٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، یارمەتیی مرۆیی بەسەر 6 هەزار خێزانی پەنابەرانی كۆبانیدا دابەش كرد

سەرچاوە: KDP.info

سروچ-KDP.INFO- نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، كۆمەك و هاوكاری گەیاندە 6 هەزار خێزان لە پەنابەرانی كۆبانی و دەورووبەری.

هاوكارییەكە پەنابەرانی نیشتەجێی سروچ و ئۆرفا و گوندەكانی سەر بەو پارێزگایەی گرتووەتەوە. لەم بارەیەوە ئەندامی شاندی نووسینگەی سەرۆکوەزیارن(جەواد سیامەند) بۆ نێو پەنابەرانی كۆبانی بە KDP.INFO-ی راگەیاند، "تا ئێستا كۆمەك و هاوكاریمان  گەیاندووەتە 6 هەزار  خێزان لە پەنابەرانی كۆبانی و دەورووبەری. هاوكارییەكانمان بریتین  لە 20 كامیۆن خۆراك كە لە  13 جۆر خوراك پێك هاتبوون". 
(جەواد سیامەند) ئەوەشی گوت "تیمێكی فراوانمان لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی رۆژئاوای كوردستان درووست كردووە و دەرمان و پێداویستیی پزیشكیمان بۆ دابین كردوون، هەنووكە ئەوان لە ناو پەنابەران وەك تیمی گەڕۆك رۆڵ دەبینن و سەرقاڵی كارەكانیانن". ئاماژەیشی دا، تا پێویست بكات لە سەر بەرنامەكانیان بۆ هەرچیی زیاتری خزمەتكردنی پەنابەران بەردەوام دەبن.
ئەو راگەیاند، ئەوان هەوڵیان داوە بێ جیاوازی، خزمەتی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بە گشتی و كۆبانی بە تایبەتی بكەن، بە هاوكاری و هەماهەنگیی پارتیی دیموكراتی كوردستان –سووریا، چەندین لیژنەی فریاكەوتن و گەیاندنی هاوكاریی پێویستیشیان بۆ یارمەتیدانی پەنابەر و لێقەوماوان پێك هێناون و لە ئێستادا خەریكی كاری مرۆیین.
ئەو ئاماژەیشی بەوەدا، "وێرای ئەوەی هەنووكە هەرێمی كوردستان بە هۆی برینی بودجەكەی لەلایان حكوومەتی عێراقەوە، لە دۆخێكی نالەباری ئابووری و شەڕێكی سەختدان لەگەڵ رێكخراویی تیرۆریستیی داعش، لەگەڵ ئەوەش (نێچیرڤان بارزانی) بە پەرۆشەوە و زۆر جیددیانە دەڕوانێتە دۆخی كۆبانی و ئێمەی راسپاردووە یارمەتیی پێویست پێشكەش بە خەڵكی ناو شار و پەنابەرانی كۆبانی لە توركیا بكەین. بۆیەشە هەرێمی كوردستان و پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لە توانایاندا هەبێ پێشكەشی پەنابەر و لێقەوماوانی دەكات."
هەروها ئەوەشی گوت "تا رەوشەكە بخوازێ، درێژە بە بەرنامەكانیان دەدەن و هەوڵ دەدەن پرۆسەی هاوكارییەكانیان بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان فراوانتر بكەن".
 

هەواڵی پەیوەندیدار