(عەرەفات کەرەم): پارتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە ھەڵوێستی هەندێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی لە بەغدا نیگەرانن

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کورد لەبەغدا یەکدەنگ نییە و لێدوان و ھەڵسوکەوتی بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یەکدەنگی و یەکھەڵوێستیی کوردی لە بەغدا تێک داوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان(عەرەفات کەرەم)بەkdp.infoی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا کورد لە بەغدا یەکھەڵوێست نین، چونکە لە کاتی دەنگدان لەبارەی ھەر پرسێک، بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ ئێمەدا نین و پێچەوانەی ئێمە دەنگ دەدەن، نموونەیشی بەوە ھێنایەوە، لە کاتی دەنگدان لەبارەی کاندیدانی پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی حکوومەتی عێراق، ئەوکات ئەوان دەنگیان بەو کاندیدانە داوە و، ئێمەیش لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە، دەنگمان پێ نەدان، ئەمەش لاوازیی کورد لە بەغدا پێشان دەدات."
(عەرەفات کەرەم) گوتیشی، "لێدوانی بەشێک لە ئەندامانیشیان پێچەوانەی یەکھەڵوێستی کوردە لە بەغدا، بۆ نموونە پەرلەمانتارێکی یەکێتی باس لەوە دەکات پێویستە نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەغداوە بفرۆشرێت، کە ئەمە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ (نووری مالیکی)-دا نییە، بۆیە ئەم جۆرە ھەڵوێستانە ئێمەی زۆر نیگەران کردووە، نەک ئێمە بە تەنیا، بەڵکو لیستەکانی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامییش نیگەرانن، چونکە بوونەتە ھۆی تێکدانی کۆدەنگیی کورد لە بەغدا."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر گوتی، "کاریگەریی نەبوونی یەکدەنگیی کورد لە بەغدا بە ئاشکرا دەنگی داوەتەوە و ھەستی پێ دەکرێت و ھەست دەکرێت لێدوان و رەفتاری بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی، لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و ھەڵوێستی ئێمە لاواز پێشان دەدات و مەترسییەکی گەورەیەشە."
(د.عەرەفات) روونیشی کردەوە، "ئەو جۆرە ھەڵوێستانە وادەکات لایەنەکانی بەغدا بۆ خۆیان بەکاریان بێنن و، واھەست بکەن ھەندێک پەرلەمانتار لەگەڵ ئەواندان و کورد یەکدەنگ نین، هەڵبەت ئەمەیش کاریگەری لەسەر بەدەستھێنانی مافی کورد دەبێت لە بەغدا."
بڵند ئیبراھیم




