٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تانکەکانی سوپای تورکیا بە ئاڕاستەی ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر کران.. داعش لە کۆبانی نزیکتر بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان، شەڕ لە نێوان هێزەکانی یەپەگە و تیرۆریستانی داعشدا بەردەوامە و پاش کەوتنەخوارەوەی چەند مووشەکێکیش لە نێو خاکی تورکیا، کە لە چوارچێوەی بۆردوومانی خەستی چەکدارانی داعشە بۆ سەر کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای تورکیا ژمارەیەک تانکی بردوونەتە سەر گردێکی بەرز کە بەسەر کۆبانیدا دەڕوانێ.

پێرێ شەممە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا، پێگەیەکی داعشیان لە نزیک کۆبانی و ڕەققەی ناوەندی تیرۆریان کردە ئامانج، بەڵام وەها پێ دەچێ، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە پڕچەکە، بەرەبەرە پاشەکشە بە هێزە کوردییەکە بکات و لە کۆبانی نزیکتر ببێتەوە و ترسی داگیرکردنی تا دێ زیاتر دەبێ.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی تورکیا سبەی سێشەممە پڕۆژەبڕیاری ڕێپێدانی سوپا لە بەکارهێنانی هێز بۆ نێو خاکی سووریا تا لە ڕێیەوە بچێتە نێو هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتییەوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێک هێنراوە، ڕادەست پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات.

 

بەپێی ئەو پڕۆژەبڕیارەیش، تورکیا بواری ئەوەی دەبێ گورزی سەربازیی ئاسمانی لە چەکدارانی پەکەکە لە قەندیلیش بوەشێنێ. هاوکات بڕیاری دووەم کە نوێ دەبێ، ڕێ بە سوپا دەدرێ کردەی سەربازی لە ةیو خاکی سووریادا ئەنجام بدات. ئەم زانیاریانە لە ئاژانسی DW–ی ئەڵمانیاوە وەرگیراون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، لانی کەم 15 تانک براونەتە سەر گردێکی نزیک بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا و لوولەکانیان ئاڕاستەی شاری کۆبانیی نزیک سنوور کردوون.

پەیامنێری ئەو ئاژانسە دەڵێ، بە هۆی ئەو بۆردوومانەی داعشەوە، دووکەڵ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئوای ئەو شارە بەرز دەبێتەوە. لەو چوارچێوەیەیشدا، لانی کەم دوو مووشەک لە نێو خاکی تورکیا کەوتوونەتە خوار.

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار