سەرۆك بارزانی: قاسم سمێر و هەڤاڵانی، قارەمان و مایەی ئومێدی گەلی كوردستانن

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) لە دیدارێکیدا، (قاسم سمێر) و هەڤاڵانی، وەك پێشمەرگەی قارەمان وەسف كردن كە مایەی ئومێدی گەلی كوردستانن و، دووپاتیشی كردەوە كە پشت بە خوای گەورە و خوڕاگری و دلێریی پێشمەرگە قارەمانەكان، تیرۆریستانی داعش لە هەموو بستێكی خاكی كوردستان دەردەكرێن و لەناو دەبردرێن.
ئەم قسانەی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئەیلوولی 2014 کردنی، لە میانەی پێشوازی بوو لە پێشمەرگە و فەرماندەی قارەمانی شنگال (قاسم سمێر).
لە دیدارێكدا (سەرۆك بارزانی) ستاییشی ڕۆڵ و قارەمانێتیی (قاسم سمێر) و ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە چیای شنگال قارەمانانە بەرگرییان لە خەڵكی شنگال كرد و ڕێگەیان نەدا دەستی گڵاوی تیرۆریستان بگاتە چیای شنگال. (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشی لە (قاسم سمێر) كرد كە لە دوای داگیرکردنی شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، توانیویانە گورزی كوشندە لە دەڤەری شنگال و دەورووبەری چیای شنگال لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن.
(سەرۆك بارزانی)، (قاسم سمێر) و هەڤاڵانی، وەك پێشمەرگەی قارەمان وەسف كردن كە مایەی ئومێدی گەلی كوردستانن و، دووپاتیشی كردەوە كە پشت بە خوای گەورە و خوڕاگری و دلێریی پێشمەرگە قارەمانەكان، تیرۆریستانی داعش لە هەموو بستێكی خاكی كوردستان دەردەكرێن و لەناو دەبردرێن.
هەر لەم دیدارە پێشمەرگە و فەرماندەی دلێری شنگال (قاسم سمێر) ورەی پێشمەرگەی لە چیای شنگال و دەرووبەری بە بەرز وەسف كرد و دۆخی مەیدانیی بەرەكانی لە دەڤەری شنگال خستەڕوو و ڕایگەیاند كە چاوەڕوانی فەرمانی (سەرۆك بارزانی)-ن بۆ تێكشكاندن و وەدەرنانی تیرۆریستان لە شنگال.




