٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلا دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بەپێی دەستوور و یاسا كار بكات، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بێت پێویستە ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "من خۆم پەیوەندیم بە وەزیری دارایی بە وەكالەت كردووە و باسی لەوە كرد كە لیژنەیەكیان لەبارەی خەرجكردنی پارە لە چەند مانگی رابردوودا دروست كردووە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك سەرۆكوەزیران بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دا، بزانێت چەند پارەیان لە بەردەستدا هەیە".
(ئەشواق) گوتیشی، ئەو لیژنەیە كاری خۆی تەواو كردووە و راپۆرتی خۆیان رەوانەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران كردووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بدرێت.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "داواكارییەكم ئاڕاستەی (حەیدەر عەبادی) كردووە و ئەگەر بیەوێت حكوومەتەكەی سەركەوتوو بێت، پێویستە ئەو كارنامەیەی پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە، جێبەجێی بكات و هەڵەكانی (نووری مالیكی)ـیش دووبارە نەكاتەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە، (عەبادی ) باسی لەوە كردووە كە بەپێی دەستوور و یاسا كار دەكات و بەشەبودجەی هەرێمیش بە بڕیاری (نووری مالیكی) بە شێوەی زارەكی بڕدراوە، بۆیە ئەگەر بەپێی دەستوور و یاسا بێت، پێویستە ئەمڕۆ بڕیار بدات و مووچەی فەرمانبەران خەرج بكات.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق راشیگەیاند، "ئەمڕۆ پرسی ناردن و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلا دەبێـتەوە، بەڵام پێشبینی دەكەم رەوانە مووچەی فەرمانبەران بكرێت".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار