٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

(سعوود مەلا): ھێز ڕەوانەی کۆبانی دەکەین.. دانوستان لەگەڵ پەیەدەدا دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان سووریا دەڵێت، رۆژ بە رۆژ مەترسیی سەر کۆبانی زیاتر دەبێت و، لەبەر ئەم هۆکارەیشە کە وەک(سعوود مەلا) دەڵێ،  ھێزێکیان ئامادە کردووە و بەم نزیکانە ڕەوانەی کۆبانیی دەکەن بۆ بەرگریکردن لەو شارە لە ھێرشی تیرۆریستانی داعش.
سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان - سووریا(سعوود مەلا) بە kdp.infoی راگەیاند: "رۆژ بە رۆژ مەترسیی بۆ سەر کۆبانی زیاتر دەبێت و داعش لە سێ قۆڵەوە ھێرشی بۆ سەر شارەکە بەرپا کردووە، تەنیا (2)کیلۆمەتریان ماوە بگەنە ناو کۆبانی و، بە بەردەوامی ناو ناو شار بە سەختی بۆردوومان دەکرێت."

(سعوود مەلا) گوتیشی، "ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد ھێزێکمان ئامادە کردووە و لەئێستادا لەسەر سنووری تورکیایە و خۆیان ئامادە دەکەن  بۆ ئەوەی بچن بەرگری لە کۆبانی بکەن و شەڕ دژی داعش بکەن و لە کاتێکی نزیکدا بەرەو کۆبانی بەڕێ دەکەون".
(مەلا) راشیگەیاند، "ھۆکاری دواکەوتنی چوونی ئەو ھێزە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا شوێنێک بۆ خۆیان لە کۆبانی بۆ بەرگریکردن لەو شارە دیاری بکەن و کێشە لەگەڵ چەکدارانی یەپەگە دروست نەبێت."
(سعوود مەلا) زیاتر گوتی، "ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی دانوستان لەگەڵ پەیەدەدا دەکات بۆ ئەوەی رێگری لەو ھێزە نەکرێت، چونکە لەئێستادا رێگریکردن لەو ھێزە لە بەرژوەندیی ھیچ لایەنێکدا نییە و بەرگریکردن لە کۆبانی ئەرکی ئێمەیە و پێویستە ئەو ھێزە بچێت بەرگری لە خاکی خۆی بکات."
(مەلا) ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانیشی لە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستاندا بەرز نرخاند و گوتی، "ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی ئێمە دەکات و پێویستمان بە ھەر شتێک بێت ئامادەن بۆ ئێمەی دابی  بکەن."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار