دوو رۆژە، سەنتەری کۆبانی بۆردوومان دەکرێت

کۆبانێ-KDP.info- چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆبانی دەڵێت، داعش تائێستا نزیکەی400گوندی کۆنترۆڵ کردووە و لەئێستادا تەنیا نزیکەی 10کم لە کۆبانیوە دوورن و دوو رۆژیشە سەنتەری شار بۆردوومان دەکات.
رۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆبانی (رەزوان بێزار) بە KDP.INFOی راگەیاند: "شەڕ لە کۆبانی لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی یەپەگەدا بەردەوامە."
دەربارەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە کوردییەکان و دووریی تیرۆریستان لە شاری کۆبانی، ئەو چالاکوانە مەدەنییە گوتی، "لەوەتەی داعش هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرپا کردوون، نزیکەی400گوندی داگیر کردوون و، لە ئێستایشدا کەمتر لە 10(کم) ماوە بگاتە ناو سەنتەری شاری کۆبانی."
ئەو چالاکوانە مەدەنییە گوتیشی، لەئێستادا دوای بۆردوومانکردنی فرۆکە جەنگییەکان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش، پێشڕەویی ناکەن و ماوەی چوار رۆژە لە شوێنی خۆیان وەستاون.
(رەزوان بێزار) راشیگەیاند: "دوێنێ داعش ناو کۆبانیی بۆردوومان کردووە و ھاووڵاتیێک شەھید بوو و ھەشتی دیکەیش بریندار بوون و، ئەمڕۆیش جارێکی دیکە بۆردومانی ناو کۆبانییان کردووە، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون."
زیاتر گوتی، ئەو هێزەی یەپەگە، پێویستیان بە چەک ھەیە، چونکە ئەو چەکەی لە دەست داعشدان قورسن و کوردەکانیش تەنیا چەکی سووکیان بە دەستەوەیە، بۆیە پێویستە لە ڕووی چەکەوە ھاوکارییان بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




