٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەڵمانیا لە هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ كوردستان بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری هەماهەنگیی ئابووری و پەرەپێدانی ئەڵمانیا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە؛‌ شوێنی خۆیان گرتووە و بەو هۆیەوە ئێستا هاوسەنگیی سەربازی گۆڕاوە و دەستپێشخەری كەوتووەتە دەستی پێشمەرگەوە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-ی ئۆكتۆبەری 2014، پێشوازیی لە وەزیری هەماهەنگیی ئابووری و پەرەپێدانی ئەڵمانیا (د. گێرد مویلەر) كرد.

لە دیدارێكدا وەزیری هەماهەنگیی ئابووری و پەرەپێدانی ئەڵمانیا ڕوونی كردەوە كە بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوش و بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و سوپاس و پێزانینی ئەڵمانیای پێشكەش بە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد كە هاوكاریی ئاوارەكانیان كردووە و داڵدەیان داون. هەروەها بەرخودان و بەرگریی پێشمەرگەی كوردستانی بە قارەمانانە و مایەی‌ ڕێز و پێزانین لە قەڵەم دا.

جەخیشی لەوە كردەوە ئەڵمانیا كە پێشتریش هاوكاریی سەربازی و مرۆیی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كردووە، لەو هاوكاریانە بەردەوام دەبێت، هەروەها وڵاتانی دیكەی ئەورووپایش هان دەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. باسیشی لە دیداری خۆیان لەگەڵ چەند ئافرەتێكی قوربانیی دەستی داعش كرد و دووپاتی كردەوە كە هەوڵ دەدەن و كار بۆ ئەوە دەكەن ئەو تاوانەی داعش وەك جینۆساید لە جیهاندا بناسرێن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیران سوپاسی سەردانەكەی كردن، هەروەها سوپاس و پێزانینی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی بۆ خەڵك و حكوومەتی ئەڵمانیا دووپات كردەوە بۆ ئەو هاوكارییە سەربازی و مرۆییانەی پێشكەشیان كردوون. ئاماژەیشی دا كە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە؛‌ شوێنی خۆیان گرتووە و بەو هۆیەوە ئێستا هاوسەنگیی سەربازی گۆڕاوە و دەسپێشخەری كەوتووەتە دەستی پێشمەرگەوە.

(نێچیرڤان بارزانی) تیشكی خستە سەر هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش و بەئامانجگرتنی پێكهاتە ئایینییەكانی وەك مەسیحی و ئێزدی لە هەرێمی كوردستان و ڕوونی كردەوە كە، بەم هۆیەوە بە داخەوە بێبڕوایی لەناو ئەو پێكهاتەكانەدا دروست بووە و زۆریان دەیانەوێت زێد و خاكی خۆیان جێ بهێڵن، بۆیە دەبێ یەكەم جار شوێنەكانیان ئازاد بكرێنەوە و دواتر بپارێزرێن. ئەوەیشی خستە ڕوو كە باش دەبێت كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی دەربارەی ئاوارەكان و بەسەرهاتیان و هاوكاریكردنیان ببەسترێت. دووبارە سوپاسی سەردانی وەزیری ئەڵمانیای كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار