٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کۆبوونەوە و وەرگرتنی چەک بۆ پێشمەرگە لە ئەورووپایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە فینلاندان، وەها بریارە سەردانی وڵاتی چیک و چەندین وڵاتی ئەورووپایی دیکە بکەن، بۆ پشتیوانی و وەرگرتنی یارمەتیی ئەو وڵاتانە و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم لە رووی سەربازی و لۆجستیکییەوە.
لەسەر ڕۆشنایی پلانێکی هەمەلایانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان و بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی ئەورووپایی و بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە دواپەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی چەندین وڵاتی ئەورووپایی، شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کە پێک هاتووە لە هەریەک لە (فەریق شیروان عەبدورەحمان عەلی، فەریق جەبار یاوەر مەندە، عەمید روکن هەژار) لە وڵاتی فینلاندان.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕی "وتەبێژ" شاندەکە جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و پارلەمانی وڵاتی فینلاندا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندام گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پاراستنی هەرێم فەریق (جەبار یاوەر مەندە)، سیمنیارێکی لەسەر تیرۆر و مەترسییەکانی داعش   لەسەر کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی پێشکەش دەکات و، تیایدا باس لەدواپەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکان  و رەوشی ئەو ناوچانەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان هەیە دەخاتە روو.
لەو سەردانە فەرمییەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە پەیامی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگەیەنرێت، کە برییتە لە ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی پاراستنی هەرێم، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان. ئامانجی گشتیی ئەم سەردانە ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی ئەورووپاییە لە هەڕەشەکانی داعش کە هەڕەشەی  گەورە و مەترسیدارن بۆ سەر ئەمنی ناوچەکە و جیهان، بۆیە پێویستە لە ڕووی چەک و کەرەستەی سەربازییەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم بدرێت، جگە لەوەش داوا لە وڵاتانی ئەورووپایی دەکرێت بە هانای خوشک و برا ئێزدی و مەسیحی و کاکەییەکان و هەموو پێکهاتە ئەتنیکی و ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستانەوە بێن، کە بە هۆی پەلاماری گرووپە تیرۆریستەکان دووچاری کارەساتی مرویی بوونەتەوە.
بریارە شاندەکە بە فەرمی و بە هەمان مەبەست، سەردانی وڵاتی چیک و چەندین وڵاتی ئەورووپایی دیکە بکەن، بۆ پشتیوانی و وەرگرتنی یارمەتیی ئەو وڵاتانە و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم لە رووی سەربازی و لۆجستیکییەوە.
بۆ زیاتر زانین لە بارەی ئەم بەرنامە و پلانە هەمە لایەنەی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێم و وزارەتی پێشمەرگە، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، پرۆسەی روونکردنەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە سەر ئاساییشی  ناوچەکە بە گشتی بۆ گشت کۆنسووڵگەریی وڵاتانی جیهان لە کوردستان و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێ کرد، کە بووە مایەی دابینکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی پشتیوانیێکی نێودەوڵەتیی گەورە بۆ کوردستان، بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان.


 

هەواڵی پەیوەندیدار