٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیەدە لە ئەگەری کۆمەڵکوژیی خەڵکی کۆبانی لەسەر دەستی داعش هۆشداری دەدات

سەرچاوە: KDP.info

سروچ-KDP.info-  بەرپرسانی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی سەر بە پەیەدە، کە بەرگریی لە شاری کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەمڕۆ هەینی هۆشدارییان دا لە، ئەگەری کۆمەڵکوژیی خەڵکی کۆبانی لەسەر دەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەگەر بێت و بێنە ناو شارەکەوە، کە ئێستا بە تانک و تۆپ گەمارۆیان داوە.
بەرپرسی هێزەکانی یەپەگە لە کۆبانی(عیسمەت شێخ)، دەڵێ، نێوان هێزەکانیان و تیرۆریستانی داعش، کەمتر لە کیلۆمەترێکە.
ئەو بە تەلەفۆن بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئێمە لە ناوچەیەکی بچووکدا گەمارۆ دراوین.. هیچ هاوکاریێکمان پێ نەگەییشتووە و سنوریش داخراوە."
ئەو بەرپرسەی یەپەگە زیاتر گوتی، "لەسەر ئەو باوەڕەم کوشتن و کۆمەڵکوژی ڕوو بدات.. ئێستا بۆردوومانی سەرمان بە تانک و تۆپ و مووشەک و مووشەکی مۆرتەرە."
19 ڕۆژە شەڕڤانان بەرگریی لە کۆبانی دەکەن و بە تایبەت لە پێنجشەممەوە، بە توندی بەرپەرچی هێرشی سەختی تیرۆریستانی داعش دەدەنەوە، کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانیوە کراوەتە سەریان.
هاوکات (ئیدریس ناسان) بەرپرسی پیوەندییەکانی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانی، دەڵێ، هێزەکانی یەپەگە توانیویانە لەبەردەم هێرشی دوو ڕۆژەی داعش بەربەست بن لە پێشڕەوییان بۆ کۆبانی.

زیاتر دەڵێ، تاو نا تاوێک تۆپێک لە نێوەڕاستی شار دەدرێ، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری هەبوونی زیانی گیانی نەدا.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریا کە بارەگاکەی لە لەندەنە، دەڵێ، بەرەی شەڕ لە ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کۆبانیوە، لە پێنجشەممەوە گۆڕانکاری بەخۆوە بینیوە، بەوەی کە چەکدارانی داعش خۆیان لە دەوروبەری شار توندتر کردووە.
ئەو ڕوانگایە دەڵی، ئەمڕۆ هەینی، لانی کەم 25 تۆپ و مووشەک بە شاری کۆبانیوە نراون.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار