زمانی كوردی دەخرێتە سەر دراوی عێراق

بەغدا-kdp.info- ئەندامێكی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دراوی نوێی عێراقی چاپ دەكرێت و بڕیارە زمانی كوردییش بخرێتە سەر ئەو دراوە نوێیە، چونكە بەپێی دەستوور و یاسای زمانە فەرمییەكان، پێویستە زمانی كوردییش هاوشێوەی زمانی عەرەبی بە كار بهێندرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوون، بانكی ناوەندی دراوی 10هەزاری و 25 هەزاریی بە شێوازێكی نوێ چاپ كردووە، بە بێ ئەوەی زمانی كوردی بخرێتە ناویانەوە، دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە، پەیوەندیمان بەو بانكەوە كرد كە ئەو كارە پێچەوانەی دەستوور و یاسای زمانە فەرمییەكانە، بۆیە داوامان كردووە كە پێویستە دووبارە ئەو دراوە چاپ بكرێتەوە و زمانی كوردییشی تێدا بێت".
(نەجیبە) گوتیشی، بە شێوەیەكی زارەكی رازی بوون كە دووبارە ئەو دراوە چاپ بكەنەوە و زمانی كوردی لەسەر دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، بڕیارە دراوی 50 هەزار دینارییش چاپ بكرێت و لەویشدا زمانی كوردیی لەسەر دەبێت.
راشیگەیاند كە، لە ئێستادا بەردەوام لەگەڵ بانكی ناوەندیی هەرێم لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی نموونەی زمانی كوردی ئامادە بكرێت و بخرێتە سەر دراوی نوێی عێراق.
بڵند ئیبراهیم




