پێنج خاڵ ناکۆکییان لهسهره.. لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا لێک دوورن

بەغدا-kdp.info- گوتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد دەڵێت، تاوەكو ئێستا لەگەڵ بەغدا لەبارەی زۆر پرسی گرنگ نەگەییشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ كۆی ئەنجامی دانوستانەكان بگەیەننە سەركردایەتیی كوردستان و لەگەڵیاندا كۆ ببنەوە.
گوتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد (فریاد رەواندزی) بە kdp.info-ی راگەیاند، "دوێنێ دواكۆبوونەوەی خۆمان لە گەڕی دووەمی دانوستانەكان ئەنجام داو لەبارەی ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتیمانییان هەیە، گەیشتووینەتە رێككەوتن و زۆرێكی پرسەكانیش ماون و جیاوازیی بۆچوونمان هەیە و داڕشتنی نوێمان بۆ ئەو پرسە جیاوازانە هەیە، ئەوان ئەنجامی كۆی دانوستانەكان دەبەن بۆ سەركردایەتیی خۆیان و ئێمەیش ئەمڕۆ دەگەڕێینەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەنجامەكان دەدەینە سەركردایەتیی خۆمان".
(رەواندزی) گوتی، "هەر ئەمڕۆ ئێمە كاتێك گەڕاینەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەركردایەتیی كورددا كۆ دەبینەوە و چاوەڕوانی دوابڕیار دەكەین و، دواتریش دەگەڕێینەوە بەغدا".
گوتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد راشیگەیاند، "جیاوازیی زۆرمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا هەیە، لەوانە پرسی نەوت و غاز، ماددەی 140، بودجە، مووچە و پێڕۆی ناوخۆی حكوومەت، بەڵام جۆرێك كرانەوە بۆ پرسی پێشمەرگە هەیە بۆ ئەوە چوارچێوەیەكی یاسایی بدۆزینەوە تا مووچەیان پێ بدرێت و مەشقیان پێ بكرێت و پڕچەكیش بكرێن، ئەمەیش جارێ قسەیە و نەبووەتە بڕیار و رێككەوتن نەكراوە".
گوتیشی، "لەبارەی 17%-ی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان ئەوان رازی نین، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت پێویستە ئیدی بودجە وەک كارتێكی سیاسی بەكار نەهێنرێت لە دژی هیچ لایەنێك، چ پارێزگایەك بێت یاخود هەرێمی كوردستان، ئەمەیش لەناو كارنامەی حكوومەتدا جێگیر بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا لەسەری نەگەیشتووینەتە رێككەوتن".
ئەوەیشی خستەڕوو كە، "كارنامەكەی ئێمە 26خاڵە، بەڵام ناكۆكیمان لەسەر چوار پێنح خاڵی گرینگ هەیە كە پەیوەستن بە ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە".
هاوكات ئاماژەیشی دا، "وهک شاندی كورد پێشنیازێكمان لەبارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران داوەتە هاوپەیمانیی نیشتیمانی و چاوەڕێ دەكەین، لە دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا وەڵاممان بدەنەوە".
ڕوونیشی كردەوە، "ئەگەر كاری جیددی بكرێت، رەنگە بتوانین لە ماوەی ئەو شەش رۆژەی كە ماوە، رێك بكەوین".
بڵند ئیبراهیم




