بەشەبودجەی کوردستان، سبەی دەخرێتە بەر باسەوە.. هێشتا بڕیاری ناردنی نەدراوە

بەغدا-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەڵێت، هێشتا ھیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیران باسکردنی ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق (فازڵ نەبی) بە kdp.infoی راگەیاند: "هێشتا ھیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام یەکێک لەبرگەکانی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لە ناردنی بەشبودجەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و، جارێ دیار نییە بڕیارەکە چۆن دەبێت و بە چ شێوەیەک رەوانە دەکرێت."
(فازل نەبی) گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانە لەلایەن ھەندێک پەرلەمانتارانەوە بڵاو دەکرێنەوە، کە بەشەبودجەی دوو مانگی ھەرێم رەوانە دەکرێت راست نین، چونکە من ئەمڕۆ پەیوەندیم لەگەڵ وەزارەتی دارایی کردووە، ھیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە."
(نەبی) روونیشی کردەوە، "ئەگەر بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان ھیی مانگانە رەوانە بکرێت، کە لەسەر بنەمای بودجەی 2013 دەبێت، چونکە بودجەی 2014 تائێستا پەسەند نەکراوە، بۆ ھەرمانگێک ترلیۆنێک و250ملیار دینارە."
زیاتر گوتی، "وەزارەتی دارایی پەیوەندی بە ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمەوە نییە، چونکە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات."
بڵند ئیبراھیم




