٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی، هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی بەرز دەنرخێنێ.. پیرۆزبایی دامەزراندنیان لێ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info-  به‌ بۆنه‌ی 44 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام، (سەرۆک بارزانی) ڕایدەگەیەنێت، "ئێمە لە کاتێکدا یادی دامەزراندی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەکەیەنەوە کە کۆمەڵێک خوانەناس و لەدین دەرچوو بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و حەزی کوشتن و کاولکاری و، پەلاماری خاکی پیرۆزی کوردستانیان داوە، مایەی شانازییە کە زانایانی ئایینی لە کوردستان زۆر زوو لە دژی ئەم تیرۆریستانە هاتنە دەنگ و ڕاتانگەیاند کە ئەوەی ئەو تیرۆریستانە ئەنجامی دەدەن لەهیچ شوێنێکی ئاییندا جێی نابێتەوە و دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە."

دەقی پیرۆزبایینامەی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان کە ئاراسته‌ی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی‌ كوردستانی كردووە:

به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان

به‌رێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی

سڵاوی خواتان لێ‌ بێت

به‌ بۆنه‌ی 44 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌تان گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ و سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ ته‌واوی كوردستان ده‌كه‌م .

ئێمە لە کاتێکدا یادی دامەزراندی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەکەیەنەوە کە کۆمەڵێک خوانەناس و لەدین دەرچوو بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و حەزی کوشتن و کاولکاری و، پەلاماری خاکی پیرۆزی کوردستانیان داوە، مایەی شانازییە کە زانایانی ئایینی لە کوردستان زۆر زوو لە دژی ئەم تیرۆریستانە هاتنە دەنگ و ڕاتانگەیاند کە ئەوەی ئەو تیرۆریستانە ئەنجامی دەدەن لەهیچ شوێنێکی ئاییندا جێی نابێتەوە و دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە.

لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا یه‌كێتییه‌كه‌تان رۆڵێكی به‌رچاو و كارای له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی گێراوه و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییکردن لە کوردستان بوون، ‌ئێستاش ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی زۆر هەستیارە، دڵنیاین مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان بە گیانی پێشمەرگانەوە بەرگری لە خاکی کوردستان و کەرامەتی خەڵکی کوردستان دەکەن و ئەو هەڵوێستەتان بەر دەنرخێنم کە جگە لەوەی لە بەیاننامە و وتارەکانتان پشتیوانییتان لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کرد، کۆمەڵێک لە مامۆستا بەڕێزەکانیش چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتییان گرتە دەست و چوونە سەنگەرەکانی بەرگریکردن لە خاک و گەلی کوردستان.

لێرەوە وێڕای دەستخۆشییم لە مامۆستایانی ئایینی، داواتان لێ دەکەم كار لەسەر گەنجەكانمان بكەن بۆ ئەوەی لە نیشتیمانپەروەری دانەبڕێن، پێویستە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو تیرۆریستانە پێشان بدەن و ڕێگە نەدەن بە هیچ شێوەیەک بیری توندڕۆیی و تەکفیری لەناو گەنجانی وڵاتەکەماندا بڵاو ببێتەوە.

ئێستا لە سایەی پێشمەرگە قارەمانەکانمان گەلەکەمان بووەتە سیمبولی ئازادیخوازی و ڕەتکردنەوەی توندڕۆیی و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و شانازیی ئەوەمان هەیە کە بە نوێنەرایەتیی هەموو مرۆڤایەتی و دنیای ئازاد تیرۆریستان لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان تێک دەشکێندرێن. پێویستە مامۆستایانی ئایینی ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی بۆ کوردستان هاتووەتە دەست، بەرهەمی بڕوابوونمانە بە ئازادی و لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان، ئەوانە لای مرۆڤی کوردستانی بەهای نەگۆڕن و دەبێ بیانپارێزین.

هیوادارم له‌ سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌ی خۆتان به‌رده‌وام بن بۆ خزمه‌تی گه‌لی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سه‌ر بنەمای خۆشه‌ویستیی نیشتمان و لێبورده‌یی و راوه‌ستان دژ به‌ دیارده‌ی تیرۆر و دژی هەموو ئەو بیر و کردارانە بن کە دژی روحیه‌تی ئایینی ئیسلام و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانە.

خوای مه‌زن پشت و په‌ناتان بێت


مسعود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

20/9/2014

هەواڵی پەیوەندیدار