٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی و عەممار ئەلحەکیم دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتیان خستنە بەر باس

سەرچاوە: KDP.info
دیداری نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق(عەممار ئەلحەكیم).

هەولێر-KDP.info-  لە دیداری نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق(عەممار ئەلحەكیم)-دا، دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی تاوتوو كران و هاوکات قسە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەڵاحەددین، پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق(عەممار ئەلحەكیم) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە (فازل میرانی) سكرتێر و (د. ڕۆژ نووری شاوێس و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری) ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان و دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی تاوتوو كران و قسە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.
هەر لەم دیدارە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان كردەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكرێن.
بارودۆخی ئاوارەكان و یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی پەنابەران، جەخت لەوە كرایەوە كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان گەڕاندنەوەیانە بۆ ناوچەكانیان و هەروەها پاراستن و قەرەبووكردنەوەیانە و پێویستە لەم ڕووەوە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار