٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: مەهێڵن گەنجان بەلاڕێدا ببرێن.. مامۆستایانی ئایینی: ئەوەی لەپێناوی نیشتیماندا نەجەنگێت، لە ئایین بێبەرییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی سنووری دهۆک، (سەرۆک بارزانی) وێڕای ئەوەی داوای لێ کردن ڕێگە نەدەن گەنجاان بەرەو لادان و توندوتیژی بچن. مامۆستایانی ئایینیش تەئکیدیان کردەوە کە هەروەک چۆن لە ڕابردوودا وەک پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگرییکردن لە خاکی کوردستاندا بوون ئێستایش ئامادەن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بچنە سەنگەرەکانی بەرگری و، تەئکیدیان کردەوە کە ئەوەی نیشتیمانی خۆی خۆش نەوێت و لەپێناویدا نەجەنگێت، لە ئایین بێبەرییە.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینیی سنووری پارێزگای دهۆک کۆ بووەوە.
لە دیدارەکەدا (سەرۆک بارزانی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی دەربڕی و لە وتەیەکدا ئاماژەی بە ڕەوشی ئێستای عێراق و کوردستان و شەڕی سەپێندراوی تیرۆریستان بۆ سەر کوردستان کرد و، بە وردی هۆکارەکانی شیی کردنەوە و  ئاماژەی بەوە کرد کە "کوردستان لە ڕابردوویشدا پەناگای لێقەوماوان بووە و ئەوە فەرهەنگی خەڵکی کوردستانە کە ڕێز لە لێقەوماوان دەگرێت، بەڵام هەرگیز نەبووینەتە بەشێک لە ململانێی پێکهاتەکانی عێراق."
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "تیرۆریستان بەو چەکە پێشکەوتووانەی لە شکاندنی سوپای دوو وڵاتدا دەستیان کەوت پەلاماری کوردستانیان دا، بەڵام زوو پیلان و تاکتیکەکانیان بۆ پێشمەرگە ئاشکرا بوون و پێشمەرگە لە حاڵەتی بەرگرییکردن دەرچوو و، هەڵمەتی ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان دەستی پێ کرد، ئێستا پێشمەرگە قارەمانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن و تیرۆریستان ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر هێرشی پێشمەرگە ڕابگرن و هەموو ئەو شوێنانەش ئازاد دەکرێنەوە، کە تا ئێستا لەژیر دەستی تیرۆریستاندا ماون."
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "ئەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ پێشمەرگەی کوردستان کە توانییان هێزێکی دڕندە تێک بشکێنن کە پێشتر سوپای پڕچەکی پێشکەوتووی دوو وڵات نەیانتوانیوە لەبەرانبەریدا ڕابوەستن."
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە ڕۆڵی هەستیاری مامۆستایانی ئایینی کرد لە پەروەردەکردنی گەنجان لەسەر بەها بەرزەکانی نیشتیمانپەروەری و لێبوردەیی و پێکەوەژیان. تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان بە بڕوابوونی بە ئازادی و لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، توانی ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە دەستەبەر بکات کە ئێستا لە شەڕی گەلەکەمان بەرانبەر تیرۆریستان دەیبینین، بۆیە ئەرکی مامۆستایانی ئایینی ئەوەیە، ڕێگە نەدەن گەنجانمان بەرەو لادان و توندوتیژی بچن و، پێویستە ئەو بەها پیرۆزانە بپارێزن کە بە درێژایی مێژوو وەک شانازییەکی مەزن بۆ گەلەکەمان لەقەڵەم دراوە."
لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ مامۆستایانی ئایینی کرایەوە و مامۆستایانی ئایینی هەڵوێستەکانی (سەرۆک بارزانی)-یان بەرز نرخاند کە لە یەکەم ساتەکانەوە خۆی بە وردی و لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکەی کرد و کەسە نزیکەکانی خۆی ناردە بەرەکانی شەڕ و ئامادەبوونی ئەوان دڵنیایی و گوڕوتینێکی گەورەی بە هێزی پێشمەرگە و هاووڵاتیان بەخشی.
مامۆستایانی ئایینی تەئکیدیشیان کردەوە کە هەروەک چۆن لە ڕابردوودا وەک پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگرییکردن لە خاکی کوردستاندا بوون ئێستایش ئامادەن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بچنە سەنگەرەکانی بەرگری و، تەئکیدیان کردەوە کە ئەوەی نیشتیمانی خۆی خۆش نەوێت و لەپێناویدا نەجەنگێت، لە ئایین بێبەرییە.

هەواڵی پەیوەندیدار