٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەمال کەرکووکی: ئەگەر هاوپەیمانان لە بەهاناوەچوونی کۆبانی پەلە نەکەن، مەترسیی دروستبوونی مووسڵێکی دیکە لەئارادایە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، سەرچاوەکان لە کۆبانیوە پێیان ڕاگەیاندووە کە، ئەگەر بێت و هەرچیی زووە بەهانایانەوە نەچن و فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان بە هانایانەوە نەچن، ئەوا کۆبانیش دەبێت بە مووسڵێکی دیکە، بۆ تیرۆریستانی داعش.
(د.کەمال کەرکووکی) لە زاری سەرچاوەکانی نێو کۆبانیوە، بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، دۆخی کۆبانی زۆر ناهەموارە و مەترسیدارە، داعش بە تۆپ شارەکە بۆردوومان دەکات و لە بەرەی شەڕی ڕۆژهەڵاتیشەوە، لە ڕێی تانکەکانیەوە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو گردە دەکات کە بەسەر شاردا دەڕوانێ.
زیاتر گوتی، تانکەکانی داعش لەبەر چاو دیارن و هێزەکانی هاوپەیمانان دەتوانن زۆر بە ئاسانی بیانکەنە ئامانج.
(کەرکووکی) کە هاوکات بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، دەڵێ هەموان لەسەر ئەو باوەڕەن کە، هەر سەکەوتنێکی داعش بەسەر کۆبانیدا، بە هێندەی دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ کاریگەریی دەبێ، هاوکات ژمارەی چەکدارانی تیرۆریستان زیاتر دەبن و ورەیان هێندە بەرز دەبێتەوە کە، گرووپگەلی دیکەی تیرۆریستی پەیمان بە ڕێکخراوی داعش و بەغدایی دەدەن و دەچنە نێویانەوە.
ڕوونیشی کردەوە، بەڵام لە ئەگەری شکستیان لە بەرنبەر بە کۆبانی، ئەوا لە هەموو ناوچەکە پەرتەوازە دەبن. زیاتر گوتی، شەڕ لەسەر کۆبانی، شەڕێکە لەسەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە هاوکار بێ، چونکە ئەمە شەڕی تیرۆرە دژ بە جیهانی ئازاد.
(کەرکووکی) گوتیشی، بابەتەکە لەوە زیاتر بەرگەی وەدرەنگخستن ناکات و نابێ هاوکاریکردنی نێودەوڵتی هێواش بێ و دواتر بخرێ.
(د. کەمال) هاوکات لە زاری سەرچاوەکانی نێو کۆبانیوە، زیاتری بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، هێزەکانیان 19 ڕۆژە بە هەموو هێز و توانا سادەکەیەوە بەرگریی دەکات. هێشتایش بەردەوامن، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ هاوکاریێکیان پێ نەگەیشتووە. هەروەها دەڵێن کە، بۆردوومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان کاریگەریی ئەوتۆیان نییە و لە شەڕێکی دەروونی تێپەڕ ناکات.

هەواڵی پەیوەندیدار