كورد بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەكرد.. جارێكی دیكە سەرۆكوەزیران ناتوانێت مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت

هەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، بە دانانی كوردێك بۆ پۆستی وەزیری دارایی، جارێكی دیكە سەرۆكوەزیران ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت. دەشڵێت، "حیساباتی وردمان لەسەر بڕی بەشەبودجەكە لایە".
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق (د. فازڵ نەبی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ئەمڕۆ وەزیرە كوردەكان بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان نەكرد، چونكە تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردووە و متمانەی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە".
ڕوونیشی كردەوە كە، "دوای دەستبەكاربوونی وەزیرێكی كورد لە وەزارەتی دارایی عێراق، كەس بۆی نییە مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت، چونكە ئەوەی پێشووتر كراوە ڕێكەوتنێك بووە لە نێوان سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی عێراقدا".
لەبارەی ناردنی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانیشەوە، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی ئەوەی خستە ڕوو، وەزیری پێشووی وەزارەتی دارایی پیاوی (مالیكی) بوو و هەموو شتێكی بە قسە دەكرد.
(د. فازڵ) سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دێت كە بڕیارە پارەی مانگی 8 و 9 خەرج بكرێت، دەڵێت، "بۆ یەك مانگ بودجەی كودستان ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە و بۆ دوو مانگیش 2 ترلیۆن و نیوە، هەروەها بۆ دوو مانگ مووچەیش ترلیۆنێك و 700 ملیار دینارە".
كارزان هەورامی




