٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای دهۆك لە پلانیدایە، كەمپێكی نموونەیی، بۆ هەزار خێزانی ئاوارە دروست بكات

سەرچاوە: KDP.info
پارێزگاری هۆك (فەرهاد ئەترووشی)

دهۆک-KDP.INFO-  پارێزگاری دهۆك رایگەیاند، لیژنەیەك بۆ دروستكردنی كەمپێكی تایبەت و نموونەیی بۆ ئاوارەكان پێك هێندراوە بۆ ئەوەی لە كاتێكی زۆر كەمدا لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم و لەلایەن ئیدارەی پارێزگای دهۆكەوە بۆ هەزار خێزان بنیات بنرێت.

پارێزگاری هۆك (فەرهاد ئەترووشی) لە دیمانەیەكی ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژەی دا، دوو كێشەی هەرە سەرەكیی بەردەمیان لە ڕێگەی گەیاندنی خزمەت بەو ئاوارانە، دروستكردنی كەمپ و دابینكردنی خۆراكە بۆیان.

ڕوونیشی كردەوە، "ئەگەر 300 هەزار خانەوادەمان هەبێت و رۆژانە سێ ژەمی خواردنیان بۆ دابین بكەین، ئەوا پێویستی بە 900 هەزار ژەمی خواردن دەبێت، ئەمە جگە لە 900 هەزار سەموون و زیاتر لە یەك ملیۆن بوتڵی ئاو".
ئەو گوتیشی كە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی قایمقامییەت لەبارەی پێدوایستیی خۆراك لە ماوەی رۆژێكدا لە هەر حەوت قەزاكەی دهۆك رۆژانە پارێزگا پێویستی بە 120 هەزار دۆلار دەبێت، ئەوە تەنیا بۆ دابینكردنی دوو سەموون و یەك بوتڵی ئاو بۆ هەر كەسێك و بەم پێیەیش لە ماوەی یەك هەفتەدا پێویستە یەك ملیۆن دۆلار بۆ ئەم مەبەستە لە بەردەست بێت.

دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی تازەی پارێزگای دهۆك لە كاتێكدا هات كە جگە لە قەیرانی ئابووریی سەپێندراو بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە و داگیركردنی پارێزگای مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی ئەم پارێزگایە روویان لە دهۆك كرد و لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی كوردی سووریا، كارەساتی شنگال رووی دا و بەشێكی زۆری خەڵكی ئەم ناوچەیە ئاوارەی دهۆك بوون و باری ئەو پارێزگایە ئەوەندەی دیكە قورس بوو، بە شێوەیەك كە گەیشتە رادەی راگەیاندنی (باری لەناكاو).

لە 12ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجوومەنی تازەی پارێزگا دوای دوو رۆژ لە هێرشی تیرۆریستانی داعش یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێ دا و دەستبەكار بوو، لە17ی حوزەیرانیشدا وەكو هەنگاوی یەكەم ژوورێكی تایبەتی عەمەلیات دروست كرا بۆ رێگەگرتن لە هەر قەیرانێك كە كاریگەری بەسەر پارێزگای دهۆكەوە هەبێت و هەموو فەرمانگە و دامودەزگا حكوومییەكانی ئەم پارێزگایە تێیدا ئەندام بوون.

بەپێی دوایین راگەیەندراوی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش، پارێزگای دهۆك بە هەر 7 قەزاكەیەوە زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لە خۆ دەگرێت و تەنیا لە مانگی ئابدا، 89%-ی كۆی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە.

هەروەها ئاماژەی بەپێی دوائامار، ئاوارەكان لە زیاتر لە 1000 شوێن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا نیشتەجێ كراون و نزیكەی 1،400،000 كەس ئاوارەی هەرێمن كە بارگرانییەكی زۆر دەخاتە سەر خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

پارێزگاری دهۆك نیشانی دا كە، "رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا كرابوو بۆ هاوكاریكردنی پارێزگای دهۆك لەبارەی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی ئاو لەسەر رووباری دیجلە بۆ ئاوارەكان و لەم بارەیەیشەوە قسە لەگەڵ (ئەحمەد چەلەبی) كرابوو، بۆ ئەم پڕۆژەیەیش لە كەمپی گەرماو دەست بە كار كرا و نزیكەی 300 – 400 ماڵ لێی سوودمەند دەبن".

(ئەترووشی) هەروەها گوتیشی، "لە دوای رووداوەكانی شنگالەوە زیاتر لە 515 هەزار كەس لە شنگال و تلكێف و ناوچەكانی دەوروبەرییەوە هاتوونەتە دهۆك، ئەمە جگە لە هەبوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی كوردی سووریا و ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی عەرەبی ناوەڕاستی عێراق كە چەند ساڵێكە لە دهۆك نیشتەجێن، ئێستایش زیاتر لە 500- 600 هەزار كەس لە پارێزگای دهۆك ئاوارە و پەنابەرن".

ئاوارەكانی كۆمەڵگەی شاریا لە دهۆك

لە ماوەی ڕابردوودا، زیاتر لە 122 هەزار كەس لە پردە ئاسنینەكەی پیشابوورەوە هاتوونەتە پارێزگای دهۆك، كە وای كرد پارێزگای دهۆك دەستبەجێ كار بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەكییەكانیان بۆ بكات، ئەمە جگە لە دروستكردنی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی قایمقامی دهۆك بۆ گواستنەوەی ئاوارەكان بۆ زاخۆ و دهۆك و سێمێل یان هەر شوێنێك خۆیان حەز بكەن تێیدا نیشتەجێ بن، چونكە پارێزگا خۆی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران ئامادە نەكردبوو.

پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بەوە دا، "نزیكەی 300 – 400 هەزار كەس لە خەڵكی شنگال و زوممار و تلكێف و تلسقۆف و باتنایا و بەرتلە و بەهزانی و قەرەقووش لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هاتنە دهۆك و شوێنیان بۆ دابین كرا، ژمارەیەكی كەمیش چوونە قەزای حەمدانییە و پارێزگای هەولێر و نزیكەی 2100 خێزانی كاكەیی ئاوارەی قەزای بەردەڕەش بوون".

بە هۆی ئەم بارودۆخەوە ئێستا چەندان قوتابخانە لە سنووری پارێزگای دهۆك ئاوارەیان تێدا نیشتەجێ كراوە كە زیاتر لە 25 هەزار خێزان دەگرنە خۆ، ژمارەیەكیش لەو خێزانە ئاوارانە لەنێو هۆڵەكاندا نیشتەجێ كراون، ئەمە جگە لە خێوەت و ئەو باڵەخانانەی كە هێشتا هەیكەلن و تەواو نەكراون.


(فەرهاد ئەترووشی) دووپاتی كردەوە كە پێداویستیی ئاوارەكان تەنیا خۆراك و ئاو نییە، بەڵكو پێویستە كارەبا و خزمەتگوزاریی تەندروستی و كەلوپەلی ناوماڵ و دەرمان و پێدوایستیی منداڵان دابین بكرێت، ئەمە جگە لە دروستكردنی كەمپ و خێوەت و دروستكردنی بنكەی تەندروستی و بنكەی پۆلیس و ئاسایش و خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بۆ زیاتر لە 60-70 هەزار خێزان.

گوتیشی، "بزاڤی ئابوری و بازرگانی لە دهۆكدا لاواز بووە بە تایبەتی لە خاڵی سنووریی نێوان هەرێم و توركیا و سنوور لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق نەماوە لە پارێزگای دهۆك، چونكە دهۆك وەكو ترانزێت بوو بۆ بازرگانی لە نێوان عێراق و توركیا و عێراق و ئێرانیش، بۆیە بەردەوامیی ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی گرفتێكی گەورەی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان".
 

هەواڵی پەیوەندیدار