لە 43ـەمین ساڵیادی هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمردا

هەولێر-KDP.info- بە درێژایی مێژووی تێكۆشان و دانوستانەکان، هەوڵ دراوە لە پەنای ئاشتیدا زەبر لە کورد و سەرکردایەتیی سیاسییەکەی بوەشێندرێ، ئەو رۆڵ و پێگە گرینگەی ڕابەری نەتەوەیی، (بارزانیی نەمر)-یش،لە سەدەی ڕابردوودا هەمیشە ئامانجی پیلان و پەلامارەكانی دوژمنان و داگیركەران بووە، چونكە دوژمن و نەیاران باوەڕیان وا بووە، گورزوەشاندن بە واتای کپکردنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد و دۆزە ڕەواکەی. یەكێك لەو پیلانە كوشندانە كە 43 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس بە نەخشەیەكی ژەهراوی هەوڵی تیرۆركردنی (بارزانیی نەمر)-ی دا، لە زاری هاوەڵانییەوە دەخەینە بەر باسەوە.
هەڤاڵی دێرینی بارزانیی نەمر (مەلا برایم هەسنەكی) پێشمەرگەی بەشداربووی شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و بەشداربووی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و بەرپرسی پاسەوانەكانی (بارزانیی نەمر)، لە بارەی پیلانی تیرۆركردنی (بارزانیی نەمر) لە 29/9/1971 كە لە حاجی ئۆمەران داندرا، گوتی، "ئەو كات من بەرپرسی پاسەوانەكانی (بارزانیی نەمر) بووم لە كاتی رووداوەكەیشدا خۆم لە نزیك ئەو رووداوە بووم، لەو كاتەدا مامۆستایانی ئایینی 11 كەس بوون كە بە ناوی مامۆستای ئایینی و بە جلوبەرگی مەلایەتی بە ناو بۆ دیداری (بارزانیی نەمر) هاتبوون. حكوومەتی عێراق پیلانی تیرۆركردنی (بارزانیی نەمر)ـی داڕشت و دەیزانی (بارزانیی نەمر) زۆر رێز لە مامۆستایانی ئایینی دەگرێت، وەفدەكە بە دوو ئۆتۆمبێل هاتنە بازگەی حاجی ئۆمەران و بۆ دیداری (بارزانیی نەمر) هاتن كە (ساڵح مەحموود) پێشوازی لە میوانەكان كرد كە هەموویان 14 كەس بوون و هەندێكی مامۆستایانی ئایینی داوایان لە (بارزانی) كرد بە تەنیا بیبینن".
هاوكات شایەتحاڵێكی تری رووداوەكە، خوالێخۆشبوو پێشمەرگەی دێرین مام (محەممەد سمایل هوستانی) ئەوكاتەی لە ژیاندا بوو، چۆنیەتیی پیلانەكەی 29/9/1971-ی بەم شێوەیە گێڕایەوە، "لە كاتی رووداوەكەدا من خۆم یەكێك لەو پاسەوانانەی (بارزانیی نەمر) بووم و لە نزیك ئەو رووداوە بووم، ئێمە ئاگامان لەم پیلانە نەبوو كە رژێمی بەعسی عێراق ئەم جۆرە پیلانە بۆ تیرۆركردنی رابەری كورد (بارزانیی نەمر) ئامادە بكات، خۆكوژەكان هاتبوونە دیداری تایبەت لەگەڵ (بارزانیی نەمر)، چونكە (بارزانیی نەمر) ڕێزی لە مامۆستا ئایینییەكان دەنا و لە كاتی هاتنی هەر مامۆستایەكی ئایینی لە هەر جۆرە مەزهەب و ئایین و نەتەوەیەك بوونایە، لە كاتی هاتنیان بۆ بارەگای (بارزانیی نەمر) و شۆڕش، نەدەبووایە بپشكنرێن، چونكە (بارزانیی نەمر) ڕێزی لێ دەگرتن".
خوالێخۆشبوو مام (زەكی ئاكرەیی) بەشداربووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و یەكێك لە پاسەوانەكانی (بارزانیی نەمر)، وەها باسی رووداوەكەی كردووە، "لە كاتی رووداوەكەدا من یەكێك لە پاسەوانەكانی (بارزانیی نەمر) بووم و لە نزیك ئەو رووداوە بووم، ئەو كەسانەی بۆ ئەو تاوانە نێردرابوون، لە 11 كەس پێك هاتبوون كە مەلا و مامۆستای ئایینی بوون، هەرچەندە هەندێك لەو مامۆستا ئایینیانە چەند جاری تر هاتبوونە لای (بارزانیی نەمر) و لە یادمە لە بەغدایش دەهاتنە لای (بارزانیی نەمر)، لەناو ئەو مامۆستایانەدا 2 مامۆستا لە خانەوادەیەكی ئایینی بوون و پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ (بارزانیی نەمر) هەبوو، بەڵام مخابن دوژمن ئەو پیلانەی بۆ (بازانیی نەمر) داڕشتبوو تا خۆی و شۆڕشی ئەیلوول لەناو بەرن، بۆیەیش مەلای ئایینیی بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە چەپەڵە هەڵبژاردبوو، چونكە دەیزانی كە (بارزانیی نەمر) زۆر رێزی لە مامۆستا و پیاوانی ئایینی دەگرت جا هەر جۆرە مەزهەبێك بوونایە و لە كاتی هاتنیان بۆ بارەگای (بارزانیی نەمر) و شۆڕش كەس مافی ئەوەی نەبوو بیانپشكنێ، دوژمنیش ئەوەی بە دەرفەت زانی بۆ تیرۆركردنی رابەری كورد (بارزانیی نەمر) و لە ئەو سیفاتە بەرزەی (بارزانی) سوودی وەرگرت و ئەو پیلانەی ئەنجام دا".
پێشمەرگەی دێرین (ساڵح مەحموود بارزانی) بەشداربووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز لە بارەی ئەنجامی پیلانی تیرۆركردنی (بارزانیی نەمر) لە لایەن حكوومەتی بەعسەوە گوتی، "ئەو كات من لە حاجی ئۆمەران لە دیوەخانەی (بارزانیی نەمر) بووم بۆ خزمەتكردن و یارمەتیدانی میوانەكان، ئەو كات شەهید (ئیدریس بارزانی) لەوێ نەبوو و چووبوو سەردانی بارەگاكانی پێشمەرگە لە زۆزك و گرێبیش و حەسەن بەگ بكات. دواتر كاك (مەسعوود بارزانی) هاتە لام و پێی گوتم، بڕۆ لای باوكم و پێی بڵێ كە مامۆستایانی ئایینی بە تۆیۆتا ستێیشن و شۆفێرلێتێك هاتن، بە بڕیاری (بارزانیی نەمر)-یش هیچ كەس لە مامۆستایانی ئایینی نەپیشكێنران، چونكە (بارزانیی نەمر) زۆر رێزی لە مامۆستا ئایینییەكان دەگرت و دوژمن دەیانزانی كە نایانپشكنن".
خوالێخۆشبوو پێشمەرگەی دڵسۆز (زەكی ئاكرەیی) لە بەردەوامیی گێڕانەوەی رووداوەكەدا گوتی، "مامۆستایانی ئایینی راستەخۆ لە بەغداوە بۆ بارەگای (بارزانیی نەمر) نەهاتن، بەڵكە لە رێگای موخابەراتی بەغدا و ئیستخبارات لە حەوزی رەواندز بوون و لەوێ 2 شۆفێر و 9 مامۆستا ئایینی بوون، ئەو 2 شۆفێرە دیراسەت و شارەزایی باشیان هەبوو كە هاتنە رەوانداز و هەواڵی ئەو مامۆستا ئایینیانە گەیشتە بارەگای (بارزانیی نەمر)، لەبەر ئەوەی 2 مامۆستای ئایینی تێدا بوو كە (بارزانیی نەمر) دەیناسین، بۆیە یەكسەر رێگەیان پێ درا كە بێن بۆ بارەگا، كە هاتن لە سەیتەرەی بەرزیوەوە هەتا گەڵاڵە و حاجی ئۆمەران كەس نەیپشكنین و لە حاجی ئۆمەران ئەوان بەرنامەیان وا داڕشتبوو كە هەتا نیوەڕۆی ئەو رۆژە پیلانەكە ئەنجام بدەن، پاشان هەواڵی هاتنی ئەو مامۆستا ئایینیانە گەیەندرایە (بارزانیی نەمر) و بە هەردوو ئۆتۆمبێلەكەیانەوە چوونە سەركانی شێخ، چونكە جاری پێشتریش 2 لەو مامۆستا ئایینیانە هاتبوونە سەركانی شێخ و لە وێدا چاوەڕانی جەنابی (بارزانیی نەمر)ـیان دەكرد. دواتر (ساڵح مەحموود) چووە لای جەنابی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) و پێی راگەیاند، كە میوانەكانی جەنابی (بارزانیی نەمر) هاتوون، هەرچەندە (سەرۆك مەسعوود بارزانی) بە (ساڵح مەحموود)ـی گوتبوو بچێتە لای باوكی و پێی بڵێت میوانەكان هاتوون و لە دیوەخانن، دكتۆر (مەحموود عوسمان) لە گەڵیان بوو، دواتر (بارزانیی نەمر) كە زانی مامۆستا ئایینییەكان هاتوون، بە (ساڵح مەحموود)ـی ڕاگەیاند، با نوێژ بكەم دواتر دێم، هەروەها بە (ساڵح مەحموود)ـی گوتبوو بچێت نانی نیوەڕۆیان بۆ ئامادە بكات، بەڵام مامۆستا ئایینییەكان قبووڵیان نەكردبوو و گوتیان ئێمە لەگەڵ جەنابی (بارزانی) پێكەوە نان دەخۆین، كاتێك (بارزانیی نەمر) هات، دیار بوو هەندێك لە مامۆستا ئایینییەكان دەیانویست (بارزانیی نەمر) بە تەنیا ببینن و بچنە ژوورێكی بچووك كە سەیارە مینڕێژكراوەكەیان لە تەنیشت راگرتبوو، تا بتوانن پیلانەكە بە تەواوەتی جێبەجێ بكەن، (بارزانیی نەمر) بە مامۆستا ئایینییەكانی فەرموو: ئێوە هەمووتان پێكەوە نەهاتوون؟ ئەوانیش گوتیان بەڵێ، دواتر (بارزانیی نەمر) فەرمووی: با هەر لێرە لەو دیوەخانە قسەكانمان بكەین. ئەوانیش ناچار بوون قبووڵیان كرد. هەر ئەوكات جەنابی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) هات و بە ئێمەی گوت كە باوكی چووە ئایا كەسێكی لەگەڵدایە، ئێمەیش گوتمان بەڵێ دكتۆر (مەحموود عوسمان) لەگەڵی بوو".
پاشان (مەلا برایم هەسنەكی) لە بارەی پیلانەكەی دوژمن گوتی، "كاتێك لە دیوەخانەكە دانیشتن، (مەجید كاتب) پاش ماوەیەك هاتە دەرەوە و بە منی گوت: هەندێ چا بۆ میوانان بهێنن، پاشان بە شەهید (شەریف ساڵح زیوەیی) چایچیم گوت: هەندێك چای بۆ میوانان بهێنن، ئەوە بوو چایچییەكە كە (شەریف ساڵح زێوەیی) بوو، چای بۆ میوانەكان بردە ژوورەوە لەو كاتەی كە چای بۆ میوانەكان دانا و بۆ (بارزانیی نەمر)ـیشی دانا، لەو كاتەدا دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز هات و بووە تەپوتۆز، ئەوە بوو ئەو مەلایەی بەرانبەر (بارزانیی نەمر) دانیشتبوو، خۆی تەقاندەوە و چایچییەكە شەهید بوو و ئەو بووە هۆكار كە (بارزانیی نەمر) لەم پیلانەدا بە سەلامەتی دەربچێت.
خوالێخۆشبوو (محەممەد سمایل هوستانی) وەها ڕووداوەكەی گێڕاوەتەوە، "بە ڕاستی موعجیزەیەكی گەورە بوو كە (بارزانیی نەمر) لەو پیلانە رزگار بوو، ئەوانەی لای راست و چەپی (بارزانیی نەمر) بوون كە 8 كەس بوون، كوژران و ئەوانی دیكە هاتنە دەرەوە، (بارزانیی نەمر) لە ژوورەكەی جێ هێشت و هاواری دەكرد و بە ئێمەی پێشمەرگەی دەگوت: كەسیان مەكوژن. (بارزانیی نەمر) وەكو موعجیزە هاتەوە دەرەوە و پارچە گۆشتێك بە چاوییەوە بوو. (مەلا ئیبراهیم) گۆشتەكەی لێ كردەوە و جگەرەیشی لە دەست بوو كە كوژابووەوە و چەخماخەكەی پێ كرد و دیسان جگەرەكەی داگیرساندەوە، لە دەرەویەش هەردوو شۆفیری مەلاكان كە زانییان (بارزانیی نەمر)) سەلامەتە، دەستیان كرد بە نارنجۆك هاویشتن تا سەرەنجام كوژران".
پاش ئەوەی (بارزانیی نەمر) بە سەلامەتی لە دیوەخان هاتە دەرەوە، بۆ ماوەیەكی كورت تەقینەوەیەكی دیكە رووی دا، لەم بارەیەیشەوە (ساڵح مەحموود بارزانی) گوتی، "تەقینەوەیەكی تر رووی دا و ئەویش ئۆتۆمبێلی دەرەوە بوو كە بەرانبەر ژوورە بچووكەكەی تر ڕاگیرابوو، دواتر لە دەرەوە شوفێرەكان نارنجۆكیان هاوییشت و هەردووكیان كوژران. لە ئەنجامی ئەم پیلانەیش، جگە لە چایچی كە لە ژوورەوە شەهید كرا، پێشمەرگەیەكی دیكە بە ناوی (سەلیم زوبێر بارزانی) شەهید كرا و (مەلا برایم) و (ئادەم فەلە) و (زەكی ئاكرەیی) و (دەروێش میرۆ) بە سەختی بریندار بوون و رەوانەی ئێران كران و چەندین پێشمەرگەی تر كە برینەكانیان زۆر سەخت نەبوو، بریندار بوون. دوای ئەوە هەواڵی پیلانەكە بڵاو بووەوە، جەماوەری كوردستان و لایەنگرانی شۆڕش سەردانی حاجی ئۆمەرانیان كرد، ئەو خەڵكە باوەڕیان نەدەكرد و داوایان ئەوە بوو كە دەبێ بە چاوی خۆیان رابەری كورد (بارزانیی نەمر) ببینن، دواتر (بارزانیی نەمر) داوای لە جەنابی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) كرد بروسكە بۆ هەموو لق و بارەگاكانی پێشمەرگە بكات كە ددان بە خۆیاندا بگرن و هیچ نەكەن، چونكە (بارزانیی نەمر) لەم پیلانەدا كە خوا پشت و پەنای بوو، سەلامەت بوو. دوژمن بەو پیلانە شوومەی دەیویست سەركردایەتیی شۆڕش و خودی شۆڕش لەناو ببات و لەو پیلانەدا دوژمن بەرنامەی داڕشتبوو كاتێك (بارزانیی نەمر) تیرۆر كرا، لە هەموو شوێنیك بە فڕۆكە و تۆپ و تانك هێرش بكەنە سەر بارەگا و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش و بەم شێوەیە كۆتایی بە شۆڕشی ئەیلوول بێنن، بەڵام خەیاڵیان خاو بوو، چونكە (بارزانیی نەمر) لەو پیلانەدا بە موعجیزە رزگاری بوو و بۆ گەلی كورد سەلما، كە خوای مەزن لە هەموو كات و شوێنێكدا پشتوپەنایەتی".
ڕاپۆرتی سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی




