محەممەد ئیحسان: جیا لە دیاریکردنی رۆژێک بۆ ڕاپرسی، هەر ڕێککەوتنێکی دی، کات کوشتن و یاریکردنە بە قسەوە

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە، باوەڕی وایە، جیا لە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕیفراندۆم بۆ ناوچە کوردستانییەکان، هەر ڕێککەوتنێکی دی لەو چوارچێوەیەدا، دەچێتە خانەی کاتکوشتن و یاریکردن بە قسەوە.
درهبارهی گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری کوردستان لە بەغدا و تایبەت بە ماددەی 140 (د. محەممەد ئیحسان) بۆ KDP.info دوا و جهخت دهکات، پێویستە شاندی کوردستان، پێداگری بکات لەسەر دیاریکردنی رۆژی ڕاپرسی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140، ئەگەر ئەوەیش نەکرا، هەموو شتێکی تر کوشتنی کاتە و یاریکردنە بە قسە. دەشڵێت، "لە ماددەی 58 کارم لەسەر ئەم بابەتە کردووە، دەڵێم دواتر هیچ ناکرێت و هەمان کێشەمان تووش دەبێتەوە و مێژوو دیسان خۆی دووبارە دەکاتەوە."
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە(د. محەممەد ئیحسان) گوتی: "پێویستە شاندی دانوستانکاری کوردستان باسی دیاریکردنی رۆژی ڕاپرسی بکات لەگەڵ لە بەغدا، نەڵێت ماددەی 140، چونکە ئەگەر گوتیان ماددەی 140 بەپێی ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان جێبەجێ دەبێت، من ئەمڕۆ گەرەنتیی دەدەم کە بەغدا راست ناکات و جێبەجێی ناکات.. دەبێت لەئێستادا و پێش درووستبوونی کابینەی نوێ، شاندی کوردستان رۆژی ڕاپرسی لەگەڵ لایەنەکانی عێراق یەکلا بکاتەوە، ئەگەرنا من بە ئەزموونی چەندین ساڵەم کە لە ماددەی 58-دا کارم لەسەر ئەم بابەتە کردووە، دەڵێم دواتر هیچ ناکرێت و هەمان کێشەمان تووش دەبێتەوە و، مێژوو دیسان خۆی دووبارە دەکاتەوە."
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە پێشنیاز دەکات، "لەم قۆناخەدا رۆژێک بۆ ڕیفراندۆم دیاری بکرێت، تا ئەو ماوەیەیش کورد بتوانێ ئەو کارانەی کە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140-دا ماون، وەک ئاساییکردنەوە یان گۆڕانکاریی سنووری ئیداری، جێبەجێی بکەین و، پێویستە بشگوترێت، ئەو رۆژەی کە بۆ ڕاپرسی دریاری دەکرێت، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، ئەمری واقیعی کورد فەرز دەبێت و کورد لە ڕووی ئێداری و سەربازییەوە لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت."
سەبارەت بە داوای دانی گەرەنتی بە کورد بۆ هەموو ئەو پرسانەی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتیش ماددەی 140 (ئیحسان) گوتی: "گەرەنتی چییە؟ هیچ گەرەنتیێک لە دنیادا لە دەستوور بەهێزتر نییە.. پێویستە کورد پێداگری بکات لەسەر دیاریکردنی رۆژی ڕاپرسی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140، لەگەڵ دیاریکردنی رۆژەکەیش خۆمان ئامادە بکەین، ئەگەر ئەوە نەکرێت، دەڵێم هەموو شتێکی تر کوشتنی کاتە و یاریکردنە بە قسەکردن و دووبارەکردنەوەی مێژووە."
(محەممەد ئیحسان) جەختی کردەوە: "هیچ لایەنێک و هیچ کەسێک بەقەدەر ئێمە ئیشی لەسەر ئەم دۆسێیە نەکردووە.. ئێمە لە هەموو کەس زیاتر ئیشمان لە ماددەی 140-دا کردووە، نەک لێدوان و قسەی زل.."، دووپاتیشی کردەوە کە، "پێویستە هەموو لایەنەکانی کوردستان، ڕای خۆیان لە دەستنیشانکردنی مێژوویەکی نوێ بۆ ئەو ناوچەنە، بسەپێنن."




