هەڵەبجە كرایە پایتەختی ئاشتی

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە و تێیدا پڕۆژەیاسای بوونی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی، بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مەردان زێباری)، بە kdp.info-ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بوونی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی، لە شەش ماددە پێك دەهات و دوو ماددەی سەرەكی هەبوون، كە یەكێك لەوانە باس لەوە دەكات، هەڵەبجە دەبێتە پایتەختی ئاشتیی كوردستان-عێراق و، ماددەی دووەمیش باس لەوە دەكات كە چەند كۆڕ و سیمینارێك ساز دەكرێن بۆ ئەوەی فەلسەفەی ئاشتی لەو شارە بڵاو بكرێتەوە، هەروەها ماددەكانی دیكەیش ئەو ماددانەن كە لە هەموو پڕۆژەیاساكاندا هەن و پێویستە حكوومەت ئەو یاسایە جێبەجێ بكات.
(زێباری) گوتیشی، دوای ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ تەواوی ماددەكان كرا، خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ بوونی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی، پەسەند كرا.
بڵند ئیبراهیم




