٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: ڕەبیعە و زۆربەی ناوچەکە لە تیرۆریستانی داعش پاک کرایەوە.. یەکڕیزیمان لە هەر چوار پارچە لە هەر کاتێک گرینگترە

سەرچاوە: KDP.info
میرانی لە ڕەبیعەی ئازادکراوەوە قسەی کرد. ئەم ئێوارەیە

ڕەبیعە-KDP.info-  هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پاش دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو نەخۆشخانەیەی کە تیرۆریستان خۆیانیان تێدا حەشار دابوو، ناوچەی ڕەبیعەیان بە تەواوی لە تیرۆریستان پاک کردەوە. ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی(فازڵ میرانی) کە وەک خۆبەخشێک لەگەڵ پێشمەرگەیە، وێڕای ڕاگەیاندنی پەیامی ڕزگارکردنی یەکجارەکیی ڕەبیعە و موژدەی سەرکەوتنی زیاتر، گوتی تا ئێستا 145کم خاکی کوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاک کراوەتەوە.
کەمێک لەمەوبەر و لە شارۆچکەی ڕەبیعەی سنوورەوە، (فازڵ میرانی) بە تەلەڤزیۆنی زاگرۆسی ڕاگەیاند، "ئەو شەڕەی بەسەرماندا فەرز کراوە نەخوازراو بووە،" هەروەها گوتی "دوو خەمی گەورەمان هەن کە شنگال و ئەو ناوچانەن کە هێشتا ڕزگارمان نەکردوونەتەوە، ئەرکی ئێمەیە لە چنگ تیرۆریستانیان دەر بێنینەوە و ئازاد بکرێن."
ئەو ئەندامە مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کە خۆبەخشانە شەو و ڕۆژ لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکاندا دەکاتەوە، دەربارەی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە گوتی،  "145کم خاکی کوردستان ئازاد کراوە و، بێ لە ناو شارۆچکەی زوومماریش کۆی گوندەکان ئازاد کراون"، ئەو ئاماژەیشی دا بە هەندێک لە چەکدارانی هۆزی شەممەر کە لە ئازادکردنی هەندێ ناوچەدا هاوکار و پشتیوانی پێشمەرگە بوون.
زیاتر گوتی، پاش بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانە، بینیمان بە داخەوە تیرۆریستان هەندێک ماڵی عەرەبانیان تەقاندوونەتەوە و پێی نیگەرانین، چاوەڕوان دەکرێ لە ڕۆژانی داهاتوویشدا پەیامێک ئاراستەی هۆزی شەممەر بکرێ بۆ ئەوەی هاووڵاتیانیان بگەڕینەوە گوندەکانیان."
(میرانی) بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنە مەزنە پێشمەرگەیشەوە پەیامێکی دا و گوتی "پەیامم بۆ خەڵكی ئەوەیە کە سوپاسگوزارین بۆ پشتیوانییان لە هێزی پێشمەرگە، جا بە هاوکاریی کۆمەک یان بە بەشداری لە شەڕدا بووبێت یاخوود ڕێخۆشکەری بۆ هێرشی پێشمەرگە، سوپاس بۆ هێزە ئەمنییەکان و سوپاس بۆ کۆی ئەوانەی کە هاوکارمان بوون.. پەیامی من ئەوەیە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن، چونکە دوژمنمان هاوبەشە، بۆ لەخۆدوورخستەنەوەیشی دەبێ بە یەکڕیزیمان باشتر خۆمانی بۆ ئامادە بکەین تا ئاساییش و ئارامی بۆ هاووڵاتیانمان دابین بکەین."
زیاتر گوتی، "دیسان پەیامم ئەوەیە گەل و پێشمەرگە یەکدی تەواو بکەن و یەکیەتیی ڕێزەکانمان لە عێراق و هەر چوار پارچەی کوردستان کە زامنی سەرکەوتنمانە و، بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانمان گرینگە، برەو پێ بدەین، چونکە بۆ خۆڕاگریمان بەرانبەر بە دوژمن و داهاتووی گەلەکەمان ئەو یەکڕیزییە گرینگ و چارەنووسساز دەبێ."
(فازل میرانی) دەربارەی پلانی داهاتوویشیان گوتی، "پلانمان تەنیا بۆ ناوچەکانی خۆمان نییە، بەڵکو بۆ مووسڵ و ئەنبار و هەموو عێراق و ڕاونانی تیرۆریستانە تێیدا."
شیاوی باسە ماوەی دوو رۆژ بوو قەنناسبەدەستەكانی داعش خۆیان لە نێو نەخۆشخانەکەی ڕەبیعەدا حەشار دابوو.
بەڵام بە دەستبەسەرداگرتنەوەی لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، ئێستا ناحیەی رەبیعە بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ كراوە.


زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار