٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: ڕێگە نادەین تیرۆر پێگەی لە كوردستاندا هەبێت و بە توندی بەرەنگاریان دەبینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "نامانەوێ ئەمەریكا و جیهانی ئازاد ڕۆڵەكانیان بۆ شەڕ بنێرنە كوردستان، بەڵكە دەخوازین پاڵپشتیی مرۆیی و سەربازی بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە دابین بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان بكەین و هاووڵاتیان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بپارێزین". دەشڵێت، "ڕێگە نادەین بە هیچ شێوەیەك تیرۆر پێگەی لە كوردستاندا هەبێت و بە توندترین شێوە بەرەنگاریان دەبینەوە".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 9ـی 2014 لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (سیناتۆر كارل لێڤین) و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند، گەلی ئەمەریكا هەست بە نزیكییەكی زۆر دەكات لەگەڵ گەلی كوردستان و ستاییشی كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردی كرد كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێوێنەیە، كولتوورێك كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان پێڕِەوانی ئایینەكان نابینێت و هەروەها دەستخۆشیشی لە حیكمەت و دووربینیی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی كوردستان كرد كە بەردەوام كار بۆ چارەكردنی كێشەكان و لە هەمان كاتیشدا بەدیهێنانی خەونەكانی گەلەكەیان دەكەن.
سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا نیگەرانیی خۆی بۆ گەشەكردنی تواناكانی تیرۆریستان و ئەو هەڕەشەیە پێشان دا كە تیرۆریستان لە دژی كوردستان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی نەینەوا دروستیان كردووە.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی (سیناتۆر كارل لێڤین) و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا یارمەتیی كوردستانیان دا و ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئێمە نامانەوێ ئەمەریكا و جیهانی ئازاد ڕۆڵەكانیان بۆ شەڕ بنێرنە كوردستان، بەڵكە تەنیا دەمانەوێ پاڵپشتیی مرۆیی و سەربازی بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە دابین بكەن بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان بكەین و هاووڵاتیان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بپارێزین.
(سەرۆك بارزانی) هێمای بەو ئابڵووقە دە ساڵەیە دا كە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بەسەر پێشمەرگەدا سەپێندرابوو كە پێچەوانەی ڕێكەوتنەكانیش بوو و بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چەكی نوێ و مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام بێبەش بن و ڕایگەیاند، "لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەدا، ڕێگە نادەین بە هیچ شێوەیەك تیرۆر پێگەی لە كوردستاندا هەبێت و بە توندترین شێوە بەرەنگاریان دەبینەوە".

بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە دا كە ڕوویان لە كوردستان كردووە و ئەوەی خستە ڕوو كە حەواندنەوەی ئەو ژمارە گەورەیەی ئاوارە و پەنابەر لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و ڕایشیگەیاند كە چارەی گرفتی ئاوارەكان ئەوەیە كە بتوانن بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئاستی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان (سەرۆك بارزانی) و سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار