پارتی گۆڕانکاری دەکات و لقەکانیش دەگرێتەوە.. جەعفەر ئێمینکی: چالاکییەکانی نێو کۆمەڵگا بە گەنج دەکرێن نەک بە ئێمە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن(جەعفەر ئێمینکی)، لە باسی گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەیدا دەڵێ، داعش و پرۆسەی سیاسیی عێراق کەمێک دوایخستوون ئەگینا تا ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکارییان لە ئۆرگانەکان و بە تایبەت لە لقەکاندا دەکردن.
(ئێمینکی) هەروەها گوتی، "هەندێ گۆڕانکاری کە وەها بڕیار بوو بکرێن، بەڵام دواکەوتن.. هەڵبەت لەم ڕۆژانەیشدا هەندێ پرسیار هاتوون، نموونەی گۆڕانکاری لە لقەکاندا، پێشنیازی تر و ئاڵوگۆڕی تر دەکرێن دوای شەڕی داعش بەو پرسانەدا دەچینەوە."
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دیمانەیەکی تایبەتدا ئەوەی بۆ KDP.info ئاشکرا کرد کە، گۆڕانکاری لە لقەکاندا، لقی 12، لقی 11، کە ماوەیەکە کەسێک بە وەکالەت کاروبارەکان بەڕیوە دەبات، لقی 21 و لقی 4، هاوکات بەرنامەمان بۆ هەولێر و سنووری گەرمیان و بادینانیش هەیە."
پێوەست بەو پرسیارەی کە هەمیشە دەگوترێ، ئەو گۆڕانکاریانەی پارتی دەیانکات، جێگۆڕکێی کەسەکانە، بە هێندەی ئەوەی لە ڕێکخستنەکانیدا بیانکات، گوتی، "ئێمە لە پارتی، دوای دیراسەیەکی زۆر، گەییشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێ گۆڕنکاری بنەڕەتی، لەنێو ڕێکخستنەکاندا بکرێن، ئەمەیش بەوە دەکرێ کە، هەڵبژاردنێکی نوێ ساز بدرێ و پەیکەرێکی نوێ بێتە کایەوە، هەڵبژاردنی سەرتاسەری ئەنجام درا و دواتر لە لایەن مەکتەبی ڕێکخستنەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و دەرکەوت کە، دەرهاوێشتەی نەرێنیی زۆری هەن، بۆیە بە پێویست بینرا کە دەبوایە دیراسەی وردتر بکرێ، ئەگینا دەبێ ئەنجامە نەرێنیەکانی زوو چارە بکرێن کە بەداخەوە نەکران."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "هەر گۆڕانکارییەک کە بکرێ دەبێ دیراساتی وردی بۆ ئەنجام بدرێ، ئەو دیراساتەیش دەبێ کولتوور و پێوەندییە جڤاکی و ئابوورییەکان و دۆخی سیاسییش لە بەرچاو بگیرێن، دەبێ پەنا بۆ کەڵکوەرگرتن لە توانستی هەندێکی زانکۆکان وەر بگیرێت"، گوتیشی، "پارتی لەسەر ئاستی نوخبەدا کادیری باش و بە توانای هەن، لەم دۆخەیشدا گۆڕانکارییە پێویستەکان ئەنجام دەدەین و ئەوانی دیکەیش پێویستیان بە دیراسەی وردتر هەیە و بۆ ئەمە پلانمان هەیە، هاوکات ئێمە دەزانین کە چینی گەنجان لە نێو پارتیدا ئامادەییان هەیە و چیی بکەین تا ئەوان ڕۆڵی خۆیان ببینن."
(ئیمێنکی) ددانیشی ناوە بەوەی کە، "گەنجانمان کە دێنە نێو ڕێکخستنەکانمانەوە، یان شوێنی شیاو ناگرن یانیش پەراوێز خراون، ئەمانە دەبێ چارە بکرێن، ڕۆڵی ئافرەتان بە هەمان شێوە زۆر لاوازە، ئامانجیشمان ئەوەیە کە بوار بە گەنجان و ئافرەتان بدرێ تا چالاکییەکانیان لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پەرە پێ بدەن، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستن ڕاپۆرتمان بۆ دێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین و دەزانین کە چالاکییەکان لە سەر هەست و دەروونی خەڵک چ ڕۆڵ و کاریگەریێکی بووە، بێگومان ئەو کاریگەرییەی نییە کە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بن، بەڵکە زۆر فۆرمگرتوو و کلاسیک و سنووردارن، بەڵام ئەوەی پێی گەییشتووین ئەوەیە کە، پارەیەکی زۆر لەو بوارانەدا خەرج دەکرێ بێ ئەوەی ئەنجامەکەی لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بێ، ئەمەیش پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە و بە دەست گەنجیش دەکرێ، چونکە ئەو وەچەیەی کە خزەمەتێکی زۆری بە ڕێخستنەکانی پارتی کردووە، سەروەر و پێشەنگن لە خەباتی نێو پارتیدا بەڵام ناتوانن ئەو کارانە بکەن و لەسەر دەستی ئەوان بە ئامانج ناگات، هەڵبەت توانست و وزەی نوێ لە ناو پارتیدا هەن و من بڵێم کە ئێمە دەیکەین، ناتوانین، چونکە ئەو وەچە نوێیە کە ئامادەیی تەواوی خزمەتکردنی هەیە، باشیش دەزانێ کە لە ململانێكانی نێو کۆمەڵگەدا چ چالاکییەک ئەنجام دەدات و چۆن ئاوێتەی دەورووبەری دەبێ، بۆیە دەبێ ڕێ بۆ ئەو نەوە نوێیە بکەینەوە، هەڵبەت نەکردنەوەی ئەو ڕێگایەیش دوامان دەخات.. گۆڕانکارییش نەکەین گوناهێکی گەورە دەبێ."
بەکر ئیبراهیم




