٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرکردەکانی داعش ناڕازین و ئەمیرەکەیشیان بە پارە ڕازییان دەکات.. خێزانەکانیان دەبەنە دەرەوەی مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی رەبیعە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە، کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر داعش، بە جۆرێک بەشێک لە سەرکردەکانیان، خێزانەکانیان لە مووسڵ بردوونەتە دەرەوەى شار، لە ترسی ھێرشی ھێزەکانی پێشمەرگە.

(عیسمەت رەجەب) بە KDP.info-ی راگەیاند: "لە سنووری رەبیعە تەنیا نەخۆشخانەیەک مابوو چەکدارانی داعش خۆیانیان تێیدا حەشار دابوو، بەڵام ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بەبێ زیان توانییان ئەو نەخۆشخانەیە کۆنترۆڵ بکەن و نۆ تەرمیشیان  کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیدا گیراوە و لەئێستادا رەبیعە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کراوە."
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی دا، "دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە رەبیعەی کۆنترۆڵ کردەوە، کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر ورەی چەکدارانی داعش، بە جۆرێک بەشێک لە سەرکردەکانیان لە ترسی هێرشی پێشمەرگە  بۆ مووسڵ، خێزانەکانیان لە مووسڵ بردوونەتە دەرەوە."
(عیسمەت رەجەب) راشیگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەمیری داعش (ئەبوبەکر بەغدایی) گەڕاوەتەوە بۆ مووسڵ، چونکە بەشێک لە سەرکردە مەیدانییەکانی داعش، لەو بارودۆخەی تێیدان ناڕازین، بۆیە ھاتووە بڕوایان پێ بێنێت لە کارەکەیان بەردەوام بن و زۆرێک لەوانە پارەیشیان پێ دراوە".
زیاتر گوتی، "دوای ھاتنی (بەغدایی) بۆ مووسڵ، دوو رۆژ لەمەوبەر، چەکدارانی داعش ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلاریان لە بانکی مووسڵ بردووە".
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "بەرنامە ھەیە بۆ پاککردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی داعش، بە تایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، بۆ ئەو مەبەستەیش ئامادەکاریی تەواو کراوە و تەنیا ئەوە ماوە ھێرش بەرپا بکرێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار