ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی هەزار كوردی شەبەك درا.. هاوشانی پێشمەرگە شەڕی داعش دەكەن

مووسڵ-KDP.info- نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دامەزراندنی هەزار كەس لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەر دراوە و تەنیا ماوە رای وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە چۆنیەتیی دامەزراندنیان وەربگیرێت.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق (مەلا سالم شەبەك)، بۆ KDP.info گوتی، ناوی هەزار كەسیان بۆ دروستكردنی هێزێكی كوردانی شەبەك لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا نووسیوە و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەنجوومەنیش داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە رای خۆیان لەسەری بدەن، بڕیاریش بوو دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگە كۆ ببێتەوە و رای خۆی بدات، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ دوا خرا.
(مەلا سالم شەبەك) گوتیشی، ئەوان هەزار ناویان پێشكەش كردووە، بەڵام ئەگەر داوا بكرێت دەتوانن زۆر زیاتر لەو ژمارەیە ئامادە بكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە، "جگە لەو هێزە، رێگە نادەین هیچ هێزێكی دیكە ناوچە شەبەكنشینەكان بپارێزێت، وەك لە هەندێكی میدیاكان بڵاو كراوەتەوە".
بڵند ئیبراهیم




