سەرۆک بارزانی و عەللاوی لەسەر بەشداریی هەموو پێكهاتەكان لە حکوومەتی نوێدا، هاوڕا بوون

هەولێر-KDP.INFO- (سەرۆک بارزانی) و (ئەیاد عەللاوی) لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە، پێویستە لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوودا، ویست و داواكاریی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەبەر چاو بگیرێت. ئەوەیش دووپات كرایەوە، كە بۆ سەركەوتن لە شەڕی تیرۆریستان، پێویستە چارەسەری سیاسیی گونجاوییش بدۆزرێتەوە.
ئەم هاوڕاییە لە دیداری ئەمڕۆ سێشەممەی نێوان (سەرۆک بارزانی) و سەرۆكی لیستی نیشتیمانیی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(ئەیاد عەللاوی)، کە لە سەڵاحەددین ساز درا جەختی لێ کرایەوە.
لەو دیدارەدا، هاوکات دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق، خرانە بەر باس هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ سەر كوردستان و عێراق و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوو كران و قسەیش لەبارەی باردۆخی ئاوارەكان و ڕەوش و گوزەرانیان كرا.
هەر لەم دیدارەدا هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە، پێویستە لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوودا، ویست و داواكاریی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەبەر چاو بگیرێت. ئەوەیش دووپات كرایەوە، كە بۆ سەركەوتن لە شەڕی تیرۆریستان، پێویستە چارەسەری سیاسیی گونجاوییش بدۆزرێتەوە.
لەو دیدارەدا جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە حكوومەتی عێراقی پابەندی ئەو بەرپرسیارێتییە بێت كە بۆ یارمەتیدان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لەسەر شانیەتی.




