زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لە دهۆكن و لەلایەن حكوومەتی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كۆمەك دەكرێن

دهۆك-KDP.INFO- دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆرستیی داعش قەزای شنگال و چەند ناوچەیەكی تری داگیر كرد، پارێزگای دهۆك زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرت كە پێویستیان بە شوێنی حەوانەوە، خواردن، ئاو، دەرمان و پاراستن هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە هەوڵی دابینكردنی پێداویستییەكانیاندان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان پڕۆسەیەكی هاوبەشیان بە مەبەستی زانینی ژمارەی سەرەتایی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا و دەركەوت كە هەر لە سەرەتای ساڵی 2014-ەوە تاكو ئێستا نزیكەی 850,000 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان ئاوارە بوون، بەشی زۆری ئەم ژمارەیەیش لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێ بوون كە رێژەی 64% لە كۆی ژمارەی ئاوارەكان پێك دەهێنێت.
هەر لەو ڕێژەی ئاوارانە، 170.544-یان لە سنووری هەولێرن و 133،920-یشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
لە كۆی 1,800,000 ئاوارە لە عێراقدا، زیاتر لە 600,000 كەس تەنیا لە مانگی ئابدا ئاوارە بوون. ئەو زیادبوونە هۆكاری سەرهەڵدانی توندوتیژی و ناجێگیریی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراقدایە بە تایبەتی لە پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە و ئەنبار.
دواژمارەكان كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر سەرپەرشتیی وەزیری پلاندانان و رێكخراوی كۆچی جیهانی (IOM) كۆ كراونەتەوە، دەریان خستووە كە ئاوارەكان لە زیاتر لە 1000 شوێن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا نیشتەجێ كراون.
هاتنی زیاتر لە 850,000 كەس بۆ هەرێمی كوردستان لە دوای هاتنی نزیكەی 226,000 پەناهەندەی سووریا كە لە لایەن رێكخراوی پەنابەرانی جیهانی (UNHCR) تۆمار كراون و نزیكەی 325,000 كەس لە ناوچەكانی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەر لە 2014 كە كۆی گشتییان دەگاتە نزیكەی 1,400,000 كەس، ئەمەیش بێگومان بارگرانییەكی زۆر دەخاتە سەر خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
پارێزگای دهۆك بە هەر 7 قەزاكەیەوە زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لە خۆ دەگرێت كە پێویستیان بە شوێنی حەوانەوە، خواردن، ئاو، دەرمان و پاراستن هەیە دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆرستیی داعش قەزای شنگال و چەند ناوچەیەكی تری داگیر كرد. تەنیا لە مانگی ئابدا، 89% ی كۆی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە.
بە هۆی خێرایی و گەورەیی قەبارەی ئەم شەپۆلانەی ئاوارەبوون و دابەشبوونیان بەسەر زۆر شوێنی جیاجیا لە هەرێمی كوردستان، پڕۆسەی ژماردنی ئاوارەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كارێكی ئەستەم بوو. هەر چەندە ئەنجامدانی پڕۆسەی ژماردن لە 10 رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی نزیك لە ژمارەی راستەقینەدا خستە بەردەست، بەڵام وەزارەتی پلاندانان بەرنامەی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی (سەرژمێریی سەرتاسەری ئاوارەكان و پەناهەندان لە هەرێمی كوردستان) لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ بەدەستهێنانی داتای تەواو لە ژمارە و پێداویستییەكانی ئاوارەكان. ئەم پرۆسەیەیش بە هاوكاریی تەواوی دارایی و تەكنیكی رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجام دەدرێت.
لە بارەی ئەم پڕۆسەیەوە، وەزیری پلاندانان (د. علی سندی)رایگەیاند كە، "ئەمە یەكەم هەنگاوە كە زۆر كرنگە بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان بۆ ئەو كەسانەی كە لە رەوشێكی زۆر دژواردان. ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكەین بۆ دیاریكردنی ئەوەی لە تواناماندایە لەگەڵا هاوكارانمان ئەنجامی بدەین. لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ستراتیژییەتێكی تەواو روونمان دەبێت، بەڵام راستییەكەی ئەركەكان زۆر سەختن. لە ئێستادا بەردەوام دەبین لە دروستكردنی كەمپ بۆ زۆرترین ژمارەی ئاوارەكان".
نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاریی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە دابینكردن و گەیاندنی هاوكاریی بەپەلە بۆ ئاوارەكان و هەوڵەكانی چڕتر كردووە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ئاوارەكان لە سەرتاسەری عێراق.
جێگری رێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق (كێڤن كەنەدی) دەڵێت، "ئەمە ئەركێكی سەختە و نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوبەشەكانی لە رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان بە تەواوی پابەندن بە بەدەنگەوەهاتنی ئەم بارودۆخە. هەزاران تەن هاوكاری گەیەندراوە بۆ ئاوارەكان و سەدان كارمەندی UN گەیشتوون بۆ هەرێمی كوردستان لەم قەیرانەی ئێستای عێراقدا. پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی كارێكی ئاسان نییە لە عێراق لەبەر بارودۆخی ئەمنی و گەورەیی قەبارەی ئاوارەبوون، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هاوكاریی بێوێنە و لە نزیكەوە سەرپەرشتیكردنی كارەكان زۆر یارمەتیمان دەدات. ئەم قەیرانەی ئاوارەبوون هاوشێوەی كۆڕەوی ساڵی 1991 سەخت و دژوارە، بۆیە پێویستە هەموو لایەك بە هەستێكی لێپرسراویەتی بەدەنگەوەی بێت بە مەبەستی رێكخستن و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی پێویست".




