شتاینمایر: دانی چەک بە پێشمەرگە تایبەت و پێویستە

هەولێر-KDP.INFO- لە میانەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەورووپا کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی پلانی حکوومەتەکەیان بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیدا، وەزیری دەرەوە(فڕانک فاڵتەر شتاینمایر) گوتی، ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەی "تایبەت و پێویستە."
(شتاینمایر) هاوکات سووربوونی حکوومەتی وڵاتەکەی لەسەر پلانی پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیاند و گوتی، "پێویستە بۆ ئەو دۆخە تایبەتە ڕێوشوێن بگرینە بەر، چونکە میلیشیای ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی پێشرەوییان کردووە."
ئەو وەزیرەی کە سەر بە حیزبی سۆشیالدیموکراتەکانی هاوبەشی هاوپەیمانی فەرمانڕانە، زیاتر گوتی، "لەبەر ئەو هۆکارەیە کە ئەڵمانیا بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە"، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیشی وەها وێنا کرد کە "گەڕانەوەیە بۆ بەربەرییەت لە جیهاندا، کە ئێستا دەیانەوێ دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن."
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "DW"، ئەم ئێوارەیە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا (ئەنگێلا مێرکڵ) کۆبوونەوەی وزاری پێوەست بە ڕەوانەکردنی چەکی ئەڵمانیایی بۆ عێراق ساز دەدات. بەڵام (شتاینمایر) بە دووری زانی هێزی چەکداری بۆ شەڕکردن لە عێراق ڕەوانە بکات.
سبەی دووشەممەیش پەرلەمانی ئەڵمانیا(بۆندیستاگ) دانیشتنێکی تایبەت بە پلانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی ئەڵمانیایی دەخاتە بەر باس، کە مەبەست لێی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگەیە بۆ جەنگی دژ بە داعش.
زریان زیاد




