(قاسم سمێر): چەکدارانی داعش لە ترسی ھێرشی پێشمەرگە لە شنگال پاشەکشە دەکەن

شنگال-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال(قاسم سمێر) دەڵێت، داعش ورەی ڕووخاوە و لە ئەمڕۆ بەیانییەوە، لە ترسی ھێرشی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ سەر شنگال بەرەو قەزای بەعاج و ناوچەکانی دیکەی مووسڵ پاشەکشە دەکەن.
(قاسم سمێر) بە kdp.infoی راگەیاند: "چەند ھاووڵاتییەک لەناو شنگال پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە، کە خۆیان ئامادە کردووە لە شنگال بچنە دەرەوە و ھەڤاڵانی ئێمەیش ئەوانیان بە دووربین بینی بوو، بەڵام چەکدارانی داعش رێگرییان لێ دەکەن، بۆئەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکان بۆردوومانیان نەکەن و وەکو قەڵغانی مرۆیی بۆ خۆیانیان بە کار دێنن بھێنن."
(قاسم سمێر) گوتیشی، "داعش ورەی ڕووخاوە و دەزانن کۆتایییان ھاتووە، بۆیە لەمڕۆ بەیانییەوە چەکدارەکانیان ھەڵدێن و شنگال جێ دەھێڵن و دەچن بۆ بەعاج و ناوچەکانی دیکەی لە مووسڵ."
(سمێر) زیاتر گوتی، "توانای بەرگریکردنیان نییە لە خۆیان و ترسیان لە ھێزی پێشمەرگە ھەیە بۆیە ھەڵدێن."
بڵند ئیبراھیم




