وەزیری دەرەوەی کەنەدا: لەگەڵتان و شانبەشانتان دەبین لە شەڕی تیرۆریستاندا

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری دەرەوەی كەنەدا ڕایگەیاند، كە گەلی كەنەدا و حكوومەت و لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەكەی ئامادەن پاڵپشت و هاوكاریی كوردستان بن لە شەڕی دژی تیرۆردا و، ئەوەیشی خستەڕوو كە "لەگەڵتان و شانبەشانتان دەبین لە شەڕی تیرۆریستاندا بۆ ئەوەی سەر بكەون و وڵاتێكی گشتگیر و ئازاد و سەقامگیر و ئاشتیخواز بنیات بنێن." هاوکات (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، لەژێر ئابلۆقەی دەساڵە و بەو ئیمكانیاتە متوازەعەی لە دەستی پێشمەرگەدایە، پێشمەرگە بە ئیرادەی خۆی توانی ڕێگە لە پێشڕەویی دەوڵەتێكی پڕچەكی تیرۆریستی بگرێت، ئەوەیشی ڕاگەیاند كە بە یارمەتیی دۆستان و جیهانی ئازاد پێشمەرگە لە شەڕكردن و تێكشكاندن و ڕاوەدونانی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەددین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی كەنەدا(جۆن بیڕد) و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پارلەمانتاری ئەم وڵاتە و باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق.
لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی كەنەدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و سەردانی بۆ كوردستان نیشان دا و ڕایگەیاند كە گەلی كەنەدا و حكوومەت و لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەكەی ئامادەن پاڵپشت و هاوكاریی كوردستان بن لە شەڕی دژی تیرۆردا و، ئەوەیشی خستەڕوو كە "لەگەڵتان و شانبەشانتان دەبین لە شەڕی تیرۆریستاندا بۆ ئەوەی سەر بكەون و وڵاتێكی گشتگیر و ئازاد و سەقامگیر و ئاشتیخواز بنیات بنێن."
وەزیری دەرەوەی كەنادا ئاماژەی بەوەدا كە وڵاتەكەی و جیهانی ئازاد بە هیچ شێوەیەك وەحشیگەریی تیرۆریستان قبووڵ ناكەن و نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا لەمەڕ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق بە تایبەت ئەو شوێنەی كە جێگەی ئومێدی هەموو لایەكە. وەزیری دەرەوەی كەنەدا هێمای بە نێودەوڵەتیبوونی هەڕەشەی تیرۆر دا و شەڕكردنی لە دژی تیرۆری بە ئەركێكی هەمەلایەنە زانی.
شاندە یاوەرەكەی وەزیری دەرەوەی كەنەدا دەستخۆشییان لە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ئەو هاووڵاتییانەی ڕوویان لە كوردستان كردووە و سوپاسی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە ڕێگەیان لە گەشە و پێشڕەویی تیرۆریستان كردووە و هەروەها سەرەخۆشییان لە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان كرد و هاوخەمیی خۆشیان نیشان دا بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگ بوونەتە قوربانی و شەهید بوونە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی كەنەدا و شاندە یاوەرەكەی كرد و ڕایگەیاند ئەو سەردانە پەیامێكی بەهێزی گەلی كەنەدایە بۆ خەڵكی ئێمە كە لەم شەڕەدا كوردستان لەسەر ڕێگەی ڕاستە و تەنیا نییە و سوپاسی حكوومەت و گەلی كەنەدا و جیهانی ئازادی كرد كە پاڵپشتی گەلی كوردستانن لە شەڕی تیرۆریستاندا. (سەرۆك بارزانی) هێمایشی بەوەدا كە جێگەی شانازییە پێشمەرگە و گەلی كوردستان لەبری جیهانی ئازاد و بۆ پاراستنی بەها مرۆڤییەكان شەڕی تیرۆریستانی دەكات.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە لەژێر ئابلۆقەی دەساڵە و بەو ئیمكانیاتە متوازەعەی لە دەستی پێشمەرگەدایە، پێشمەرگە بە ئیرادەی خۆی توانی ڕێگە لە پێشڕەویی دەوڵەتێكی پڕچەكی تیرۆریستی بگرێت و، ئێستا لە بەرەكانی شەڕ دەستپێشخەری لە دەستی پێشمەرگەیە و هێزە سەرەكییەكانی داعش گورزی كاریگەرییان بەر كەوتووە. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی ڕاگەیاند كە بە یارمەتیی دۆستان و جیهانی ئازاد پێشمەرگە لە شەڕكردن و تێكشكاندن و ڕاوەدونانی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ شاندی میوان شیی كردەوە كە ئاستی كارەسات و ژمارەی ئاوارەكان ئەوەندە بەرزە كە لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و تەنانەت بەهۆی بوونی ئاوارەكان لەناو قوتابخانەكان، گرفت بۆ پڕۆسەی خوێندنی قوتابیان دروست بووە. پەیوەست بە چارەسەریی كێشەكانی ئاوارەكان (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە چارەسەری سەرەكیی ئەوەیە بتوانرێت ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە و بشپارێزرێن.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




