سەرۆک بارزانی: ئەوانەی هاوکاریی داعشیان کردووە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر خەڵكی دەبێ بە توندی سزا بدرێن

هەولێر-KDP.INFO- (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، ئەو خەڵكانەی هاوكاریی داعشیان كردووە و بەشداربوونە لە كوشتن و بڕین و تاڵان و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵك، دەبێ بە توندی سزا بدرێن و تاوانباران لەو كەسانە جیا بكرێنەوە كە لەگەڵ تیرۆریستاندا هاودەست نەبوونە.
ئەم گوتانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە چوارچێوەی پێشوازی بوو لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق(فرانك بێكەر) و شاندێكی یاوەری کە ئەمڕۆ سێشەممە لە سەڵاحەددین بەڕێوە چوو.
لە دیدارێكدا سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستان و هەنگاوەكانی هێزە هاوپەیمانەكان و وەشاندنی گورزە ئاسمانییەكان لە دژی تیرۆریستانی داعش لە ناو خاكی سووریا خرایە بەر باس و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە هیچ پەناگەیەكی ئارام لە سووریا و عێراق بۆ تیرۆریستانی داعش نەمێنێت.
پێوەست بە دژایەتیكردنی تیرۆریستان، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە هاوكات لەگەڵ سەركەوتنی سەربازی بەسەر تیرۆریستاندا، پێویستە لە ڕووی سیاسییشەوە لە ناوخۆی عێراق و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە كاری جیددی بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بكرێت.
بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و تێیدا (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا كە هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و تیرۆریستانیش لە دۆخی بەرگری و پاشەكشەدان. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەو خەڵكانەی هاوكاریی داعشیان كردووە و لە كوشتن و بڕین و تاڵان و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵك بەشدار بوون، دەبێ بە توندی سزا بدرێن و تاوانباران لەو كەسانە جیا بكرێنەوە كە لەگەڵ تیرۆریستاندا هاودەست نەبوون.
لەبارەی دۆخی ئاوارەكانیش، (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە خەڵكی ئاوارە بگەڕێندرێنەوە شوێنەكانی خۆیان و لە هەڕەشەی تیرۆریستانیش بپارێزرێن.




