ئێمینکی: دەستوور هەموار دەکەینەوە.. پارتی و یەکێتی پێویستیان بە یەکدییە.. بەرپرسەکەی یەکێتی لە شنگال تا سووریا خۆی نەگرتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(جەعفەر ئێمینکی)، ڕاشکاوانە دەڵێ، پارتی و یەکێتی پێویستیان بە یەکدی هەیە و نایانەوێ بۆ شەڕی سارد و گەرم بگەڕێنەوە، گوتیشی پارتی دەیەوێ پێوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە، "ئێمە وەهای تێ دەگەین کە فرەجەمسەریی نێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هۆکاری ئاڵۆزییەکان و ئەم دۆخەیە نەخوازراوەیە." ئەو دەڵێ پارتی باوەڕی وایە کە دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی کوردستان گەلێک گرینگە، تا لەم قۆناخە دەربازیان بکات و بیانخاتە قۆناخێکی نوێوە و لە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەم و ئەو حیزب ڕزگاریان ببێ و وەک مەرجەع لێی بڕوانرێ.
لە دیمانەیەکی تایبەتیKDP.info–دا، (ئێمینکی) زیاتر گوتی "کەسە دەستڕۆییشتووەکانی یەکێتی لەگەڵ خراپبوونی پێوەندییەکان نیین. ماوەیەک لەمەوبەر (کاک مەلابەختیار) هاتە سەر خەت و ڕەخنەی لە هەموو ئەوانە دەگرت کە لەبەرانبەر بە شینی هاووڵاتیان بۆ کارەساتی شنگال، شاییان دەبەست، هەڵبەت خەڵکانێکیشیان هەن کە بیرتەسک و دڵ پڕ لەکینەن، بەڵام ئەمە حاڵەتێک بوو و هەروەک چۆن داگیرکردنی شنگال بە کاتی دەبینین و ڕزگار دەکرێتەوە و هاووڵاتیانیشی لەو دۆخە دەربازیان دەبێ، بۆ پێوەندییەکانیش بە هەمان شێوە، ئێمە خۆمان بۆ خۆدەربازکردن لەو ئاڵۆزییەی نێوانمان لەگەڵ یەکێتیدا ئامادە دەکەین."
بێ مام جەلالی بە یەکێتییەوە دیارە
پرسی شنگال یەکێک لەو پرسانەی هێندەی دی، دۆخی پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ئاڵۆزتر کرد، هەندێکی یەکێتییەکان شکستی چەند بەرپرسێکی پارتییان لەو دەڤەرە لە بەرانبەر بە داعشدا، بۆ دژایەتیکردنی پارتی قۆزتەوە و خراپ قسەی لەسەر دەکەن، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەو ڕووەوە وەهای گوت، "شکستی شنگال کاتییە و خەڵكێکیش ئەمە دەزانێ، ئێمە تەجاوزی ئەم پرسە دەکەین، بەڵام نایشارینەوە کە بێ (مام جەلالی) بە سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دیارە، چونکە ئەگەر سووکە کێشەیەک دەبوو، ئەو و سەرکردایەتیی پارتی زوو چارەیان بۆ کێشەکانیان دەدۆزینەوە."
چاوەڕوانیی هەڵوێستی باشترمان لە هەندێکی نێو ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نەکردووە
گوتیشی، "کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ تەجاوزی ئەم دۆخە ساز دەدەین، بەڵام زەوینە خۆشکردنی پێویستە. لە هەموو بارێکدا ئێمە نامانەوێ پێوەندییەکان لەوە زیاتر گرژی بە خۆیانەوە ببینن."
دەربارەی بەیاننامەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتییش گوتی، "ئەنجوومەنی ناوەندی وەها بیر ناکەنەوە و لە نێویدا کەسانی باش هەن، هەموویان پەلامار نادەن، بەڵام لە بەرانبەردا خەڵکانێک هەن نایانەوێ دۆخ ئارام و پێوەندییەکانمان باش بن، ئێمە دەیانناسین و پێشتریش چاوەڕوانیی هەڵوێستی باشترمان لێ نەکردوون، چونکە ئێمە پێمان وایە ئەوانە هێندە بە پەرۆش ین تا پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی باش ببن."
ئەو هاوکات هەوڵەکانیشی بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو بارگرژییەی وەها باس کرد، کە پێشتر و ئێستایش کۆبوونەوە هەبوون، بەڵام چاوەڕێی کۆبوونەوەی فراوانترن لەسەر ئاستی هەردوو مەکتەبی سیاسی.
باوەڕیشی وایە کە، باشتربوونی پێوەندییەکان گەلی کورد لە بڕیاری سەربەخۆیی و بڕیارە چارەنووسسازەکان نزیکتر دەکاتەوە و، "بەڵام خەڵکانێک هەن نایانەوێ ئەمە دروست ببێ، نایانەوێ یەکێتییش باش بێ، هەڵبەت ئێمە دەخوازین پێوەندییەکانمان بە هێندەی دۆخی جارانیان لێ بێتەوە وەک بەر لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی 2013، بەڵێ جیاوازیمان هەن لە نموونەی چۆنیەتیی سازدانی پێوەندی لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ ئێرانیشدا، بەڵام ئەمانە بە واتای جایوازیی قووڵ نین، بە هێندەی فرەیی لە بیرکردنەوەدا کە بە قازانجی کۆی پرۆسەی سیاسیی کوردستانە، بەڵام فرەیی لە هەڵوێستدا، پرۆسەی سیاسی زیانبار دەکات."
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە شنگال، زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی لەگەڵ بوو کە بۆ سووریا پاشەکشەی کرد
جارێکی دی بە گەڕانەوە بۆ پرسی شنگال و ئەو تێفکرینەی کە لای هەندێکی یەکێتییەکان زاڵە و پێیان وایە پارتی وەک پڵنگێکی بریندار پەلاماری هەموو ئەوانە دەدات کە بە چاک و خراپە باسی شکستی پارتی لەو دەڤەرە دەکات و دواجاریش بە هیی یەکێتی دەزانن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دەڵێ، "بە پێچەوانەوە هەر ڕەخنەیەکمان دەربارەی شکستی شنگال قبووڵە و هیچ کات تۆمەتمان نەداوەتە پاڵ یەکێتی، بەڵام ئەو شێوازەی کە خەڵکێکی بەرپرس لە نێو یەکێتی، نموونەی بەرپرسی مەڵبەندەکەیان لە نەینەوا، ناچنە خانەی هەست بە بەرپرسارەتی و پێوەندیی دوو حیزبی هاوپەیمانەوە، ئەو وەک دوژمنێک باسی لە پێشمەرگە و پارتی دەکرد کە ناحەقیێکی زۆری کرد، دیارە ئەو کە خۆیشی لە ئەوێ بووە و یەکێک لە شکستخواردووەکانە، ئەگەر بڕیار بێ پێشمەرگە لە ناوچەکە هەندێک پاشەکشەی کردبێ، ئەوا ئەو بەرپرسی مەڵبەندەی یەکێتی پاشەکشەکەی بۆ نێو خاکی سووریا بوو، باشووری کوردستانی جێ هێشتبوو، ئەمە لە کاتێکدا کە زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی لەگەڵدا بوون.. باشە ئەو چی لێ هات، ئەی بۆ ڕەخنە لە خۆی ناگرێ؟، دەی با ڕەخنەی لە خۆی گرتبا ئینجا هاتبایە سەر پارتی و ئەو کاتە ئاسایی دەبوو، بەڵام تۆ شکستی خۆیشت بخەیتە ئەستۆی پارتی کارێکی ڕەوا نییە."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "ناکرێت لە بەرانبەر بە شکستی پێشمەرگە لە بەرەیەک، لایەنێک خۆشحاڵیی خۆی نیشان بدات، ئێمە هەمیشە بەحیزبیکردنی پێشمەرگەمان ڕەت کردووەتەوە و لەشکری یەکگرتوومان هەیە، وەزارەتێکی یەکگرتوویشمان هەیە و چاوەڕوانین کە ئەو وەزارەتە هەموو پێشمەرگە یەک بخاتەوە، یەکەی 70 و هەشتا نەمێنن و هەموو بکەونە ژێر باری ڕێکارەکانی ئەم وەزارەتە، ئەوە ئامانجی هاوبەشی ئێمە بوو، باشە بۆ ئێستا پاشەکشە بکەین، بۆ هەندێ بەرپرسی یەکێتی لەوە پاشەکشە دەکەن، لە کاتێکدا خەڵک چاوەڕوانی زیاتری لە ئێمە هەیە.. ئێمە نیگەرانین لە شکستی پێشمەرگە لە شنگال، زوممار، جەلەولا و مەخموور و هەندێ ناوچەی کەرکووک و لە مەلاعەبدوڵڵا دووچاری شکست بوون، ئەمانە چاوەڕێ دەکرێن، ئەمە شەڕە و لە شوێنێک دەشکێ و لە شوێنێک پاشەکشە دەکات و لە چەند شوێنێک سەرکەوتوو دەبێ، ئەمە بۆ پاساودان نییە، بەڵام لە جەنگدا باشترین لەشکر لە دنیادا شکستی بردووە. سەرباری ئەوە ئەوانەی کە کەمتەرخەم بوون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و سزا دەدرێن."
دیتی سەربەخۆیی لە لای یەکێتییش ڕوون دەبینین
لە وەڵامی ئەوەدا کە بیرکردنەوەی هەندێکی بەرپرسانی یەکێتی کە زۆرتر عێراقچێتییان پێوە دیارە تا چەند هۆکارێکی دیکەی ئاڵۆزبوونی پێوەندییەکانن، (ئێمینکی) ڕایگەیاند، "لە هێڵە ستراتیژییەکان یەکێتی لەگەڵ پارتین و کۆکن، لە هەڵوێست بەرانبەر بە بەغدا و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، مافی چارەنووس و ڕیفراندۆم، یەکهەڵوێست و یەکگرتوون، بەڵام کە دەچیتە نێو وردەکارییەکان و کات و لە هەنگاوناندا، لە بیرکردنەوە لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنیان جیاوازیمان هەبن"، زیاتر گوتی، "یەکێتی پێشتر باوەڕی وابوو کە زووە لە ئێستادا باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەین، بەڵام دیتی سەربەخۆیی لە لای یەکێتییش ڕوون دەبینین. ئەوەی کە پێوەندی بە دیتی ئەوانەوە هەیە بەرانبەر بە بەغدا، دیسان لە پرسە گرینگەکان هەڵوێستەکان یەک بوون، بەڵام لەوێیشدا بیرکردنەوەمان جیاواز بووە، جیاوازی لە نموونەی کێشانەوەی متمانە لە (مالیکی) کە ئەوان هاوکار نەبوون، بەڵام دواتر ئەمەیش چارە کرا."
دەربارەی پێویستیی قۆناخیش بۆ یەکهەڵوێستی و یەکگوتاری لە نێو کۆی هێزە سیاسییەکاندا، (ئێمینکی) گوتی، "لە ئێستادا کۆی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان هەماهەنگی باشیان هەیە، بە کردەنیش هەنگاوەکانی پێش و پاش پێکهێنانی حکوومەت ئەم یەکدەنگی و هەماهەنگییەی دەرخست. بەڵام ئەوەی کە پێوەندی ڕێککەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەکێتییەوە هەیە، ڕێککەوتنەکە لە قۆناخێکی مێژووییدا بوو و بۆ ئەمڕۆیش پێویستە، بەڵام تا کەی درێژەی دەبێ، ئەمە بابەتێکی دیکەیە."
لەم خولەدا دەستوور هەموار دەکەینەوە
ڕوونیشی کردەوە، "ڕەنگە دەنگ لە نێو یەکێتیدا هەبن کە بڵێن پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، ئێمەیش هەمان شت دەڵێین و بە پێویستی دەزانین، چونکە ئێمە پێمان وایە لە ئێستادا کورد تەجاوزی ئەو قۆناخەی کردووە کە تەنیا دوو جەمسەری لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا باڵادەست هەبن، بەڵکە ئێستا خەڵکی دیکەیش، بە دەنگ و هێز و کورسی و جەماوەریانەوە لە مەیدانن. بۆیە لەسەر ئەو باوەڕەین کە لە ئێستادا بەدەستهێنانی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی کوردستان، لەم قۆناخە دەربازمان بکات و بمانخاتە قۆناخێکی نوێوە و لە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەم و ئەو حیزب ڕزگارمان ببێ و بە پابەندبوون بەو پەیماننامەیە(دەستوورە) مامەڵە بکەین. دەبێ دەستوور ببێ بە مەرجەع و ئەوکات هەمووان وابەستە دەکات و پێوەندییەکانمان ڕێک دەخاتەوە."
دەربارەی پرسی دەستوور زیاتر دەڵێ، "سەرباری ئەوەی دەستوور بە دەنگی 96 پەرلەمانتار و لە ڕێی لیژنەیەکی 36کەسییەوە دەرچووە و پەسند کراوە، بەڵام بە ڕەچاوگرتنی ڕووداوە خێراکان، ڕای وەها دەکەوتن کە ئەم دەستوورە هەموار بکرێتەوە، ئەمەیش نابێتە هۆی ئەوەی بە نیگەرانییەوە لەم پرسە بڕوانین و دەخوازین پێیدا بچینەوە و کۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر بێ"، گوتیشی کە لەم خوڵەی پەرلەماندا ئەم ئەرکە بە چێ دەگەیەنین."
پێوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا باشن
زۆر جار مێدیاکان باس لە خراپیی پێوەندییەکانی پارتی بە ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە بە باش ناو نابەن، لە باشوور لەگەڵ یەکێتی و لە ڕۆژئاوایش لەگەڵ پەیەدە و لە باکووریش پەکەکە، (جەعفەر ئێمینکی) دەڵێ ڕاستە کەمێک لێکتێنەگەییشتن لە نێوان ئێمە و یەکێتیدا هەیە و گرژییەک لە ئارادایە، بەڵام بە ئەندازەی تێكچوونی پێوەندییەکان نییە"، پێوەست بە پەیەدەیشەوە رایگەیاند، "گرفتی پێوەندییەکانمان لەگەڵ پەیەدە، بە هۆی مامەڵەی سیاسیی پەیەدەوەیە لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان-سووریا کە لە پارتییەوە نزیکە و، هێزێکی سیاسیی ڕەسەنە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام مامەڵەیەکی هێندە خراپی لەگەڵدا دەکرێ کە پێچەوانەی کۆی پرەنسیپەکانی فرەحیزبی، مرۆیی و سیاسییە لە دنیای ئەمڕۆدا.. دەبێ داکۆکی لێ بکەین، بەڵام بێ ئەوەی سنوورەکان ببەزێنین، سەرباری ئەوەی کە نەمانویستووە زیان بە پەیەدە بگەیەنین هەڵبەت ناتوانی ڕەوایەتیی بدەیت بە لایەنێک کە مامەڵەی پێچەوانەی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە سیاسییەکانن، سەرباری ئەوەیش هەوڵمان داوە، ئەو گرژییەی کە بەم هۆکارانە وەبەرهاتوون، هەر بە سنوورداری بمێننەوە و پەنا بۆ خراپەکاری نەبات."
دەربارەی پەکەکەیش گوتی، "پەکەکە بە ڕۆژئاوا کاریگەرن و کەمێک ئاڵۆزی هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێوەندیمان بەردەوامن. هاوکات لەگەڵ گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ پێوەندیمان ئاسایین و باشن و بە ڕێکخستنەکانی دیکەیش هەر وا، پێوەندیمان بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە باش و ئاسایین و ئاڵۆزیێک نییە.. هەڵبەت ئەمانە هەمووی نابنە ئەوەی هەڵوێستی هاوبەشمان هەبن، بەڵام بینیمان لە بەرانبەر بە بەغدا هەموویان کۆدەنگ بوون، یەک هەڵوێستمان هەبوو، هەندێک جاریش دەبینی لە ڕووکەشدا خوێندنەوەی ناڕاست بۆ پێوەندییەکانمان دەکرێن، لە هەموو بارێکدا دەڵێین پێوەندییەکانمان بە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان باشن."
ئێمە و پەکەکەیش لە ڕۆژئاوا سەرکەتوو نەبووین
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی زۆرتر دەربارەی پێوەندییەکانیان بە پەکەکەوە، تایبەت لە چۆنیەتیی هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنێکی هاوبەش بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، گوتی، "ئێمە و هەم پەکەکەیش هەوڵی باشمان داون بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوا، بەڵام هەنگاوەکانمان بە جیا و پێکەوەیش سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەیش وابەستەی دۆخی هەنووکەیی ڕۆژئاوا و سووریایە کە دۆخێکی تایبەتە، دیارە کە سەرلەنوێ هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە تا دۆخی ڕۆژئاوا لە ڕووی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکدی و فرەحیزبییەوە باشتر ببینین، چونکە دواجار یەکدی قبووڵکردن لە بەرژەوەندیی خەڵک و هاووڵاتیانماندایە، لەو گرژییەی ئێستایش ڕۆژئاوا تێیکەوتووە، ئێمە بە ئەرکی خۆمان هەڵستاوین، وەک پارتیی دیموکراتی کوردستان، وەک شەریکی ئاساسی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵمان لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگەی ڕۆژئاوادا بینیوە، ئەوەی لە توانادا بووبێت لە خراپترین ئاستی پێوەندییەکاندا ئێمە هاوکاریمان کردوون."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەیشدا کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی پارتی لەگەڵ تورکیا، لەسەر حیسابی پەکەکە و پەیەدەیشە، (جەعفەر ئێمینکی) پێی وایە، ئەوەی ڕاستە ئەوەیە کە هاوکاریی پەکەکەیان کردووە، لە پرۆسەی ئاشتیدا هاوکاریان بوون، لە هەر پرسێکیشدا کە پەکەکە هەیبووبێت، ڕاوێژکاریێکی باشی پەکەکە بوون و لەگەڵ پەیەدەیش هەمیشە ڕاشکاو بوون لە گەیاندنی تێبینی و سەرنجەکان، بەڵام دەڵێ "خەڵکی تر ئەوەی بۆ نەکردوون و بە ڕاشکاوی تێبینییەکانی خۆیانیان پێ نەداون.. ئەوەی ئێمە لە پەیەدەمان دەخواست، ئەزموونێکی نزیک لەوەی هەرێمی کوردستان بوو لە ڕۆژئاوادا، بەو واتایەی فرەحیزبی هەبێ.. هەنگاوەکانی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) بۆ لێکنزیککردنەوە و تەبایی لە نێو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوادا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی هەولێر، هەنگاوی مێژوویین و ئێستایش زۆرێکیان هەوڵی گێڕانەوە و بەرجەستەکردنی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییەن، سەرباری ئەوەیش ئێمە دەستتێوەردانمان لە دۆخی ئەواندا نەکردووە و بە هەمان شێوەیش نەمانویستووە، پەکەکە و پەیەدە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەردەن.. ئەگەر خەڵكێکی دیکەیش بە شێوەیەک دەستتێوەردانی لە کاری ئەواندا کردبێ، پارتی بە حوکمی بەرپرسارەتیی مێژووییەوە ئەوەی ڕەت کردووەتەوە، هاوکات حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێمیش بە هەمان شێوە، نەیانویستووە پێوەندییەکان لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکان بن، بەڵکە ئەوەی لە نێوانماندا هەیە بابەتی نەتەوەیین و لە پرەنسیپدا ئێمە کۆکین لەبارەیانەوە، لە ڕووی مەبدەییەوە لەگەڵ پەکەکە و پەیەدەیش تێگەییشتینی هاوبەشمان لەو بارەیەوە هەن.. بۆیە بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا دەکەونە خانەی بەرژەوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندیی نیشتیمانی نین، هیی پارتی نین و حیزبییش نەبوون و نایشبن، ڕوونە کە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم جۆری پێوەندییەکانیان داڕشتوون و پەسند کراون، لەبەر ئەوە بابەتی پارتی نییە و هیی حکوومەتی هەرێمە بە تورکیاوە، لەگەڵ ئێرانیش هەیەتی، لەگەڵ عێراقیش گەییشتوونەتە بنبەست ئەگینا دەبوایە پێوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا توندتر بن، بەڵام ئەوان باش نەهاتوونەتە پێش."
پەیەدە دەچێت چەکدار لە سوپای ئازاد وەربگریت، داوای پێشمەرگەی باشووریش دەکات، بەڵام لە ڕێکخستنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا وەرناگرێ
پێوەست بە چۆنیەتیی بەهاناوەچوونی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە لەو دۆخە نەخوازراوەی تێیکەوتووە، هەروەها ناردنی هێزی پێشمەرگە کە وابەستەی فەرمانی سەرۆکی هەرێمە، (ئێمینکی) گوتی، "بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005 دەبێ سەرۆکی هەرێم بڕیار بدات دەبێ، بەڵام جووڵاندنی هێز بۆ دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان دەبێ ڕەزامەندیی پەرلەمانیشی لەسەر بێ. ناردنی هێز بۆ کۆبانی، دڵنییام کە ئەگەر ڕێگا هەبێ و لە ڕووی جیۆگرافی و کردەییەوە بتوانی هێز بگەیەنیتە کۆبانی و کاریگەری هەبێ، ئەوا سەرۆکی هەرێم بڕیاری ناردنی دەدات و دڵنیاییشم پەرلەمانیش بە کۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر دەدات، بەڵام کۆبانی مەسەلەیەکی هێندە ئاسان نییە تۆ لێرەوە هێز ڕەوانە بکەیت.. ئەگەرچی حەز ناکەم ستەم لە کەس بکەم، بەڵام نازانم ڕۆژئاوا بۆ ئەم پرسە لە چ دۆخێکدایە، خۆ هێزی تر هەن، لە کانتۆنی جەزیرە هێزی زۆرهەن و دەتوانن لەوێوە بۆ کۆبانیی ببەن و ئاسانترە، ئەوان نزیکترن، یان بۆ هێزی چیای شنگال نابەنە کۆبانی؟، خۆ ئەو هێزەی کە بە لای ئێمەوە کەمە و ئەوان دەڵێن زۆرن، ناتوانن لە ئێستادا چ ڕۆڵێک ببینن، تا پێشمەرگە نەگاتە چیای شنگال جگە لە حاڵەتی بەرگری شتێکی دیکەی لە دەست نایەت، خۆ خەڵکیش لەوێ نەماون بڵێن ڕێکیان دەخەین، ئەوان لەوێ چ دەکەن؟ باشە کەواتە ئەو هێزەیش دەتوانن بچنەوە بۆ کۆبانی. جیا لەمانە، لە ڕۆژئاوا خەڵكێک هەن ڕاهێنانیان بینیوە و پێشمەرگەی باشن، سەر بە لایەنەکانی تری ڕۆژئاوان، هەڵبەت دەچێت چەکدار لە سوپای ئازاد وەربگریت، داوای پێشمەرگەی باشووریش دەکات، ئەدی باشە بۆ هێز لە هاووڵاتیانی خۆت و ڕێکخستنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا وەرناگری! خۆ ئەو هێزە کوردستانیانەی ڕۆژئاوا نزیکەی 3 تا 4هەزار پشێمەرگەیان هەیە، دەشڵێن دەتوانن تا 10هەزار پێشمەرگە ئامادە بکەن و بچنە بەرەکانی جەنگ و دژ بە داعش بوەستنەوە، بۆ کانتۆنی کۆبانی کە سەرکردایەتیی خۆی هەیە و بۆ داوا لە هێزەکانی نێوخۆیی ناکات؟!، پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێم هاوکاریی لۆجیستیکی بە پەیەدە و یەپەگە کردووە و ئەوانیش لە کاتی خۆی هاوکاریی چالاکییەکانی پێشمەرگەیان کردووە و دەستخۆشیمان لێ کردوون."
هاوپەیمانان بە کۆششی سەرۆک بارزانی لە تیرۆریستانی دەوروبەری کۆبانی دەدەن
(ئێمینکی) دەربارەی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانش لە هاندانی هاوپەیمانانی بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر کۆبانی و وەشاندنی گورزی سەربازی لە پێگەکانی داعش لە ناوچەکە رایگەیاند، "ئەوەی سیاسەت دەکات دەزانن ئاسان نییە فەڕەنسا کۆبانی بۆردوومان بکات. بۆ داعش لە سووریا و عێراق نەبوون؟ داعش پەلاماری ئەنبار و فەللوجەی نەدەدا؟ بەڵام نەمانبینی فڕۆکەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا بێن.. ئەمە هەڵوێستێکی سیاسییە و دەرکەوت کە ڕۆژئاوا متمانەیان بە سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی هەیە، پێمان وایە کورد دەستکەوتێكی تەواو گەورەی بە دەست هێناوە لەوەی هەرێمێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ و بە یاسایی بکات و لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بگا بە شەرعیەتی دیموکراسی و هەرێمەکەی بپارێزێ و متمانەی نێوەدەوڵەتی بە دەست بێنێ. دیارە کە ئەم متمانە وەرگرتنە ئاسان نەبووە، بۆیە دەبێ ئەوە بزانرێ کە فەڕەنسا لەسەر خاتری ئەم ئەو و لایەنێک بە هانای کەسەوە نایەت، بەڵکە متمانەیەکی تەواوی بە (سەرۆک بارزانی)، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمانە هۆکارن. لەسەر ئەو باوەڕەم کە خەڵکێک باش لەوە تێدەگەن کە (سەرۆک مەسعوود بارزانی) چ ڕۆڵێکی لە هێنانی وڵاتاندا هەیە، بە تایبەت فەڕەنسا کە یەکەم دەوڵەت بوو پێوەندی بە (سەرۆک)-ەوە کرد، هەڵوێستی هەبوو و ئێستایش هەڵوێستەکانی مایەی شانازین بۆ ئێمە. هاوکات لە ڕووی لۆجیستیکی و کردەنییەوە ئەوەی لە توانادا بووبێت بۆ ناردنی پشتیوانی، سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ کۆبانی کردوویەتی."
*بەشی دووەمی ئەم گفتوگۆیەی KDP.info ڕۆژانی داهاتوو بڵاو دەکەینەوە




