وەزارەتى پێشمەرگە خۆبەخشەکان ڕێک دەخات و ئەرکیان پێ دەسپێردرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، خەڵکانێکى زۆر بە خۆبەخش هاوشانى پێشمەرگە لە سەنگەردان و خەڵکانێکى زۆریش ئامادەییان دەربڕیووە بۆ چوونە ناوهێزەکانى پێشمەرگە، گوتیشی، وەزارەتى پێشمەرگە لە هەوڵى رێکخستنەوەیاندایە لە چوارچێوەى هێزێکدا.
لەبارەى ڕێکخستنى ئەو کەسانەى کە وەک خۆبەخش هاتوونەتە ناو ڕیزەکانى هێزى پێشمەرگەوە، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان(عەبدوڵا حاجى مەحموود) لە لێژنەى پێشمەرگە بۆ KDP.info ڕوونی کردەوە: "وەزارەتى پێشمەرگە لە ڕێگاى سیستمێکەوە، ئەو خۆبەخشانە لە یەک فەوجدا کۆ دەکاتەوە، ئەوەش بە چەند قۆناخێک دەبێت، قۆناخى یەکەم: ناونووسکردنى خۆبەخشەکان، قۆناخى دووەم: لێکۆڵینەوە لە پەراوەکان، قۆناخى سێیەم: بەپێى تەمەن دابەشیان دەکەن، چونکە بەشێکیان تەمەنیان زۆر کەمە و بەشێکیشیان زۆر بەتەمەنن، قۆناخى چوارەمیش: بەپێى پلەبەندنیى قۆناخەکان ئەرکیان پێ دەسپێردرێت".
زیاتر ڕوونی کردەوە، "چەند پرۆژەیەک خراونەتە بەردەستى حکوومەت بۆ یەکخستنەوەى تەواوى هێزى پێشمەرگە، کە لەداهاتوودا بەپێى واقیعى هەرێمى کوردستان دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە."
لە ئێستادا خەڵکانێکى زۆر بە شێوەى خۆبەخش پەیوەندییان بە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانەوە کردووە، بەڵام هیچ ئامارێک لە بەردەست نییە.




