٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەردەڕەش.. كەمپێكی 400 خێزانی بۆ ئاوارەكان كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەردەرەش-KDP.info- پاش ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە ترسی چەكدارانی تیرۆرستی داعش لە سنووری پارێزگای مووسڵ و شارەكانی دیكەی عێراقەوە ئاوارەی قەزای بەردەڕەش بوون، ئەمرۆ كەمپێكی 400 خێزانی تەواو كرا و دەست بە دروستكردنی كەمپێكی دیكەیش دەكرێت.

قایمقامی قەزای بەڕدەڕەش (شێخ سەردار شێخ یەحیا)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، "دوای ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر لە ترسی هەڕەشە و كوشتارگەكانی تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری و شارەكانی دیكەی عێراق كە ئێستا رێژەیەكی زۆر خێزان ئاوارەی قەزای بەردەڕەش بوون، بە پێویستمان زانی كەمپ بۆ برا ئاوارەكان بكەینەوە، بۆیە ئەمڕۆ كەمپی زەویی رەش كە شوێنی 400 خێزانی تێدا دەبێتەوە، واتا نزیكەی 2000 كەس، تەواو بوو و خێزانە ئاوارەكان تێیدا نیشتەجێ كران".
(شێخ سەردار) گوتیشی، "هەر ئەمڕۆ دەست بە دروستكردنی كەمپێكی تر بە ناوی كەمپی بەردەڕەش لە سەنتەری شار كرا كە بۆ 3000 خێزانە و ئەمەیش لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت و بەشێك لە برا ئاوارەكان لەو كەمپەدا نیشتەجێ دەكرێن.
ئاماژەیشی دا كە، دوای تەواوبوونی پشووی جەژن، لە قوتابخانەكانی قەزای بەردەڕەشدا دەست دەكرێت بە دەوامی ئاسایی، چونكە خێزانە ئاوارەكان هەموویان لە ناو قوتابخانەكان نەماون و شوێنمان بۆیان دابین كردووە." 
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار