کەرکووکی: بێهودەیە چاوەڕوانی چارەی کێشەکان بین کە ناکرێت

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان و میحوەری دوبز- کەرکووك، ڕایدەگەیەنێ، "گرینگە پێکەوە کار بکەین و دنیا تێبگەیەنین کە گەلی کوردستان لە ناو سنووری زوڵم و ناعەدالەتی کە ناوی لێ نراوە عێراق، ناتوانێت بەردەوام بێت"، هاوکات دەڵێ، "بێهودەشە چاوەڕوانی چارەی کێشەکان بین کە ناکرێت، با تا تووشی جینۆسایدێکی دژوارتر نەبووین، بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین.
لەو پەیامەیدا کە بە بۆنەی جەژنەوە ڕایگەیاندووە، (د.کەمال کەرکووکی) هاوکات هاوخەمیی خۆی لە گیانسپاردنی کچە شەڕڤانێک ڕادەگەیەنێ و دەڵێ، "سڵاو بۆ گیانی پاکی خوشکی قارەمانمان جەیلان ئۆز کە زۆر سەربەرز و مەردانە خۆی بە شەهادەت سپارد، تا ئەبەد لە دڵمان و لە دڵی هەمو دڵسۆز و دڵپاکێك زیندوو دەمێنێتەوە وەکو گشت شەهیدانی ڕێبازی ڕزگاریخوازی کوردستان، سڵاو لە گیانی پاکیان، جێگایان بەهەشتی بەرین بێت."
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان و خوشک و برا پێشمەرگە سەربەرزەکانمان و کەسوکاری ئەو سەربەرزانەی کە بە ناو ئەنفالەوە شەهید کران ئەم جەژنەش لە گشت خوشک و برا موسلمانەکانمان لە کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز بێت.
هەر لێرەوە جەژنی قوربان پڕ بە دڵ پیرۆز دەکەم بە تایبەتی لە خوشك و براکانمان لە کۆبانی، کە ئەمڕۆ لە بارودۆخێکی دژواردان، سڵاو بۆ گیانی پاکی خوشکی قارەمانمان جەیلان ئۆز کە زۆر سەربەرز و مەردانە خۆی بە شەهادەت سپارد. تا ئەبەد لە دڵمان و لە دڵی هەمو دڵسۆز و دڵپاکێك زیندوو دەمێنێتەوە وەکو گشت شەهیدانی ڕێبازی ڕزگاریخوازی کوردستان، سڵاو لە گیانی پاکیان، جێگایان بەهەشتی بەرین بێت.
گەلێك، خاوەنی هێزێکی قارەمان و سەربەرزی وەک هێزی پێشمەرگە بێت، بە دڵنیایی ئەو گەلە خاوەن دوارۆژی ڕووناک دەبێت.
ئومێدەوارم ئەمجارە هەموومان بە باشی و بە دروستی کار بکەین بۆ ئەوەی لەناو ئەم سنوورەی کە بە ناعەدالەتی و زوڵم و زۆر پێك هێنراوە، گەل و خاکەکەمان لێی رزگار بکەین. خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین. یاسایی نێو دەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە گشت وڵاتانی دیموکراسی و زلهێزەکانی دنیا ئیمزایان لەسەر کردووە و کە پابەند دەبن بەوەی کە گەلان مافیانە، خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. بۆ ئەو کارە پیرۆزە، گرینگە پێکەوە کار بکەین و دنیا تێبگەیەنین کە گەلی کوردستان لە ناو سنووری زوڵم و ناعەدالەتی کە ناوی لێ نراوە عێراق، ناتوانێت بەردەوام بێت. چونکە لەناو ئەو سنوورە دوو جار تووشی جینۆساید بووین. بێهودەشە چاوەڕوانی چارەی کێشەکان بین کە ناکرێت، با تا تووشی جینۆسایدێکی دژوارتر نەبووین، بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین.
جارێکی تر جەژنی هەمو لایەك پیرۆز بێت .
سەری ڕێزو نەوازش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانمان و لە خودای گەورە داواکارم جێگایان بەهەشتی بەرین بێت و بریندارەکانشمان چاک ببنەوە.
دڵسۆزتان
د.کەماڵ کەرکووکی
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان
و میحوەری دوبز- کەرکووك-
2014/10/3




