وەزیری پەروەردە: بڕیار سەپاندن قبووڵ ناکەین.. بە ھیچ جۆرێک خوێندن دوا ناخرێت

ھەولێر-KDP.INFO - وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ھیچ جۆرێک وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دوا ناخرێت و لە کاتی دیاریکراویدا دەست پێ دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(د.پشتیوان سادق) ڕێک خرا و، تەوەری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەکە تایبەت بوو بە رەتکردنەوەی ئەو ھەواڵانەی گوایە کاتی دەوامی خوێندن لە قوتابخانەکان دوا دەخرێت، تێیدا وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە، کاتی دەوامی قوتابی و خوێندکاران لە 10/9/2014 وەک ساڵانی پێشوو دەبێت و ھەروەھا کاتی تاقیکردنەوەی 12 ئامادەیی لە 21/9/2014 دەبێت، ئەم بڕیارانەیش پاش دیراسەی ورد بووە.
وەزیری پەروەردە روونیشی کردەوە، ھەر بڕیار سەپاندنێک لە ھەر جێگایەک جێگای قبووڵ نییە و وەزارەت بە پشتبەستن بە ئەرکی ئیداریی خۆی و پاڵپشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکانی خۆی دەدات.
هاوکات ئاماژەی دا، سەرباری ئەوەی کە لە سنووری پارێزگای دھۆک بە ھۆی ئەوەی لێقەوامانی ئەو بارودۆخەی دوایی لە ھەندێک قوتابخانە نێشتەجێ بوون، بەڵام ھیچ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوشی خوێندنی نابێت.
سەبارەت بە مووچەیش وەزیری پەروەردە، بە دووپاتکردنەوەی گوتەی سەرۆکوەزیران کە مووچەی ھیچ فەرمانبەرێک نافەوتێت، جەختی لە قەیرانی مووچە کردەوە.
باسی لەوەش کرد، ھیچ کۆسپێک رێگا ناگرێت لە خوێندن و پیرۆزبایی دەسپێکی خوێندنیشی لە سەرجەم قوتابی و خوێندکارەکان کرد .
ئاماژەیشی دا، پلانی باشتر لە رێگایە بۆ چارەی ھەر ئەگەرێک و باشترکردنی ڕەوشی پەروەردە لە سەرجەم بەشەکانی ئاستی خوێندندا.
بڵند ئیبراھیم




