لیژنەی بەرەنگاربوونەی پاكتاوی ڕەگەزیی نەتەوە یەكگرتوووەكان، داوای ناردنی هێزی ئاشتپارێز بۆ عێراق دەكات

ژنێف-KDP.INFO- لیژنەی بەرەنگاربوونەی پاكتاوی ڕەگەزی سەر بە نەتەوە یەكگرتوووەكان پاش تاوتووكردنی رەوشی مڕۆیی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا داوا لە سكرتێری گشتی دەكات كار بكات بۆ ناردنی هێزی ئاشتیپارێز بۆ عێراق.
بەیاننامەی لیژنەی بەرەنگاربوونەی پاكتاوی رەگەزی سەر بە نەتەوە یەكگرتوووەكان بۆ پێكهێنانی ناوچەی ئارام و ناردنی هێزی ئاشتیپارێز، پاش ئەوەی دێت كە لیژنەكە لە كۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە رۆژانی 18-20/08/2014 لە شاری ژنێف، تیشكی خستبووە سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، بەتایبەتی ئەو كارەساتە مڕۆییە كە بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعشەوە بەرۆكی هەرًێمی كوردستان و عێراقی گرتووە.
شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەی ساڵانەی تاوتووكردنی رەوشی مافی مرۆڤی عێراق و هەرێم، بە خستنەڕووی هەڵوێست و یارمەتییە مرۆیی و سەربازییەكانی هەرێم بۆ پاراستنی ناوچەكە و یارمەتیدانی شەپۆڵی نوێی ئاوارەكان، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی كردبوو بۆ دابینكردنی ئاشتەوایی نیشتمانی و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان پشتگیریی سیاسی، مڕۆیی و سەربازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
لیژنەی بەرەنگاربوونەی پاكتاوی رەگەزی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی داوە بە، كارەساتی مرۆیی و جینۆساید دەكات كە بە هۆی كۆمەڵكوژی، لەناوبردنی ئەتنیكی، توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان و پێكهاتەی ئەتنیكی و مەزهەبی و ئاوارەكردنی هاووڵاتیان لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.
لیژنەكە لە ژێر رۆشنایی كۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی عێراق و دابینكردنی ئاشتی و ئاساییش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، داوای بەپەلە جێبەجێكردنی ئەو دوو خاڵەی خوارەوە دەكات:
1- داوا لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دەكات، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ تاوتووكردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق رێك بخات، كە تیایدا لێكۆڵینەوە لە هۆكاری شەڕ و پێكدادان، بنەما و كردەوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی، هێز و لایەنەكانی دەستێوەردەر و بواری داراییەكەی بكات، لەگەڵ پێشنیاز بۆ لێپرسینەوە و سزادانی ئەوانەی كە تاوانی جەنگییان دژی مڕۆڤایەتی ئەنجام داوە.
2- هانی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدات، پلانێك پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاساییش بكات بۆ ناردنی هێزی ئاشتیپارێز بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و پاراستنی دانیشتووانی رەسەنی ناوچەكە.




