ئەڵمانیا بڕیاری دا.. مووشەکی دژەتانک بۆ پێشمەرگە دەنێرێت

هەولێر-KDP.INFO- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا، بە مووشەکی دژەتانک، توانا سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەهێز بکات، تا لە ڕێیەوە بەرەنگاری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ببێتەوە.
حکوومەتی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی تایبەتدا بە سەرۆکایەتیی (ئەنگێلا مێرکڵ)، کە ئەم ئێوارەیە ساز درا، بڕیاری دا، مووشەکی دژەتانک و چەکی ئۆتۆماتیکیی پێشکەوتوو، بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بنێرێت، وەک پشتیوانییێک بۆ جەنگی کورد دژ بە داعشی تیرۆریست. ئەم هەواڵە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕاگەیەنرا کە بۆ هەریەک لە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا(فڕانک شتاینمایر) و وەزیری بەرگری(فۆن دیر لاین)، پاش کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەی حکوومەت، ساز درابوو.
بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکرا کە ئەو چەکانە کەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێن. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ، وەها پێدەچێت ڕەوانەکردنی ئەو چەکانە، پاش کۆبوونەوەی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بێت، کە تایبەتە بە پرسی پڕچەککردنی پێشمەرگە. هاوکات وەهایش چاوەڕوان دەکرێت، پرسی ناردەکردنی چەک، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لێ بدرێت.
زریان زیاد




