونە نێو کۆبانی شکستی برد.. وەشاندنی گورزی هاوپەیمانان لە دەوروبەری کۆبانی بەردەوامن

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  وەشاندنی گورزی سەربازی لە دەوروبەری کۆبانیی گەمارۆدراو، بۆ سەر پێگەکانی داعش بەردەوامە و بە هۆیەوە چەکدارە تیرۆریستەکان لە چوونە نێو کۆبانی شکستیان برد و هێشتا نەیانتوانیوە، وەک خۆیان دەڵێن، نوێژی جەژنی تێدا بکەن.
ئەو هەڵمەتە ئاسمانییە سەربازیانەی کە بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بەرپا دەکرێن، ئەمڕۆ شەممە کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، گورزی دیکەیان لە پێگەکانی داعش وەشاندن کە بیست ڕۆژە کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستانیان گەمارۆ داوە. ئەمە بە گوتەی چالاکوانان و ڕوانگای سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، هەروەها دەڵێ، هەڵمەتی هاوپەیمانان کە لە ڕێی فڕۆکە شەڕکەرەکانیانەوە بەرپا کراون، چەندان تانک و تۆپی داعشیان کردوونەتە ئامانج و تێکیان شکاندوون، کە لە ڕییانەوە بۆردوومانی نێو کۆبانییان پێ دەکردن. سەرباری ئەوەی کە تەنیا چەندسەد مەترێک لێیەوە دوورن، ئەم بۆردوومانە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن بچنە نێو کۆبانیوە.
(مستەفا عەبدی)-ی چالاکوانیش بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هەڵمەتەکانی هاوپەیمانان، زیاتر بۆ سەر بەرەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانی بووە.
ڕوانگای سووریا هاوکات دەڵی، دوێنێ هەینی، چەکدارانی داعشی تیرۆریست لانی کەم 80 تۆپیان لە ناو کۆبانی داون، وەک ڕێ خۆشکردن بۆ چوونە نێو ئەو شارە سترایژییەی کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا.
ئەو ئاژانسە لە زاری چەند شایەتحاڵیکەوە بڵاوی کردووەتەوە، "تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، چەندان ناوچەی کۆبانییان بۆردوومان کردوون، کە مەبەستیان بووە نوێژی جەژن لە نێو شاردا بکەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ئەو ئامانجەیان بهێننە دی."

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار