دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێم لە مەخموور دەستی بە كارەكانی کردەوە

هەولێر-KDP.INFO- دوای پاكکردنەوەی لە چەكدارانی رێکخراوی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، زۆربەی دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی مەخموور دەستیان بە كارەكانی خۆیان كردووەتەوە.
قایمقامی شارۆچكەی مەخموور(ئیبراهیم شیخەڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گوت، کە ئێستا رەوشی ناوچەكە ئاسایی بووەتەوە و "دەستگاکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان بە كاری رۆژانەی خۆیان كردووەتەوە، تەنیا فەرمانگەی باری شارستانی نەبێت، كە ئەویش بریارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە و دەست بە راپەڕاندنی كاروباری هاووڵاتیان بکاتەوە."
هەروەها گوتی "هاووڵاتیانیش لە كورد و عەرەب بە رێژەیەكی بەرچاو گەراونەتەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان. هەرچەندە تەنیا بەشێكی زۆر كەم لە عەرەبەکان، بە راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ، هاوكاریی چەكدارانی داعشیان كردووە، بەڵام زۆربەیان لەگەڵ هاووڵاتیانی كورد بەرەو ناوچەكانی كوردستان ئاوارە ببوون".
لە لایەکی ترەوە قایمەقامی شارۆچكەی مەخموور رایگەیاند کە "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حکوومەتی عیراقی فیدراڵ، لیژنەیەك پێك هاتووە بۆ ئەوەی بڕی پارەیەکی دیاریکراو بە هەر خێزانێكی ئاوارەی ناوچەكە بدرێت وەک قەرەبوو".
هەروەها گوتی کە "هەر چەندە جارێ هیچ بودجەیەك لەلایەن هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراقی فیدراڵەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانپێكەوتووان تەرخان نەكراوە، بەڵام بە رێگای دوو لیژنەوە، دارایی و یاسایی، لە سنووری ناوچەكە هەموو زەرەر و زیانەكانی هاووڵاتیان تۆمار دەكەین و، داوایشمان لە هاووڵاتیانی ناوچەی مەخموور كردووە ئەوانەی كە زیان بە بەر ماڵ و موڵكیان كەتووە، سەردانی ئەم لیژنانە لە بارەگای قایمەقامیەتی مەخموور بكەن و داوكاریی خۆیان پێشكەش بە لیژنەكان بكەن. ئەم لیژنانە هەموو داواكاری هاووڵاتیان وەردەگرن و دیراسەت دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا قەرەبوو بكرێنەوە".
جگە لەمەش دەستگای خێرخوازیی بارزانی و كۆمەڵێك لە سەرمایەدارانی كورد لەم ناوچەیە هاوكاریی خەڵك و هێزی پێشمەرگەیان كردووە و رۆژانە خۆراك و خواردەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەكەن. هەروەها لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی عیراقی فیدراڵەوە لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك هاوكاری لە بەشی خۆراك پێشكەش بە هاووڵاتیانی شاری مەخموور كراوە.
کێشەکان وهەوڵی چارەسەریان
سەبارەت بە كێشەكانی ناوچەكە، قایمەقامی مەخموور رایگەیاند "لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم دۆخە دوو كێشەی سەرەكی دروست بوون ئەویش كێشەی ئاوی خواردنەوە و كێشەی كارەبایە. بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو، دوای سەردانی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بۆ ناوچەكە و داڕشتنی بەرنامەیەك بەمەبەستی چارەسەری، دەستمان كرد بە لێدانی بیری ئاو و راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ئاوە بكەینەوە كە پێشتر لە سۆڵتان عەبدوڵڵا و قەراج بۆ مەخموور دەهات و توانیمان تارادەیەك كێشەكە چارەسەر بكەین."
دەربارەی كێشەی كارەبایش کە لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادان، گوتی، بەشێكی زۆری هێڵەكانی كارەبا پچڕابوون و هەموو فەرمانبەرانی كەرتی كارەبا لە كورد و عەرەب رۆیشتبوون. فەرمانبەرە عەرەبەكان نەگەراینەوە و فەرمانبەرانی كوردیش زۆربەیان كێشەی هاتووچویان هەیە چونكە بەتەواوەتی نەگەراینەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنی خۆیان و رۆژانەش ناتوانن بێنە دەوام، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تارادەیەكی باش تیمەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی هێڵەكانی كارەبا ئەم گرفتەیان چارەسەر كردووە.
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی، (ئیبراهیم شێخەڵڵا) ئاماژەی دا كە "ستافی كەرتی تەندروستی لە مەخموور لە دوو بەش پێك هاتوون، بەشێك سەر بە مووسڵ بوو كە لەگەڵ ئەم رووداوانە هەموو كارمەندەكانی رۆیشتوونە و نەگەراونەوە و بەشێك سەر بە هەولێر بوو كە كارمەندەكانی لەكاتی شەڕیش ئامادەبوونێكی باشیان هەبوو و ئێستایش بە هەمان شێوە بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان و، لە رووی تەندروستییەوە مەخموور كێشەیەكی ئەوتۆی نییە".
سەبارەت بە زەرەر و زیانەكانی دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێم لە ناوچەكە رایگەیاند "چەكدارانی داعش زۆربەی دەرگا و پەنجەرەكانی بیناکانی ئەم دەستگایانەیان شكاندبوون و بەشێك لە كەلوپەل و بڕێك لە پارە لە هەردوو فەرمانگەی تێبینەری خانوبەرە و شارەوانی و هەندێك كەلوپەلی تر لەگەڵ چوار ئۆتۆمبێلی ئاگركوژینەوە و بڕێكی سووتەمەنیان بردووە".
سەبارەت بە سایلۆی مەخموور، کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی کۆکردنەوەی دانەوێڵەی جووتیاران، گوتی "هەندێك زەرەری ماددی بە ئیدارە و بەشەكانی كەوتووە، بەڵام دوور بووە لە گەنم و دانەوێلە و جووتیارانیش، بەتایبەتی ئەوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەنم و دەنەوێڵەیانی لێ وەرگرتووە، دڵنیا دەكەینەوە كە لە رێگای وەزارەتی بازرگانییەوە لە هەوڵی ئەوەداین بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بكەین بە پێدانی پارەی گەنم و دانەوێڵەكانیان."
سەبارەت بە كێشەی سووتەمەنی و بەنزین لە ناوچەكە، (ئیبراهیم شێخەڵڵا) گوتی كه دوو وێستگەی دابەشكردنی بەنزین ئێستا لە ناوچەكە بەنزین بە هاوولاتیان دەدەن و لە ماوەیەكی كەمیشدا بەنزیخانەی حكوومی لە مەخموور دووبارە دەكرێتەوە و دەست بە دابەشكردنی بەنزین دەكات بۆ هاووڵاتیان.
ناوچەی مەخموور كە لە قەزای مەخموور و ناحیەكانی گوێر و كەندیناوا و قەراج پێك هاتووە، بەپێی ناسنامەی باری شارستانی و كارتی خۆراك، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی دووسەد هەزار كەس دەبێت و رێژەی كورد لەم ناوچەیە 75 لەسەد زیاترە. ئێستا زیاتر لە 90 لەسەد لە خاكی ناوچەكە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە رزگار كراوەتەوە و هێزی پێشمەرگە لە زۆربە ئەو شوێنانەیە كە پێش هاتنی چەكدارانی رێکخراوی داعش لێی بووە، رۆژانەش لە پێشرەویدان بە مەبەستی زیاتر كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە و پاكکردنەوەی لە چەكدارانی ئەم رێکخراوەیە.




